سێ یەکەی کلینیکی گەڕۆک ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی کرا

ڕێکخراوی “یو ئێن ئێف پی ئەی” سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ یەکەی کلینیکی گەڕۆکی ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی “یو ئێن ئێف پی ئەی” سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سێ یەکەی کلینیکی گەڕۆک، کە ئەمبولانسێکی تایبەتە بەتەواوی پێداویستییە پزیشکییەکان، بۆ ئەوشوێنانەی کە ڕووداو یان کارەساتێک تێیاندا ڕوو دەدات و خزمەتگوزاریی تەندروستیان پێ ناگات، ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیان کرد.

سامان بەرزنجی گوتیشی: ئەو ڕێکخراوە، لەکاتی کۆرۆنا چەند جارێک پێداویستیی پزیشکیی بۆ ئێمە دابین کردووە، هەروەها نەخۆشنخانەی لەدایکبوون و منداڵانی هەڵەبجەی نۆژەن کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوو بەشی گرنگی تەندروستی کرایەوە، ئەوانیش بەشی فریاکەوتن لە ناحیەی سەنگەسەر، هەروەها بەشی دووەم دروستکردنی بەشی فریاگوزاری ژمارە 122 بوو، کە ئامانجمانە بەیەکسانی خزمەتگوزارییەکان دابین بکەین. خزمەتگوزاریی 122 ڕۆلێکی کاریگەری هەیە لە بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان، لە ڕێگەی تیمەکانی پزیشکی بۆ چارەکردنی مەیدانی.

دەشڵێت: سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیەمان کردووە، ئەو بەشە بیناکەی دروست کراوە، بەڵام پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پزیشکییە؛ ئێمە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین تاوەکوو لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە کار خزمەتی هاووڵاتییان.

ھەواڵی زیاتر