حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تووشبووەکە، “پیاوێکی تەمەن33 ساڵە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە. پیشەی ئاژەلداری بووە. ئێستادا لە ژێر چارەسەری پزیشکی دایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە “.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان (چوار) کەس تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوونە و یەکێکیان گیانی سپاردووە .

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای کۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1 بوونی تایەکی بەرز.

2 هەبوونی ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزبوون.

4 هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەسەرکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

ھەواڵی زیاتر