ئارەزووی كێش دابەزاندن دەكەیت؟ پەیوەندیمان پێوە بكە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

پەیجەکەمان فۆڵەو بکەن کامیانت ئەوێت داوای بکە(کێش کەم کردن یان کێش زیادکردن وڕاهێنانی ورگ و کەمەر و تووندکردنەوەی جەستە) ئەمە نووسینی بەشێكی زۆری ئەو ئەكاونت و پەیجانەیە كە كەس نازانێت كێ سەرپەرشتیاندەكات و ئەو دەرمانانەی دەیفرۆشن چین؟

فرۆشتنی دەرمانە بەنێو گیاییەكان و سرووشتییەكان، ڕووی لە زیادبوون كردوە لە ڕێگەی ئۆنلاین، وەزارەتی تەندروستی كە چەندین جار داوای ئاراستەی هاووڵاتییانكردوە كە خۆیان بەدوربگرن لە كڕین و بەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە بەڵام هێشتا فرۆشیان هەر زۆرە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختدەكاتەوە كە، هەر خۆراکێك کە دەرمان لە پێکهاتەکەیدا هەبێت بۆ زیادکردن و کەمکردنی کێش فرۆشتنی قەدەغەیە و فرۆشیارانیش دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
بەشێكی ئەو پەیجانەی كە خاوەنەكانیان دیار نییە، وێنەی ساختە و هەندێكیش وێنەی كچانی بیانی بەكاردەهێنن، كە گوایە بەرهەمەكانیان بەو شێوەیە كاریگەرە، جگە لەوەش هەر لە لایەن خۆیان و بەشێك لە هاوڕێكانیان دەست بە نوسینی كۆمێنت دەكەن كە گوایە ئەو بەرهەمەیان كڕیوە و سوودیان لێوەرگرتووە، بەمەش زیاتر كاردەكەن بۆ فریودانی خەڵك بە تایبەت چینی گەنجان.

گوتەبێکی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: پاش ئەوەی بەدواداچوون و پشکنینمان بۆ ئەو ماددە خۆراکیانە کرد کە بەشێکیان لە شێوەی چا بوون یاخود شێوەی قاوە و ڕێکلامیان بۆ دەکرا کە کێش زیاد یان دادەبەزێنن، بۆمان دەرکەوت ئەو ماددە خۆراکیانە دەرمان لە پێکهاتەکانیاندا هەیە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە ئەو ماددە خۆراکیانە بە هاووڵاتییان بدرێت و مامەڵەیان پێوە بکرێت بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
ئەگەر چی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی نووسراوێكەوە داوای لە وەزارەتی ناوخۆكردووە بۆ داخستنی ئەو پەیج و ئەكاونتانە بەڵام تا ئێستا خاوەن پەیجەكان بۆخۆیان ئامادەنین واز لەوكارە بهێنن و بەڵكوو ڕیكلامیش دەكەن وسپۆنسەری بۆ ڕیكلامەكانیشیان بەكار دەهێنن تا زیاتر خەڵك بیبینێ.
بەڕێوبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانیش وێڕای ئەوەی كە بەردەوام بەدواداچوون و پشكنین دەكات، ناچارە وەك كڕیار داوا لەو پەیجانە بكات بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمەكانیان تاوەك لەو ڕێگەیەوە سەرەداوی دۆزینەوەی ئەوكەسانەیان بەدەست بگات.
ئەوەی گرنگە بۆ هاووڵاتییوان خۆ بەردورگرتنیانە لە كڕینی هەر جۆرە دەرمانێك كە لە شوێنی فەرمی نەبێت (دەرمانخانە) و ستیكەری ڕێگە پێدراوی وەزارەتی تەندروستی نەبێت.

ھەواڵی زیاتر