سەرۆک بارزانی: تاوانانەکانی دژی خەڵكی كوردستان دەرئەنجامی عەقڵییەتی شۆڤێنی سەردەمی پێشووی عێراق بووە

سه‌رۆك بارزانی پەیامێكی  لە یادی چل و یەك ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییدا هاتووه‌،بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان،ڕژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی12هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت، لە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە، ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.