لە مەودوا خواردنەوە وزەبەخشەکان به منداڵان نافرۆشرێت

عەبدولقەهار هەولێری/ هۆلەندا

ئاڵدی فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ لە بەریتانیا و ئێرلەندا ڕادەگيرێت. وا بڕیارە لە ١ی ئازاری ئەمساڵەوە کاشێرەکان داوای ناسنامە بکەن ئەگەر گومانیان لە تەمەنی کڕیارەکەدا هەبوو.

گوتەبێژی کۆمپانیای ئاڵدی بەریتانیا بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانياي ڕاگەیاندووە، “ئێمە ئەم سنووردارکردنی تەمەن دەخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە بەهۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی خواردنەوە وزە بەخشەکان لەنێو گەنجاندا”.
ئێستا چەندین زنجیرە مارکێتی بەریتانی کە پشکێکی زۆریان لە بازاڕدا هەیە، قەدەغەکردنی خواردنەوە وزە بەخشەکانیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. جگە لە فرۆشگاکانی ئاڵدی (ژمارە ٥)، ئەسدا (ژمارە ٣)، وایترۆس (ژمارە ٨) و هەندێک لە فرۆشگاکانی مۆریسۆن (ژمارە ٤) بەشداری دەکەن. دوو گەورەترین زنجیرە مارکێتی بەریتانی بە ناوەکانی تێسکۆ و ساینزبێری هێشتا شوێنکەوتنی ئەو کارە ناکەن.
لە بەریتانیا جەنجاڵییەکی زۆر لەسەر خواردنەوە وزە بەخشەکان هەیە. چەندین ڕاپۆرت و چێشتلێنەری بە ناوبانگ جەیمی ئۆلیڤەر داوای قەدەغەکردنی دەکەن، چونکە خواردنەوەکان ڕێژەیەکی بەرزی شەکر و کافاینیان تێدایە “بە شێوەیەکی “قبووڵنەکراو”
پەرلەمانتارێک داوای قەدەغەکردنی خواردنەوە گازییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە ئاستی نیشتمانیدا کرد، سەرۆک وەزیران وەڵامی دایەوە و لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاند.
هەروەها هۆڵەنداش داوای قەدەغەکردنی خواردنەوە وزە بەخشەکان دەکات. پزیشکانی منداڵان لەگەڵ ئەوەدا بوون کە لانیکەم بۆ گەنجانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ قەدەغە بکرێت. خواردنەوە گازییەکان دەبێتە هۆی نا ئارامی و ماندوێتی و تێکچوونی لێدانی دڵ.
سەرەڕای ئەوەش، بەپێی وتەی وەزیری تەندروستی بلۆخویس، قەدەغەکردنی خواردنەوە وزە بەخشەکان بۆ ئێستا زۆر ئه سته مه . ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەت لە ئێستاوە ئامۆژگاری ئەوە دەکات کە خواردنەوە وزە بەخشەکان زۆر نەخۆنەوە.