پەرستاران فریادڕەسی پاراستنی نەخۆشن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

پەرستارانی هەرێمی كوردستان، لە هەموو دۆخە نەخوازراوەكان پێشمەرگە ئاسا كاریانكردووە بۆ پارێزگاری لە تەندروستی نەخۆشەكان لە نێو دامودەزگا تەندروستییەكان.

د.ئازاد حەسەن پزیشکی پسپۆری مێشک و دەمار، لەبارەی پەیامی خۆیەوە بۆ ڕۆژی جیهانی پەرستران گوتی: پەرستاران لە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کاردەکەن و هەوڵدەدەن بارودۆخی نەخۆشەکان باشتر بکەن و تەندروستیان بپارێزن.
لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە، پەرستارەکان کۆمەڵێک ئەرکی سادە و ڕۆتینییان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئەرکانە نوێنەرایەتی کار و هەوڵێکی زۆر دەکەن کە ئەم کەسانە بۆ باشترکردنی باری نەخۆشەکان ئەنجامی دەدەن. هەروەها پەرستاران ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە چاودێری و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و هەروەها خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان بەهاوکاری پزیشکان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەرستاران زۆر گرنگ بوون بەهۆی ئەو کار و هەوڵانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا کردوویانە. ڕۆژی جیهانی پەرستاران، ڕۆژێکی تایبەتە بۆ قەدرزانینی پەرستاران و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تەحەددا و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی پەرستاران دەبنەوە.
پەرستاران وەک بەشێک لە سیستەمی تەندروستی، بە درێژایی ساڵ بە بەردەوامی کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی خەڵک و پاراستنی تەندروستیان و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.
ڕۆژی جیهانی پەرستاران دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە پەرستاران و داننان بە بەها و گرنگی کار و هەوڵەکانیان.
كامەران عەلی كارمەندی تەندروستی گوتی: “نکۆڵی لە ڕۆڵ و کاری كارمەندانی تەندروستی ناكرێت لە نێو داموودەزگا تەندروستییەكان، چوونكە ڕوونە پەرستار فریشتەی بەزەییە کە چاودێری ئاسوودەیی نەخۆشەکان دەکات دوای ئەوەی پزیشکەکان دەڕۆن بۆ ماڵەکانیان، پەرستارەکە ئەو کەسەیە کە ڕاستەوخۆ و بۆ ماوەیەکی درێژتر لەگەڵ نەخۆشەکان دەمێنێتەوە و چاودێری نەخۆشەكە دەكات و هاودەمیەتی بۆ ئەوەی ئاسوودە بێت.
كامەران عەلی گوتیشی: لەسەردەمی پەتای کۆڤید-19 بەهۆی خزمەتی بەرچاویان و ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی پەرستاران لەوەی کە هێزی کاری تەندرووستی پێویست هەیە بۆ بنیاتنانی سیستەمی تەندروستی خۆڕاگر و هەوڵدان بۆ لەناو بردنی ئەم پەتایە کە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو دڵنیا بووینەوە.
ناسكە جەمیل لە پەیامی پیرۆزبایی خۆیدا بۆ ئەم ڕۆژەیە گوتی: لە ڕۆژی پەرستاراندا پیرۆزبایی لە سەرجەم پەرستارانی کوردستان دەکەم، ڕوونە كە پەرستاران هەمیشە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک و بە شێوەیەکی لە خۆبوردوانە لە خزمەتی نەخۆشاندان هەموو کات فریشتە ئاسا هەڵساون بە چارەسەرکردنی نەخۆش دووبارە پیرۆزمان بێت ئەم ڕۆژەیە.
بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی پزیشكی كۆتاییان بەخوێندن هێناوە و دانەمەزراون، نیگەرانن لەوەی كە ماوەی چەندین ساڵە دانەمەزراون و ئومێدەوارن حكوومەتی هەرێم كاربكات بۆ دامەزراندنیان و ئاوڕی جدیان لێبداتەوە.
هەروەك ڕوونە پەرستارەکان بڕبڕەی نەخۆشخانەکانن و گرنگترین هۆکار بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان بریتییە لە چەند خاڵێکی گرنگ ئەویش ڕێنماییکردنی تاک و کۆمەڵگە یه بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیەکان. چارەسەرکردنی تاکەکان لە کاتی نەخۆشبوونیاندا بەپێی ڕێنماییەکانی پزیشکی پسپۆره، یانیش ئاگاداربوون و چاودێریکردنی نەخۆش له لا یه ن به رستاران دوای چاکبوونەوە یان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری پزیشکیه بۆیە ڕۆڵی پەرستار زۆر گرنگە لەبواری پزیشکیدا.

پاشخان
فلۆرێنس په‌رستاری له‌ 12ی ئایاری ساڵی 1820 له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئینگلیزی له‌ ناوچه‌ی فلۆرێنسی ئیتاڵیا له‌ دایك بووه‌، هەر بۆیە ڕۆژی لەدایكبوونەكەشی بە ڕۆژی جیهانی پەرستاران دەستنیشانكراوە. خۆشه‌ویستی و وه‌فای بۆ كاره‌كه‌ی مانایه‌كی تری به‌ پیشه‌ی په‌رستاری به‌خشیوه‌، ژیانی زۆر له‌ سه‌ربازانی سه‌رده‌می جه‌نگی كرایمیای ڕزگار كردووه‌، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ژیانی په‌رستارانی تر كردووه‌، په‌رستاری له‌لای پیشه‌ نییه‌، به‌ڵكوو دڵسۆزییه‌، ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ ڕاهێنانی كاره‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ و كتێبی زۆری له‌ بواری پزیشكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر