به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی و كاره‌با گه‌ڕایه‌وه‌ ئاستی ئاسایی

چواس خالید – هەولێر

دوای هێرشكردنه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی و وزه‌ی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئاستی ئاسایی خۆی.

گ٢٧ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌حمه‌د موفتی بریكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی و وزه‌ی كاره‌با له‌ كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئاستی ئاسایی خۆی.
بریكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر، كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی گاز و كاره‌با، كه‌ تێیدا هاووڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ندبوونه‌، به‌ڵام كارمه‌ندانی كێڵگه‌كه‌ توانیان به‌ پیشه‌ییانه‌ و له‌ كاتێكی كه‌مدا گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كان چاره‌ بكه‌ن.
بە بەرهەمی گازی كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر، ڕۆژانه‌ چوار هه‌زار و دوو سه‌د مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌و بڕه‌یه‌ دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د مێگاواتی بۆ هه‌رێمی كوردستانه‌ و ٦٧%ی كاره‌بای هه‌رێی كوردستان دابین ده‌كات، شه‌وی پێنج شه‌ممه‌ ٢٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤، به‌ درۆن هێرشكرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی نه‌وت و غازی كۆرمۆر له‌ سنووری ناحیه‌ی قادركه‌ره‌م له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی.
به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ڕاگیرا و بووه‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی زیادتر له‌ دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د مێگاوات به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان.
٢٦ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، پاش هه‌وڵ و كۆششی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی كاره‌با و تیمه‌كانی كۆمپانیای دانه‌غاز، تواندرا گرفتی به‌رهه‌مهێانی غاز له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر چاره‌ بكرێت، له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ ڕێگه‌ی سه‌نته‌ری كۆنترۆڵی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، سه‌رقاڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی كارپێكردنی یه‌كه‌كانی وێستگه‌ غازییه‌كانی كاره‌بان.
كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر له‌ سنووری ناحیه‌ی قادركه‌ره‌م له‌ پارێزگای سلێمانی هه‌ڵكه‌وتووه‌، ڕووبه‌ره‌كه‌ی سه‌د و سی و پێنج كیلۆمه‌تر دووجایه‌، له‌ لایه‌ن كۆمپانیای دانه‌غاز و كۆمپانیای هیلالی ئیماراتییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی زیادتر له‌ چوار سه‌د و په‌نجا ملیۆن پێ سێجا غاز و بیست و دوو هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌.
به‌هۆی ئه‌م وێستگه‌یه‌وه‌ ڕۆژانه‌ چوار هه‌زار و دوو سه‌د مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، كه‌ له‌و بڕه‌ دوو هه‌زار و هه‌شت سه‌د مێگاواتی بۆ هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ ڕێگه‌ی بۆڕییه‌وه‌ ڕێوانه‌ی وێستگه‌كانی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر ده‌كرێت و ٦٧%ی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان دبین ده‌كات، باقییه‌كه‌شی ڕه‌وانه‌ی هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و موسڵ ده‌كرێت.
یه‌ده‌گی غازی سروشتی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر، به‌ زیاتر له‌ هه‌شت ترلیۆن و دوو سه‌د ملیار پێ سێجا ده‌خه‌مڵێندرێت.