دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕەبۆ،نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بنبڕ ناکرێت

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

جیهان هەموو ساڵێک لە ٥ی ئایاردا ڕۆژی جیهانی تەنگەنەفەسی بەڕێوەدەبات. ئەمەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە لەسەر نەخۆشی تەنگەنەفەسی و کۆنترۆڵکردنی. تەنگەنەفەسی بە نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکان ناسراوە کە تووشی مرۆڤ دەبێت لە هەموو تەمەنێکدا. بەهۆی هەوکردن و گرژبوونی ماسوولکەکانی دەورووبەری بۆرییەکانی بۆرییەکانی هەناسە، هەناسەدان قورستر دەکات. نیشانەکانی دەتوانن بریتی بن لە: کۆکە، هەناسەبڕکێ، هەناسە تەنگی و گرژبوونی سنگ. ئەم نیشانانە دەتوانن سووک یان تونود بن، و ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات بێت و بڕۆن.

هۆکارەکانی تەنگەنەفەسی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازن جۆرەكانی ڕەبۆ پۆلێن كراون بە چەند جۆرێكی سەرەكی ئەوانیش ( ڕەبۆی سادە، ڕەبۆی مام ناوەند، ڕەبۆی قورس و زۆر قورس) ئەمەیش لەكەسێكەوە بۆكەسێكی تر جیاوازی هەیە، هەندێ كەس ڕەبۆی هەیە نیشانەیەكی سادەی تیا بەدی دەكرێت پێی دەوترێت ڕەبۆی مام ناوەند هەندێ جار بە هەستەوەری لەش پۆلێن دەكرێت، هەندێ ڕەبۆش هەیە بەپێی تەمەن دیاری دەكرێت كە زۆرجار لەسەرەتای ژیاندا واتە لەمنداڵییەوە دروست دەبێت و لە شەش مانگیدا دەتوانرێت دەست نیشان بكرێت یا لەتەمەنی هەرزەكاری یان لە تەمەنی (50)ساڵی بەدواوە.
مەترسی تووشبوون بە تەنگەنەفەسی زیاد دەکات ئەگەر ئەندامانی دیکەی خێزانەکەش تووشی تەنگەنەفەسی بوون؛ بە تایبەت خزمێکی نزیک، وەک دایک و باوک یان خوشک و برا.
ئەو کەسانەی کە حاڵەتی هەستیاری تریان هەیە، وەک ئەکزیما و هەوکردنی لووت ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی تەنگەنەفەسی زیاترە.

ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانی تەنگەنەفەسی:
* زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نیشانەکانی تەنگەنەفەسی و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی.

  • هاندانی پزیشکان لەسەر گرنگی دەستنیشانکردنی دروست و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە.
    • پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و پەروەردەکردنیان لەسەر گرنگی دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی تەنگەنەفەسی و کۆنترۆڵکردنی.

نیشانەکان:
نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبوو خۆیان دەگرنەوە لەنێوان نووزەنووزێکی کەم بۆ تەنگەنەفەسیەکی سەخت، ڕەبۆ لە نەخۆشێكەوە بۆ نەخۆشێكی تر دەگۆڕێت. هەروەها هەناسەسواری. کێشە لە کاتی نووستندا. تووند و گرانداگەڕانی سینگ یاخود ئازار لە سینگدا؛ نۆرەکانی کۆخە و نووزەنووزی سینگ خراپتر دەبێت لەگەڵ هەوکردنی ڤایرۆسی ڕێڕەوی هەناسە وەک هەڵامەت.
هۆکاری ڕەبۆ:
هەرچەندە تاکو ئێستا ڕوون نییە بۆچی هەندێك لە خەڵک تووشی ڕەبۆ دەبن و هەندێکی تر تووش نابن، بەڵام بەزۆری هۆی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ژینگەیی و هۆکاری بۆماوەیی. كەهۆکاری وروو ژاندنی ڕەبوو لە کەسێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە و بە گشتی بریتین لە:
هەوکردنی ڕێڕەوی هەناسە وەک هەڵامەت؛ ماندوویەتی و وەرزش.
تۆز و خۆڵ و هەوای پیس؛ دووکەڵی جگەرە.
هەوای سارد. هەندێک جۆری دەرمان. بارێکی سۆزداری زۆر بەهێز یاخود پەستانی دەرونی. هەندێک جۆری خۆراک.
هەڵچوونی ناوەڕۆکی ناو گەدە بۆ بۆڕی سورێنچک (هێڵنجدان) و لە ئافرەتانیشدا سووڕی مانگانە.
هۆکاری مەترسیدار بۆ تووشبوون:
هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە. قەڵەوی یاخوود ژیان لە ناوچەی پیشەسازیدا، بەتایبەی ئەو جێگایانەی کە هەوای زۆر پیسە. لەدایکبوون بە کێشی کەم.

كاتی سەردانی پزیشك:
چەند هۆكارێك هەن كەوات لێدەكەن كە پێویستە لەو كاتانەدا سەردانی پزیشك بكەیت (نەخۆش گەر کۆخەی هەبوو بۆ زیاتر لەچەند ڕۆژێک، یاخود نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبووی هەبوو. بۆ چاودێری کردنی نەخۆشی ڕەبوو پێویستە لەگەڵ پزیشک ڕاوێژ بكەیت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نیشانەکانی. وە ئەگەرنیشانەکانی نەخۆشینی ڕەبۆکەت زۆر بوون) لەو كاتانەدا پێویستە بێ دوودڵی و دڵەڕاوكێ سەردانی پزیشك بكەیت.
پاشخان
*نەخۆشی تەنگەنەفەسی نەخۆشییەکی گەورەیە کە ناگوازرێتەوە، منداڵ و هەم گەورەکان تووشی دەبێت، هەروەها باوترین نەخۆشی درێژخایەنە لە نێو منداڵاندا.

  • هەوکردن و تەسکبوونەوەی بۆرییە بچووکەکانی هەناسەدان لە سییەکان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی تەنگەنەفەسی، کە لەوانەیە لە شێوەی تێکەڵەیەک لە کۆکە و هەناسەبڕکێ و هەناسە تەنگی و گرژبوونی سنگ بێت.
  • نەخۆشی تەنگەنەفەسی لە ساڵی ٢٠١٩دا بە مەزەندە ٢٦٢ ملیۆن کەس تووشی بووە، و بووەتە هۆی مردنی ٤٥٥ هەزار کەس.
  • دەرمانی هەناسەدان دەتوانێت یارمەتی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی تەنگەنەفەسی بدات و ڕێگە بەو کەسانە بدات کە تووشی تەنگەنەفەسی بوون ژیانێکی ئاسایی و چالاک بژین.
  • هەروەها دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی تەنگەنەفەسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە.
  • زۆربەی مردنەکانی پەیوەست بە تەنگەنەفەسی لە وڵاتانی کەم داهات و کەم دەرمامەت ڕوودەدەن، ئەمەش بەهۆی كەم دەستنیشانکردن و کەم چارەسەرکردن.