(د. دەلال ئەحمەد ساڵح)” یارییە زمانییەكان یارمەتیدەرن بۆ گەشەكردنی زمانی منداڵ”

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

دكتۆرە دەلال ئەحمەد ساڵح ماستەرنامەكەی لە بەشی زمانی كوردی كۆلێژی ئاداب ساڵی2011 لە زانكۆی دهۆك تاوتێكراوە، هەروەها ساڵی 2023 تاوتوێی تێزی دكتۆراكەی كراوە بە ناونیشانی (یارییە زمانییەكان و ڕۆڵیان لە گەشەی زمانی منداڵانی كورددا، شارەدێی پیرمام بە نموونە) لە بەشی زمانی كوردی،كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین، تایبەت بە بەشێكی تێزی دكتۆراكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

دكتۆرە دەلال باسی لە گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ گەشەی زمانی منداڵ و چەند لایەنێكی تری پەیوەست پییەوە كرد و گوتی:”زاراوەی “یاری” بۆ فێربوونی زمان بەكاردەهێنرێت، بە مەبەستی بەخشینی ئامرازێكی چێژ بەخش و سەرنجڕاكێش بۆ مەشق و ڕاهێنان لەسەر ڕەگەزەكانی زمان و دابینكردنی هاندەرەكانی گەشەپێدانی كارامەییە جیاوازەكانی زمان.
زمانەوانە كارەكییەكان ئەوەیان سەلماندووە، كە شێوازە باوەكانی فێربوون نابنە مایەی هێنانەدی ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان لە فێربوونی زماندا، بەڵام هەندێك ئامرازی هاوچەرخ هەن، كە كاریگەرن بۆ فێربوونی زمان، وەكو یارییە زمانییەكان (language games) چونكە، دەشێت بەو یارییە زمانییانە مەشق و ڕاهێنان لە بەكارهێنانی زمان لە هەڵوێستە سروشتییەكاندا بكرێت. یارییە زمانییەكان لەژێر ناوی جیاوازدا وەكو (یارییە فێركارییەكان- یارییە پەیوەندیكردنەكان. یارییە زارەكییەكان) كە واتە، یارییە زمانییەكان، ئەوەیە كاتێك یەكەكانی زمان وەكو دەنگ وشە و ڕستە لە كاتی یاریكردندا بەكاردەهێنرێن و یارمەتیدەرن بۆگۆكردنی دەنگەكان بەشێوەیەكی دروست و هۆكارێكیشن بۆ پەیوەندیكردن .
یاریكردن لەلایەن منداڵەوە، ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە بۆ گەشەسەندنی كەسایەتییەكی ڕێكوپێك، دەشێت لە ڕێگای ئەنجامدانی یارییەكان پەرە بە لایەنەكانی، جەستەیی، دەروونی، ڕەفتاری، عەقڵی و زمانی منداڵ بدرێت. یاری زمانی وەكو مەشق و ڕاهێنان سەیر دەكرێت بۆ بەكارهێنانی زمانی دایك لەلایەن منداڵەوە لەڕووی فۆنۆڵۆجی، مۆرفۆڵۆجی و سینتاكسی و هەروەها یاری زمانی یەكێكە لە كاریگەرترین ئامرازەكان بۆ بەدەستهێنانی لێهاتوویی قسەكردن .
یارییە زمانییەكان ڕۆڵیان لە فێربوونی هەموو ئاستەكانی زماندا هەیە و پاڵنەرێكی چێژبەخشن بۆ منداڵ و بەكارهێنانێكی سروشتی و ڕاستەقینەی زمانن. لە كاتی ئەنجامدانی یارییەكاندا، منداڵەكان لەگەڵ یەكتردا كارلێكدەكەن و ئەم كارلێكە بەزۆری بە زمان ئەنجامدەدرێت .
بەپێی بۆچوونی( كریستاڵ ) یاری زمانی، نێوەندێكی باشە بۆ گفتوگۆی نێوان منداڵ و گەورەكان، كاتێك منداڵ لەگەڵ گەورەكان، یان هاوتەمەنەكانی تێكەڵ دەبێت و یاری دەكات، ئاسانكارییەكی زۆر باشە ویارمەتیدەدات بۆ فێربونی زمان. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات، كە یاریكردن كاریگەریی لە گەشەكردنی زماندا هەیە. لە خوارەوە گرنگی یارییە زمانییەكان دەخەینە ڕوو:

  • گرنگی یارییە زمانییەكان لە گەشەكردنی زمانی دایك: یارییە زمانییەكان یارمەتیدەرن بۆ گەشەكردنی زمانی منداڵ، كە ئەویش پڕاكتیزەكردنی زمانە لە ڕێگای یاریكردن و ئەمەش حەز و ئارەزووی سروشتیی منداڵە و كەشێكی فێركاری هەرەوەزی لەنێوان منداڵاندا دروستدەكات، سەرەڕای ئەوەی هانی منداڵ دەدات بۆ بەكارهێنانی زمان بە شێوەیەكی دروست. یارییە زمانییەكان چێژبەخشن، ڕەگەزێكی پێشبركێ خوازی دەهێنێتە ناو چالاكییەكانی پەرەپێدانی زمانی و ئەمانە پاڵنەری بەنرخن بۆ بەكارهێنانی زمان بەشێوەیەكی دروست. كەشە پڕ لە كێبڕكێكەش وا لە منداڵان دەكات، كە سەرنجبدەن و بە چڕی بیربكەنەوە، كە برەو بە دەستخستنی توانای وەرگرتنی زمانیان دەدات .
    كاتێك منداڵ بە تەواوی سەرقاڵی یاریكردن بێت، ئەوا لەو كاتەدا بەڕاستی فێردەبێت و هانیی دەدات بۆ گەشەكردنی زمان، چونكە پاڵنەرێك هەیە بۆئەوەی وا لە منداڵ بكات زۆرترین كات ڕاهێنان لەسەر زمانەكە بكات . یاریكردن دەتوانێت توانای منداڵان لە بەكارهێنانی زماندا زۆر زیاد بكات، چونكە لە بارودۆخێكدان، كە ناچارن قسەی تێدا بكەن. یارییەكان زەمینەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆ دەڕەخسێنن، گەلێك جار منداڵان چۆنیەتی یاریكردنەكە بۆ یەكتر شرۆڤە دەكەن، كەواتە یاری زمانی دەرفەتێك دروستدەكات، كە زمانەكە تێیدا پڕاكتیك بكرێت، چونكە منداڵەكان دەیانەوێت تێبگەن، كە هاوڕێكانیان چی دەڵێن، لە هەمان كاتدا قسەدەكەن بۆئەوەی بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
    -گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ فێربوونی زمانی دووەم: یارییە زمانییەكان گرنگی چەند زۆر بێت بۆ گەشەی زمانی یەكەم، ئەوەندە بەها و گرنگی خۆیان بۆ فێربوونی زمانی دووەم هەیە و زۆربەی لێكۆڵەران ئاماژەیان بەمە كردووە.ئەو فێرخوازانەی كە پاڵنەری بەهێزتریان هەیە، باشتر زمان فێردەبن لەچاو ئەو فێرخوازانەی كە پاڵنەری لاوازیان هەیە. پاڵنەر لە پڕۆسەی فێربوونی زمانی دووەمدا، پێویستییەكی بنچیینەییە و كاتێك تاك پاڵنەری گونجاوی هەبێت، ئەوا ئاسانتر فێری زمانی دووەم دەبێت.
    یارییە زمانییەكان زۆر هاندەرن بۆ فێربوونی زمانی دووەم، چونكە سەرنجڕاكیش و ڕێگای سەرەكین بۆ فێربوونی كارامەییەكانی زمان و ڕۆڵێكی زۆر گرنگ لە فێربوونی زمانی دووەمدا دەگێڕن، چونكە فێرخوازان لە كاتی فێربوونی زمانێكی دووەم، زۆربەی كاتەكان وشەی نوێ لەبیر دەكەن، یان خراپ بەكاریدەهێنن و ئەمەش لەبەرئەوەی وشەكان بە باشی لە مێشكی فێرخوازدا هەڵنەگیراون، یان بەپێی پێویست ڕاهێنانیان پێناكرێت و پەیوەندییان بە ئارەزووەكانی فێرخوازەوە نییە. بەم پێیە یارییەكان وا لە فێرخوازان دەكەن، كە لە كەشێكی خۆشی وشادیدا فێری وشەكان ببن بەبێ ئەوەی لە بیریان بچێت.
  • گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ چارەسەركردنی هەندێك نەخۆشی گوتن: لەبەرئەوەی یاری كەشێكی لەبار و خورتەكی بۆ قسەكردن دێنێتە پێشەوە، وا لەو منداڵانە دەكات، كە نەخۆشیی گوتنیان هەیە، هەوڵبدەن ئەندامەكانی ئاخاوتنیان بەكاربهێنن بە تایبەتی لەو كاتانەی كە هاوەڵەكانیان یارییان لەگەڵ دەكەن و پرسیاریان ئاڕاستە دەكەن. ئەو منداڵەی كە نەخۆشی گوتنی هەیە زۆر لەخۆی دەكات، كە وەڵامی هاوڕێكەی‌ بداتەوە. بەم پێیە یاریی زمانی، دەشێت هۆكارێك بێت لەتەك هۆكارەكانی تر بۆ چارەسەری هەندێك نەخۆشیی زمانی، هەروەها دەبێت سەرپەرشتیار لەگەڵ ئەو جۆرە منداڵانە دڵفراوان و هەستیار بێت، بۆئەوەی بتوانێت كەشێكی لە بارتر لە منداڵی ئاسایی بۆیان بڕەخسێنێت، تاكو حەز لەو ژینگەیە بكەن و ببێتە پاڵنەرێك بۆ چارەسەركردنیان.
  • گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ دابەزینی فشاری دەروونی : یاریكردن دڵەڕاوكێ كەم دەكاتەوە و ڕەوانی لە قسەكردن دێنێتە ئاراوە و بەم شێوەیە توانستی گفتوگۆ و پەیوەندی بەدەست دەهێنرێت. منداڵان حەزیان بەو كەشە پڕ ئاسوودە و پێشبركێ كاری و هاندەرەیە، كە یارییەكان دەیهێننە ناو ژینگەكە لە بارودۆخێكی پڕ ئاسوودە و دوور لە پاڵەپەستۆ منداڵان خێراتر فێردەبن و بابەتەكانی فێربوون باشتر لە بیریان دەمێنێتەوە . منداڵانی دوودڵ و شەرمنیش لە كاتی یاریكردندا، دەیانەوێت بەشداری یاریكردن بكەن. یارییەكان هاندەری چێژبەخشن و دەرفەتی زیاتر بە منداڵە شەرمنەكان دەدەن بۆ دەربڕینی بۆچوون و هەستەكانیان . منداڵ هەر لە سروشتی خۆیەوە حەزی لە یاریكردنە، بۆیە یارمەتیدەرێكی سەرەكییە بۆئەوەی منداڵە شەرمنەكانیش لە هەموو بوارێكدا بەرەو پێش بچن و كاریگەری باشی لە نەهێشتنی دلەڕاوكێ و زیادكردنی ئەرێنی و زیادبوونی متمانەبەخۆبوون هەیە. بەم پێیەش یارییە زمانییەكان كەشێكی ئارام دروستدەكەن و بەمەش ئاستی دڵەڕاوكێ دادەبەزێنن و منداڵان كراوەتر دەبن و توانای پەیوەندیكردنیان زیاتر دەبێت، چونكە زۆر جار دڵەڕاوكێ دەبێتە هۆكاری ئەوەی منداڵ لە فێربوون و پێشخستن خاوببێتەوە و لە ژینگەی دەورووبەری خۆی دووربكەوێتەوە. هەروەها یارییە زمانییەكان كاریگەرییەكی باشیان لە نەهێشتنی بێزاریی منداڵدا هەیە.
  • گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ گەشەی كۆمەڵایەتی : یارییەكان فێربوونی هاوبەش بەرەوپێشدەبەن و باشترین شێوازی یاریكردن، شێوازی گرووپە، بەمەش دۆخێك دروستدەبێت بۆئەوەی منداڵان پەرە بە تواناكانیان بدەن. یارییە بە گرووپەكان چەند سوودێكی تری هەیە، لەوانە :هاوكاریكردن، هاندەری بنیاتنانی گیانی گرووپە و كاریگەری ئەرێنیی لەسەر ژینگەی پۆلەكەدا هەیە.
  • زۆر جار یاریكردن دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو منداڵ لە یارییەكەد ا بەشداربن، بۆیە یارییەكان هاندەری بەشداریكردنێكی یەكسانیخوازانەن .
  • منداڵان ڕێگای یارییەكان هاوكاری یەكتر دەكەن و بە شێوازێكی جیاواز بیردەكەنەوە و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكەن.
    لەم سۆنگەیەوە یارییە زمانییەكان بنچینەیەكی سەرەكی و گرنگن بۆ بە هێزكردنی لایەنی كومەڵایەتیی منداڵ، چونكە منداڵەكان كاتێك پێكەوە یاریدەكەن لاسایی یەكتر دەكەنەوە و هەڵەكان بۆ یەكتر ڕاستدەكەنەوە و لەیەكترەوە فێردەبن و یارمەتی یەكتر دەدەن بەبێ ئەوەی هەستیپێبكەن
    -گرنگی یارییە زمانییەكان بۆ مامۆستا :یارییەكان یارمەتیدەرێكی ڕاستەقینەی باشن بۆ مامۆستایان، چونكە لەگەڵیاندا پۆلێكی بێزاركەر دەبێتە شوێنێكی نایاب بۆ منداڵان، كە تێیدا كارامەییەكان لە كاتی یاریكردندا پەرەیان پێدەدرێت. یارییەزمانییەكان پاشخانێكی دەستبەجێ دەخەنە بەردەست مامۆستا، كە دەشێت وەكو دووپاتكردنەوە و پێداچوونەوە و دەوڵەمەندكردن لە فێربووندا بەكاربهێنرێت و هەڵی بەشداریكردنی یەكسان بۆ منداڵان زیاد دەكات .
    یارییە زمانییەكان یەكێكن لە رێكار و ئامرازە سەرەكییەكان، كە مامۆستا لەگەڵ منداڵ، یان فێرخوازدا بەكاریدەهێنێت و زۆر سوودی هەیە بۆئەوەی كەشی فێربوون بۆ منداڵ ئاسان و خۆش بێت، بەم پێیەش بارە قورسەكە لە كاتی پڕۆسەی فێربوون و خوێندندا، لە سەرشانی مامۆستا كەمدەبێتەوە.
ھەواڵی زیاتر