چاکسازیيەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

بە سکانی QR کۆدی سەر ستیکەر دڵنیا دەبیت لە دەرچوونی دەرمانەکە لە پشکنینی تاقیگەکانی (KMCA) حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زانیاری وەردەگریت لەسەر نرخ و وڵاتی بەرهەمهێن و ماوەی بەسەرچوونی دەرمانەکە.

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم، پشکنینی راستەوخۆی هەموو دەرمانێک لە ڕێگای موگناتیسی تایبەتی ئامرازی دژە ساختە لە سەرجەم دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستكردوە.
د. محمەد ڕەشید، بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەكان لە بەڕێوبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ڕوونیدەكاتەوە كە: جیاوازی نێوان ستیكەری كۆن و نوێ ئەوەیە كە ستیكەری كۆن نرخی دەرمانی لەسەر نییە، بەمەش كۆنتڕۆڵكردنی نرخ ئاسان نییە و بەشێكیش لە كۆمپانیاكانی دەرمان ئەم هەلەیان قۆز بویە.ە، پێویستە گشت دەرمانخانەكان و كۆمپانیاكانی دەرمان باپەندبن بەو ستیكەرە نوێیەوە، هەر بۆیە ستیكەری نوێ دژە ساختەیە و ناتواندرێت ساختە بكرێت، هەر هاووڵاتیيەكیش دەتوانێت بۆخۆی لە ڕێگەی ئامێری پشكنینەوە كە لەسەرجەم دەرمانخانەكان هەیە پشكنین بكات بۆ دڵنیابوون لە دەرمانەكە و لەكاتی گرانبوونی نرخی دەرمانەكەش لە نرخی فەرمی ئەوا دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لیژنەكانەوە بكات كە ژمارەكە بەردەستە لەسەر ئامرازی پشكنینی دەرمان لەگشت دەرمانخانەكان.
هەروەها لە لایەن خۆشییەوە د. حەیدەر سابیر پزیشكی نەشتەرگەری گشتی ئاماژەی بەوەدا كە: یەکێک لە هەنگاوە زۆر باش و گرنگەکانی وەزارەتی تەندروستی؛ دانانی ستیکەرە لەسەر دەرمان ، کە ئێستا ڕێژەکەی گەیشتیتە ٨٠٪ وە هیوادارم ئەو ڕێژەیە بگاتە ١٠٠٪ چونکە بەو پرۆسەیە :
١ . وەزارەت مەسئولیەتی دەرمان بەهەمو ڕەهەندەکانی هەڵدەگرێ و خۆی لێ بێئاگا ناکا .
٢ . ڕێگری ڕاستەوخۆ لە ساخکردنەوەی دەرمانی قاچاخ و ساختەو ماوەبەسەرچو دەگرێ .
٣ . ڕێگری دەکرێ لە کۆمیشن و ڕێکەوتنی ژێربەژێری
ێ‌ . کۆمپانیاو دەرمانخانەکان ئەگەر هەبی
ب . کۆمپانیاو پزیشک ئەگەر هەبی
ت . دەرمانخانەو پزیشک ئەگەر هەبی
٤ . بەرزکردنەوەی نرخ و ئیستیغلالکردنی نەخۆش نامینێ .
٥ . دڵنیایی دەداتە نەخۆش لە نرخی دەرمان .
٦ . متمانە بۆ کۆمپانیاو دەرمانخانەو دکتۆر و هاوڵاتی و نەخۆش دەگەڕێنیتەوە .
٧ . دەرمانسازەکان زۆرترین سود دەبینن چونکە کۆنترۆلی زانستی و ژمێریاری دەرمانخانە ئاسانتر دەبی
٨ . بەدواداچوونی پێشێلکاری و سەرپێچی ئاسان دەکا .
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم جەختیكردەوە كە ئەوان: هیوادارن هەموو پزیشکان و کارمەندان هاوکاربن لە تەواو بنبڕکردن و یەکجارەکی نەهێشتنی دەرمانی نایاسایی.