سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان کاریگەری خراپی بۆ سەر پیسبوونی ژینگە دەبێت

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەبێ بەکارهێنانی فیلتەر، کاریگەری خراپی لەسەر پیسبوونی ژینگە دەبێت کە لە ڕێگەی کورەی ئاگرینەوە لە دەرەوەی شارەکاندا دەسووتێندرێت، نەبوونی ڕێکاری تەندروستی و ژینگەیی هۆکارە بۆ خراپی کارپێکردنی کورە ئاگرینەکان، هەروەها نەبوونی فلتەری ڕێگریکردن لە دووکەڵ و گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەیە.

دکتۆر کەریم نوری، دەربارەی سوتاندنی پاشەڕۆ بزیشکییەکان دەڵێ” بە دوو شێواز پاشەڕۆ پزیشکییەکان لەناودەبرێن، یەکەمیان لە ڕێگەی کورە ئاگرینەکانەوە پاشەڕۆکان دەستووتێنرێن، کە لەگەڵ کەرەستەی پزیشکیدا ئەو ماددە هۆشبەرانەش دەسووتێنرێن، دووەمیان هەندێک لە کەرەستەکانی دیکەن کە ناتواندرێت بسووتێندرێت و کاری وردکردن و کورەی هەڵمی ” بۆ ئەنجام دەدرێت.
دەشڵێت” لە شەش کورەکان دوو کورەی فلتەریان هەیە بۆ پاککردنەوەی ئەو گاز و دووکەڵانەی لێوەی دەردەچن، تاوەکو نەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە، بەڵام ئەوانی دیکە فلتەریان نییە، کە ڕێگری دەکات گاز و دوکەڵەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بچنە هەواوە، بەهۆی کارکردنیان و نەبوونی فلتەرەوە، ئیشپێکردنی کورەکان دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە هەتاوەکو کورەکان گەرم دەبن و پلەی گەرمییەکەیان دەگاتە ١٢٠٠ پلەی گەرمبوونی، لەدوای گەرمبوونی کورەکان بەڕێژەیەکی کەمتر هەوا پیس دەکەن. دوورکەوتنەوە لە ئاو و خاک و هەوا و دەستکاری کردنی خاک بە شێوەیەکی ناسروشتی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، پیسبوونی خاک بە شێوەی نازانستیانە لە ڕێگەی کشتوکاڵ کردن و بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆ خاک، پاشەڕۆی ڕەق و شل، پیسبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی ئاوەڕۆکانەوە کە بەبێ پاکردنەوە دەچێتە سەر ئاوی شیرین، دووکەڵکێشی کارگەکان و ڕێژەی زۆری ئۆتۆمۆبێل و خراپی جۆری بەنزین لە شارەکاندا و پیشەسازی وڵاتانی پێشکەووتو هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی هەوان و وڵاتێک لەسەر وڵاتێک کاریگەری جێدەهێڵێت. وڵاتانی پێشکەوتوو بەڕێژەیەکی بەرز پیسکەرەکان دەکەنە هەواوە لە ڕێگەی زۆری پیشەسازییەکانیانەوە، زیانەکانیان بۆ وڵاتانی هەژارنشینە کە ڕێژەیەکی کەم پیشەسازی دەکەنە هەواوە، هەروەها رەگەزەکانی دیکەی ژینگە زیانیان بەردەکەوێت جا لە ڕێگەی پاشەڕۆ هەواییەکان بێت یاخود ئاوەکان. سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بەبێ بەکارهێنانی فلتەری هەوا دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.
ئەو دکتۆرە باسی چارەسەرییەکانی ئەو پاشەڕۆیانە دەکات و دەڵێ”چارەسەرکردنی پاشەڕۆکان بە دوورخستنەوە و سووتاندنی پاشەڕۆکان نابێت، سووتاندن بە هەموو جۆرەکانی هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، سووتاندنەکە پاشەڕۆی ماڵان بێت یاخود کەرەستە پزیشکییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا بۆ لەناوبردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان ڕێگەی سووتاندن بەکار دەهێنن لە کورە ئاگرینەکاندا کە دابین کراون بۆ سووتاندنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان، پێویستە کورەکانی سووتاندنی کەرەستە پزیشکییەکان فلتەری هەوایان تیادا بێت تا دووکەڵ و گازەکان نەچنە هەواوە بۆ پیسکردنی ژینگە. دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوا فلتەر بەکاربهێندرێت بۆ کورە ئاگرینەکان، پاشەڕۆکان کە دەسووتێندرێت پێکدێن لە کەرەستەی پزیشکی شل بێت یاخود ڕەق لەناویاندا بەشێک لە پێکهاتەی لەشی مرۆڤی تێدایە، کە دەبێت بە شێوازێکی زانستیانە بسووتێندرێن. بە دوورخستنەوەی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان کێشەکانی ژینگە کۆتایی پێنایەت، چوونکە دوورخستنەوەی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بۆ دەرەوەی شارەکان چارەسەر نییە بۆ لەناوبردنیان، پێویستە پاشەڕۆ پزیشکییەکان بە شێوازێکی زانستییانە لەناوببرێن بە پێی ڕەقی و شلییان، پاشەڕۆ پزیشکییە ڕەقەکان دەبێت بسووتێندرێت لە ڕێگەی کورە ئاگرینەکانەوە و فلتەری بۆ بەکاربێت تا دوکەڵ و گازە ژەهراوییەکان بپاڵێوێت نەبێتە هۆکاری پیسبوونی هەوا. کەمکردنەوەی زیانی پاشەڕۆ پزیشکییەکان بە تەنیا بە ڕێکخراوەکان ناکرێت، کێشەی پیسبوونی ژینگە لە ڕێگەی پاشەڕۆ پزیشکییەکانەوە تەنیا بە ڕێکخراوەکان و ژینگەپارێزان و کەسانی زانستی کە توێژینەوە دەکەن، چارەسەر نابێت. بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی تەندروست، پێویستە هەموو لایەنەکان هەماهەنگ بن، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان و بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکەی و هۆکارەکانی تا بتوانین بە باشترین شێوە چارەسەری کێشەکان بکەین.
لە کۆتاییدا قسەکانیدا ئەو دکتۆرە باسی هۆشیاری تاکەکان دەکات و دەڵێ” نەبوونی هۆشیاری تاکەکان لە دامەزراوە حکومی و کارگەکاندا هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە، لایەنێک بە تەنیا ناتوانێت چارەسەری کێشە ژینگەییەکان بکات، گەورە کردنی شارەکان و پڕۆژە وەبەرهێنانەکان بە هەمان شێوە هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە هەمان شێوە هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەن.