قوربانیکردن لە چوارچێوەی رێنماییەكاندا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

قوربانیکردن سووننەتێکی ئایینییە و لە جەژنی قورباندا ئەنجامدەدرێت کە سەربڕینی ئاژەڵە لەدوای ئەنجامدانی نوێژی جەژنەوە دەستپێدەکات، تا کاتی خۆرئاوابوونی چوارەم رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت.

ساڵانە لە جەژنی قورباندا لە هەرێمی کوردستان هەزاران سەر ئاژەڵ دەکرێتە قوربانی و بەسەر فەقیر و هەژاراندا دابەشدەکرێت.
ئەمساڵیش ئاژەڵدار و گۆشتفرۆشەکان چاوەڕوانی جەژنن بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان و بەشێک لە قەسابخانە و هاووڵاتیيان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و قوبانیکردن نرخی گۆشت گۆرانکاری بەسەردا هاتووە و گرانبووە هەندێکیشیان دەڵێن” ئاژەڵی قوربانی مەرج و تایبەتمەندیی زۆری هەیە، بۆیە نرخی زیاترە لەوانی دیکە، ئەگەرنا نرخ بەرز نەبووەتەوە و وەکوو پێشتر وایە.”
لە ئایینی ئیسلامدا ئەو ئاژەڵانەی دەکرێنە قوربانی بریتین لە وشتر و مانگا و مەڕ و بزن، کە لە کاتی قوربانیکردندا چەند مەرج و تایبەتمەندیەک لە ئاژەڵەکاندا هەیە دەبێت ڕەچاو بکرێت، بۆ نموونە ئەو ئاژەڵەی کە دەکرێتە قوربانی دەبێت تەندروستبێت و نەخۆش نەبێت نابێت شەل بێت یان كوێر بێت یان لاواز و پیر بێت، وە پێویستە ڕەچاوی تەمەنی ئاژەڵەکانیش بکرێت بۆ نموونە، وشتر دەبێت پێنج ساڵی تەواو كردبێت و مانگا دەبێت دوو ساڵی تەواو كردبێت و بزن یەک ساڵ و مەڕیش دەبێت شەش مانگی تەواو كردبێت. خاوەنی قوربانییەکە دەتوانێت سەرجەم گۆشتەکە بەسەر فەقیر و هەژاراندا دابەشبکات، هەروەها دەكرێت گۆشتی قوربانییەكە بكات بە سێ بەش، لەم سێ بەشە بەشێكی بۆ خۆت و ماڵ و منداڵت هەڵبگری. دروستە بەشێکی بكەی بە دیاری بۆ خزم و دۆستەكانت، كە ئەم دیارییە كەسانی دەوڵەمەندیش دەگرێتەوە و بەشەکەی تریان بدەیت بە هەژاران.
زۆر جار لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی قوربانی هاووڵاتیيان نابەرپرسانە ڕەفتار دەکەن و لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا قوربانی دەکەن کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پیسی و بۆنی ناخۆش و ناشرینکردنی سیمای شار و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. بۆیە بۆ ئەمساڵیش بڕیاردرا کە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕینخانەکان و لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەبکرێت و هەرکەسێک نابەرپرسانە ڕەفتار بکات ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر وتی “ئەگەر لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت، دەست بەسەر ئاژەڵەکەدا دەگیرێت”
وتیشی ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە پەتای خوێنبەربوون چوونکە لە سەربڕینخانەکاندا پێش قوربانیکردن، پشکنین بۆ تەندروستیی ئاژەڵەکان دەکرێت کە بەم هەنگاوە دەتوانرێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و مەترسییەکانی بکرێت.

ھەواڵی زیاتر