چۆن خۆت و منداڵەکانت لە کاتی مەلەکردندا بە سەلامەتی دەهێڵیتەوە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

مەلەکردن جگە لەوەی بە وەرزشكردن هەژماردەكرێت، لە هەمانكاتدا یەکێکە لەو بژاردە سەرگەرمکەرانەی کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت کاتێکی خۆش لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت بەسەر بەریت.

ئەم وەرزشە پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئامادەکاری هەیە پێش ئەوەی دەست بە مەشقکردن بکەیت و دیارترینی ئەم ڕێکارانەش ئەمانەن:

  • پێش دەستپێکردنی مەلەکردن هێماکان بخوێنەرەوە چەندین هێمای ڕێنمایی هەیە بۆ مەلەوانگە، کە دەبێت گەورەکان وریا بن لە خوێندنەوەی پێش ئەوەی دەست بە مەلەکردن بکەن، چوونکە کۆمەڵێک ڕێسا و ڕێنمایی تایبەت بە سەلامەتی گشتی لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە ڕێنماییە تایبەتەکان بۆ پاكوخاوێن ڕاگرتنی مەلەوانگەكان.
  • ئەرکی دایکو باوکانە کە ئەم ڕێنماییانە فێری منداڵەکانیان بکەن بە شێوەیەکی گونجاو کە دڵنیابێت لەوەی منداڵەکانیان ئاشنا دەبن بە بنەماکانی سەلامەتی گشتی مەلەکردن بە شێوەیەکی ئاسان.
    *بە وریاییەوە بە دەوری حەوزەکەدا بڕۆن بەزۆری ناوچەی دەورووبەری حەوزەکە زۆر خلیسکە؛ بەهۆی بوونی ئاو لەسەر ڕووی مەلەوانگە، دەبێت ئاگاداری بکرێتەوە لەکاتی ڕۆیشتن بەدەوری مەلەوانگەکەدا، بۆ ئەوەی مەترسی خلیسکان و ڕووداوی نەخوازراو دروست نەبێت.
  • ئاگاداربە لە کاتی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە حەوز یان دەریا پێویستە بەوریاییەوە هەنگاوبنێیت، هەروەها ئاگاداری منداڵەكانتان بكەن بێ چاودێری خۆتان نەچنە ناو ئاو.
  • پێویستە دایک و باوکەکان هەوڵی ڕێنماییکردنی منداڵەکانیان بدەن سەبارەت بە چۆنیەتی دەرچوون یان چوونە ناو حەوزەکە بە شێوەیەکی دروست، لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە مەلەکردن لە حەوزەکەدا جیاوازە لە دەریا.
    دیارترین ئامۆژگارییەکان:
    1-دڵنیابە لە بەکارهێنانی وانە تایبەتەکان بۆ فێرکردنی منداڵان لە بواری مەلەکردن لە دەرەوە.
    2-دڵنیابە لەوەی کە منداڵان بە درێژایی ماوەی مانەوەیان لە ئاوەکەدا بە وردی چاودێری دەکرێن و ئەگەر شتێکی مەترسیدار ڕوویدا، دەبێت دەستبەجێ تیمی فریاگوزاری ئاگادار بکرێتەوە.
    3-دڵنیابە لە مەلەکردن لەگەڵ خەڵکدا و بەتەنها نەبیت، بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو پارێزگاریت لێبکەن.
    4- لەکاتی مەلەکردندا منداڵان بە تەنیا لە حەوزەکەدا بەجێ نەهێڵن، چوونکە ئەمە ڕەنگە بیانخاتە مەترسیی خنکان.
    5- دڵنیابن لەوەی کە منداڵەکە لەگەڵ هاوڕێکانی مەلە دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت داوای یارمەتی بکات ئەگەر کێشەیەک لەگەڵیدا ڕوویدا.
ھەواڵی زیاتر