خۆراك وكاریگەری لەسەر سكچوون و ڕشانەوە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” گووتی” سكچوون بەهۆی گەرماوە زیاتر لەناو منداڵاندا دەبێت و گووتیشی” ئاساییە سكچوون و رشانەوە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا هەبێت، بەڵام پێویستە زوو چارەسەر بكرێت.

  • هۆكاری سكچوونی منداڵان لەوەرزی گەرمادا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • هۆكارەكەی ئاو و پیسی خۆراكی تێكچووە بەهۆی گەرماوە كە، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا زۆر زیاد دەكات.
  • ئاسای4یە هەموو وەرزێكی گەرما سكچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵاندا هەبێت؟
  • زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی سكچوون و رشانەوە لە وەرزی گەرمادا تاڕادەیەك ئاساییە، بەڵام بەردەوامی لە سكچوون و رشانەوە پاشهاتی مەترسیداری دەبێت و پێویستە زوو چارەسەر بكرێت.
  • گەر سكچوون و ڕشانەوە چارەسەر نەكرێت پاشهاتەكانی چی دەبێت؟
    •سكچوون و رشانەوە چارەسەرنەكرێن، ئەوا پاشهاتەكان سستبوونی گورچیلەكان و وشكبوونەوەی تووندی جەستەی بەدوادادێت بەتایبەت لەمنداڵاندا، دۆخی تووشبووەكە دەخەنە مەترسییەوە.
  • لەوەرزی گەرمادا خۆراك كاریگەری هەیە لەسەر سكچوون؟
  • بێگومان خۆراك كاریگەری سەرەكی دەبێت و پێویستە خۆراك تەنیا یەك ژەم بخورێت و دووبارە گەرم نەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ژەمێكی دیكەش گەرمكرایەوە ئەوا دەبێت بە باشی بخرێتە نێو ساردكەرەوە، تاوەكوو رێگری لە گەشەكردنی میكرۆبەكان بكرێت.
  • هۆكارێكی تایبەت هەیە بۆ سكچوون و ڕشانەوە بەدەر لەوەرزی گەرما؟
  • بەدەر لەوەرزی گەرما لە سەرجەم وەرزەكانی ساڵدا هۆكارەكانی سكچوون و رشانەوە وردەزیندەوەرەكان و ڤایرۆس و بەكتریا و مشەخۆرەكانن و هەروەها نەخۆشیی گەنم و جۆ و هەستیار بوون بە پڕۆتین و جۆرە خواردنێك و خواردنی شیرمه نیه كان و ژەهراویبوون و كۆڕۆنا و چەندین هۆكاری دیكە.
  • چۆن رێگری لە سكچوون و ڕشانەوە بكرێت؟
    رێگەی پێشگیریكردن لە سكچوون و رشانەوە بریتییە لە ئاوی كوڵێندراو واته بكوڵێندرێت و ساردبكرێتەوە ئینجا بەكاربێت .هەڵگرتنی خۆراك لەنێو ساردكەرەوە و پاراستنی لە پلەی گەرمیی بەرزو شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەجوانی و دەستشۆردنی بەردەوامی منداڵ و پاكوخاوێنی ئاودەست و گەرماو و بەكارنەهێنانی خاولی، پەرداخ و كەوچكی كەسانی دیكە و دووركەوتنەوە لە خۆراكی دەرەوە بەتایبەت خۆراكی سەر عەرەبانەكان و باش كوڵاندنی گۆشت و خۆراك.
  • لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون و ڕشانەوەدا چی بكرێت باشە؟
    لەكاتی دەركەوتنی نیشانەی تووند لەگەڵ سكچوون و رشانەوە ئەوا پزیشكی پسپۆڕ ببیندرێت و بە هەڕەمەكی دەرمان بۆ كەسی تووشبوو بەكارنەیەت، چوونكە هۆكارەكان جیاوازن و ئەمەش واتە چارەسەرەكانیش جیاواز دەبن.ن
  • نووستنی تەندروست كاریگەری هەیە لەسەر سكچوون و ڕشانەوە؟
  • نووستنی تەندروست بۆ منداڵ و كاتی نووستن و كاتی هەڵسان لە خەوی منداڵان دیاریكراوه و ژووری نووستن پێویستە پلەیەكی گەرمی گونجاوی هەبێت، نابێت پێش نووستن چا، كۆلا، چوكلێت، كۆفێ بدرێت بە منداڵ بەتایبەت لەكاتی سكچوون و ڕشانەوەدا دەبێت ئاوی زیادە بدرێت بەمنداڵ.
  • رێنمایت چیە بۆ دایكان و باوكان؟
    دەبێت زۆر ئاگاداری منداڵەكانیان بن لەوەرزی گەرمادا. ئاو و خۆراكی تەندروست بدرێت بەمنداڵ هەروەها ژووری نووستن پێویستە پلەیەكی گەرمی گونجاوی هەبێت واتا نابێ زۆر سارد یان گەرم بێت و نابێ لە ژووری نووستن منداڵ نابێت تەلەفزیۆنی تیادابێت.