زیانەکان و چۆنییەتیی خۆپاراستن لە هەورە بروسکە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

هەورە بروسکە دیاردەیەکی سرووشییە کە زیاتر لەگەڵ باران و تۆفانی وەرزەکانی زستان و بەهاردا ڕوودەدات، تریشقەیەکی کارەبایی مەزنە لەنێوان هەور و زەویدا و کرداری خاڵیبوونەوەی كارەبایە لەنێوان بەشەکانی پەڵە هەورێک، یان دوو پەڵە هەوری باراناویی جیاواز، یاخود لەنێوان پەڵە هەورێک و بینایەك یان كەسێك، درەختێک،ئاژەڵێك یان هەر شتێکی تر لەسەر زەوی. کە لە کاتی ڕووداندا بڕێکی زۆر گەرمی دروست دەبێت، کە ئەگەر بەر مرۆڤ بکەوێت لەوانەیە ببێتە هۆی برینداربوونی سەخت یان گیانلەدەستدانی.

دەنگی هەورە بروسکە لە دوری ٢٥کم دەبیسترێت بەڵام ڕوناکییەکەی لە مەودایەکی دوورتریشەوە دەبینرێت. هەورە بروسکە گەرمیەکی تۆقێنەری هەیە، بە شێوەیەک کە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە دەوری (٣٠هەزار پلەی سیلیزی) کە ئەم پلەیەش پێنج ئەوەندەی پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆرە. بەو هۆیەشەوە ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان کەس و کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی سەدان هەزار دۆنم زەوی.
باشترین شتێک کە بۆ ڕێگرتن لە هەورە بروسکە بکرێت لە ماڵ و باڵەخانە بەرزەکاندا ئەوەیە کە بەربەستی هەورەبروسکە لە بەشی سەرەوەی بینا و باڵەخانەکان دابنرێت، کە ستوونێکی بەرزە ولەکاتی بەرکەوتنی بروسکەدا دەبێتە هۆی خاڵیبوونەوەی کارەبایی ئەگەرنا زیانی گیانی دەبێت یاخود زۆر جار دەبێتە هۆی سووتانی ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵەکان.
جێی داخە ئەمساڵ هەورە بروسکە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بە بەشێک لە دانیشتووانی هەرێم و شوێنە گشتییەکان گەیاندووە بەجۆڕێک تەنیا لە مانگی ئایاردا لە هەرێم پێنج کەسی کووشتووە و سێ کەسی بریندار کردووە و ئەوە جگە لەوەی لە مانگەکانی تریشدا زیانی ماددی و گیانی هەبووە و چەندین تاوەری کارەبا و هێڵی ئینتەرنێتی پچراندووە و چەندین سەر ئاژەڵی کووشتووە لە ناوچە ئاژەڵدارەکان.

چۆنییەتی خۆپاراستن لە زیانەکانی هەورەبروسکە:-

  • بەکارنەهێنانی تەلەفۆن مەگەر لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت.
  • دوورکەوتنەوە لە ئاوی کراوە و دەریاچەو گۆماوەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە بورجی تەلەفۆن و بورجی کارەبا و سیاجی کانزایی و درەختە بەرزەکان.
  • هەتا پێت دەکرێت لە ماڵەوە بمێنەرەوە.
  • ئەگەر لە دەرەوەبووئیت دوربکەوە لە هەڵگرتنی چەتر چوونکە تەزوی کارەبا بۆخۆی ڕادەکێشێت.
  • ئەگەر لە دەشت و دەر بوویت پێویستە شوێنێکی گونجاو بۆخۆت بدۆزیتەوە و دووربکەویتەوە خۆ حەشاردان لە ژێر درەخت و پاڵ شوێنە بەرزەکان چونکە زۆر مەترسیدان و هەورەبروسکە زیاتر لە شوێنی بەرز دەدات.
  • هەوڵ بدە لە ناوەڕاستدا و دوور لە شتە بەرزەکان دابنیشیت و هێندەی دەتوانی خۆت گرمۆڵە و بچووک بکەیتەوە و سەرت نەوی بکە بەجۆرێک تەنها قاچەکانت بە جووتکراوی بەر زەوی بکەوێت و ئەگەر کەسی ترت لەگەڵدا بوو هەوڵبدەن دوور لەیەک دابنیشن و لەیەک نزیک مەبنەوە.