چەوری جگەر

چەوری جگەر نەخۆشییەکە کە تووشی جەرگ دەبێت، ھۆکاری ئەم نەخۆشییە کۆبوونەوەی چەورییە لە جەرگدا، جەرگی چەور زیاتر لە کەسانی قەڵەودا دەبینرێت، ھەروەھا لەوکەسانەیدا کە زیادەڕەوی دەکەن لە خواردنەوەی كحووڵدا . چەوری لە جگەردا ئاسایییە، بەڵام ئەگەر ئەو بڕە چەورییە لە سەدا ٥ بۆ ١٠ی کۆی کێشی جگەر تێپەڕ بکات، کەسەکە نەخۆشی جگەری چەوری دەگرێت. هۆکاری سەرەکی نەخۆشی جەرگی چەور نەزانراوە، بەڵام ژمارەیەک لە نەخۆشییە پزیشکییە دیاریکراوەکان بە هۆکارەکانی ژێرەوە ناوی دەبەن.

د. ئالان شوان، باس لە نەخۆشی چەوری جگەر دەکات و دەڵێ: ئەم نەخۆشییە چەندین قۆناغی هەیە و قۆناغە کۆتاییەکانی ئەم نەخۆشییە جێی مەترسین. بەداخەوە زۆرینەی خەڵک تووشی حاڵەتی سووکی ئەم نەخۆشییە بوون و پشت گوێی دەخەن و ئەوەش مەترسییەکە جدیتر دەکاتەوە. هیپاتیتی ناکحولی جۆری پێشکەوتووی NAFLDە و لە ئەنجامدا جگەر تووشی ورووژان دەبێ و بە بەردەوامی جگەر بریندار دەکات. هەڵبەت لەم حاڵەتەشدا جگەر ئەرکەکانی خۆی ئەنجام دەدات. بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان ئەگەر میزی کەسێک لێڵ بێت مەترسیی تووشبوون بە جگەری چەوری لەسەرە. زەردیی چاو، شین بوونەوەی پێست، بوونی خوێن لەناو رشانەوەدا، پیسایی و میزی لێڵ، سەرگێژبوون و خورانی پێست بەشێکن لە نیشانە گرنگەکانی ئەم نەخۆشییە. هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانی بەرگیری لە پێشڕەوی NAFLD بکەیت و بە خۆراکی گونجاو و لایف ستایلێکی تەندروست دەکرێ جگەر بێتەوە سەر دۆخی نۆرماڵ.
دەشڵێت: هەوڵ بدرێت سیستمی خۆراکەکان بەم شێوەیە بێت وەکوو، خواردنی ئەو کاربۆهیدراتانەی ریشاڵیان زۆرە. نەخواردنی ئەو خواردنانەی شەکریان زۆر تێدایە بۆ نموونە کۆلا. پارێز بکەن لە زێدەڕۆیی لە خواردنی چەوریدا. شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکەن. هەروەها كحووڵ هۆكارێكی سەرەكی هەوكردنی جگەرەو بۆی هەیە لە ماوەیەكی درێژدا ببێتە بەڕیشاڵبوون و پەككەوتنی جگەر.
ئەو دکتۆرە باس لە هۆکار و لێکەوتەکانی نەخۆشی چەوری جگەر دەکات و دەڵێت: لە دۆخی ئاساییدا، بڕێكی زۆر كەم، یاخود چەوری لە جگەر نابینرێت، هەندێك كەس چەوری زێدەی لە جگەردا كۆدەبێتەوە، كە لای خەلك بە چەوری جگەر دەناسرێت، هەر كاتێك ٪٥-١٠ لە كێشی جگەر بوو بە چەوری، ئەو كاتە بە حالەتی چەوری جگەر دەناسرێت. لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا نزیكەی ٪٢٥ی دانیشتووان حاڵەتی چەوری جگەریان هەیە، بەشێكی زۆر لەو كەسانە ئاگادارنین، كە ئەو چەوریەیان هەیە. چەوری جگەر لای زۆربەی كەسەكان هیچ نیشانەیەك دروست ناكات و زۆربەی حاڵەتەكان بە ڕێكەوت لە رێگەی پشكنینی خوێن یاخود سۆنار، كە بۆ مەبەستی نەخۆشیەكی تر بۆ كەسەكە دەكرێت، بەدیار دەكەوێت. بەشێكی كەم لەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان هەیە تووشی هەوكردنی جگەر دەبن، لەو كاتانەدا لە پشكنینی خوێندا ئەنزیمەكانی جگەر بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوەو بۆی هەیە وا لەنەخۆشەكە بكات هەست بە ماندووبوون و سك ئێشە بكات. بەشێكی زۆر كەم لەو نەخۆشانەی، كە بەشێوەیەكی تووند تووشی هەوكردنی جگەر دەبن، بۆی هەیە لەماوەیەكی درێژدا دووچاری ریشاڵبوونی جگەر ببن، كە ئەمەش حاڵەتێكی ترسناكەو ئەگەر نەخۆشەكە چارەسەر وەرنەگرێت بۆی هەیە ببێتە پەككەوتنی جگەر، لەو حاڵەتەدا كۆمەڵێك نیشانە لە نەخۆشەكە دەردەكەوێت و دەبێت لە نزیكەوە لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆر چارەسەری وەربگرێت. چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانەی، كە كێشیان زیادە یان قەڵەون، بە تایبەت لەو كەسانەی ورگیان گەورەیە بەدیاردەكەوێت، هەروەها هەندێك نەخۆشی تر هەیە ئەگەری تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەكات، وەك نەخۆشی شەكرەو ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە، بە تایبەت چەوری سیانە. هەوكردنی جگەر بەهۆی چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانە بەدیار دەكەوێت، كە لەنێوان تەمەنی ٤٠ تا ٦٠ ساڵیدان، هاوكات ئەو منداڵانەش، كە كێشیان زیادەو قەڵەون ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە. تێبینی كراوە ئەو كەسانەی قەڵەون و بە شێوەیەكی خێرا كێشیان دادەبەزێنن، ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە. چارەسەری چەوری جگەر پەیوەستە بە گۆڕانكاری لە ژیانی نەخۆش، نەخۆش دەبێت لە پاڵ وەرزش، پەیڕەوی سیستەمێكی خواردنی تەندرووست بكات، ئەوانەی كێشیان زۆرە بەتایبەت ورگیان هەیە، دەبێت هەوڵ بدەن بە شێوەیەكی تەندرووست كێشیان دابەزێنن، بەشێوەیەك لەهەفتەیەكدا لەنیو بۆ یەك كیلۆ زیاتر نەبێت، ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، دەبێت بەشێوەیەكی باش شەكرەكەیان كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە بۆی هەیە پێویستیان بە دەرمان بێت بۆ دابەزاندنی چەوری سیانە، لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكاندا دوای پەیڕەوكردنی رژێمێكی خواردنی تەندروست و دابەزاندنی كێش، چەوری جگەرو مەترسیەكانی نامێنێت. تا ئێستا دەرمانێكی دیاریكراو بۆ چارەسەری چەوری جگەر نیە، بەڵام دەكرێت جۆرێك لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشی شەكرە بەكاردەهێنرێت، بۆ بەشێك لەو نەخۆشانەش بەكاربهێنرێت، كە تووشی هەوكردنی جگەر بووینە، دیارە ئەوەش دەبێت لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆردا بێت.

ھەواڵی زیاتر