پزیشکان هۆشداریی دەدەن, نێرگەلەکێشان لە ئێستادا لای گەنجان وەک کولتوورێکی لێهاتووە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

ماوەیەکی زۆرە کێشانی نێرگەلە لای گەنجان لە کافتریا و چایخانەکاندا بۆتە کلتورێک و دیادەیەک، کافتریاکان جگە لە قاوە و نیسکافە چایی، ئێستا نێرگەلەشیان تێدا بە شیوەیەکی ئاسایی دەکێشرێت، کوڕان و کچانیش بە شیوەیەکی خوویان داوەتە نیرگەلە کێشان، پزیشکان هۆشداری دەدەن لە کێشانی نێرگەلە و دەڵین زیانی چەند هێندەی جگەرەیە، بەتایبەت بۆ ئافرەتان مەترسی گەورەشی بۆ خانمانی دووگیان هەیە، بەشێک لە ئافرەتانی نێرگەلە کێش دەڵێن گیرۆدەی نێرگەلە کێشان بوون و ناشتوانن وازی لێ بهێنن.

ئەحمەد جەلیل، گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵە و ڕۆژانە دووجار لەکاتی جیادا نێرگەلە دەکێشێت، ئەو بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: من خێزاندارم و خاوەنی یەک منداڵم، بە هاوسەرەکەم گوتووە کە من بێ نێرگەلە ناتوانم، بۆیە لە کاتژمێر ١٠ی شەوەوە کاتی خۆم نادەمە هیچ کەسێک، خێزانم کە منداڵی بوو، من ١٠ی شەو خەستەخانەم بەجێهێشتوو چووم بۆ نێرگەلە کێشان. ڕوژانە زیاتر لە ٦ کاتژمێر نێرگەلە دەکێشم و زۆر پێوەی گرێدراوم، لەم کاتەدا دوو نێرگەلە دروست دەکەم و بەردەوام بەکاریان دێنم و ھەموو کاتی بە کێشانی نێرگەلە و توڕەکومەڵایەتیەکان دەڕوات. ناتوانم واز لە نێرگەلە بھێنم، من خۆم ئەزموون کردووە تەنیا دوو ڕۆژ توانیم نەیکێشم، ھەر چەند دەزانم نێرگەلە زۆر خراپە، بەڵام ھاوڕێیەکی نزیکی منە.
دڵزار عەبدوڵا، گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵە، ماوەی سێ ساڵە نێرگەلە دەکێشێت، بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: لەگەڵ هاوڕێکانم دوو ڕۆژ جارێک دەچینە کافتریا، نێرگەلە سەرەکیترین شتە کە داوای دەکەین، دوو بۆ سێ سەعات بە نێرگەلە کێشان کات بەسەر دەبەین، زۆرجار کە دەچین نانی بەیانی بخۆین نێرگەلەش داوادەکەین، ئەوە ئێستا ئۆفەرە و هەرزانتریش دەکەوێت، لە ژوورەکەی خۆشم نێرگەلەم داناوە هەموو شەوێک دەیکێشم، ئێستا وەک ئالودەی نێرگەلەم لێهاتووە ئەگەر نەیکێشم ڕۆژێک ناتوانم خەوم لێ بکەوێت.
دەشڵێت: پێم وایە نێرگەلە هیچ زیانێکی نیە بۆ تەندروستی و بەپێچەوانەوە ئەگەر نەیکێشم توشی سەرئێشە دەبم و باری دەروونیم تێک دەچێت، نێرگەلە دەروونم ئارام دەکاتەوە و نێرگەلە پاڵنەرە و کاتێک دەیکێشم هەست بە ئارامی دەکەم.
هەر لەو بارەیەوە دکتۆرێکی بواری ئافرەتان دەڵێ: نێرگەلە جگە لەو زیانە تەندروستییانەی بەهۆی دووکەڵ و مادەی قەتران ونیکۆتین و گلیسریل، کە لە نێرگەلەدا هەن و هۆکارن بۆ توشبوون بە چەندان نەخۆشی مەترسیدار، نێرگەلە کێشان مەترسی زۆری هەیە بۆ خانمانی دووگیان و توێژینەوە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە ئەگەر خانمی دووگایان نێرگەلە بكێشێت، منداڵەکەی کێشی کەمتر دەبێت لە کێشی ئاسایی منداڵی دیکە، هەروەها ئەگەریشی هەیە منداڵەکە بە شێوەیەکی ناتەندروست لەدایک ببێت. ئەو مەترسییانە لەلای هەندێک ئافرەت بوونەتە هۆی وازهێانن لە نێرگەلە، بەڵام لەلای هەندێکی تر لە دوای زانینی مەترسیەکانیشی وازیان نەهێناوە و دەلێن، بەتایبەت ئەوانەی ساڵانێکی دوورودرێژە نێرگەلە دەکێشن، قسەی سەرەکییان ئەوەیە تازە نێرگەلە لەگەڵ خوێنیان تێکەڵ بووە و ناتوانن وازی لێ بهێنن.
ئەو پزیشکە دەشڵێت: جگە لە هۆکار بۆ توشبوون بە چەندان نەخۆشی، نێرگەلە کێشان یەکێکە لە هۆکارەکانی مردنی کۆرپەلە، لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو مادە کیمیاویانەی ناو نێرگەلە، بەرگری منداڵەکە دادەبەزێت و دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی خوێن و مردنی منداڵ، هەرەوەها هۆکارە بۆ مردنی کتوپڕی کۆرپەلە چ لەناو سکی دایکیدا، چ لە کاتی لەدایکبوون.
سەرەتا حاڵەت بوو دواتر بوو بە دیاردە، ئێستا وردە وردە ئاسایی دەبێت، ئەمەش هۆکارەکەی تەنیا بۆ چاولێکەری دەگەڕێتەوە، تۆرەکۆمەڵایەتییەکانیش بەتایبەتی سناپ چات هۆکاری سەرەکی ئەم چاولێکەریەن، ئێستا کچان بەداخەوە بەشێکی زۆریان وایان لێهاتووە تووشی درۆ کردن دەبن لەگەڵ خێزانەکەیان، بەناوی ماڵی هاوڕێ و بازاڕ کردنەوە دەچنە کافتریاکان و نێرگەلە دەکێشن، ئەمە هەر لە کافتریاکان نیە، ئێستا لە قوتابخانەکان هەندێک لە قوتابیان “ڤەیپ” دەبەنە قوتابخانە و بەدزییەوە هەڵی دەگرن لە توالێتی قوتابخانەکان دیکێشن، ئەمە زۆربەی کات لە کاتی پشکنینی قوتابیان ئاشکرا دەبێت.
بە گوێرەی بەدواداچونی شارەزایانی تەندروستی، لەناو نێرگەلەدا ماددەی کحولی زور ھەیە و لە ھەندێک شوێن ماددەی ھوشبەریش بەکاردێنن بۆ کێشانی نێرگەلە، ئەمە وا دەکات گەنجان و ئەو کەسانەی نێرگەلە دەکێشن مودمن بن بە کێشانیەوە. توێژەرانی دەروونی هۆکاری تەشەنەکردنی بەو جۆرە فراوانەی نێرگەلە کێشان بەتایبەت لەناو خانماندا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردەیەکی چاولێکەریە.

ھەواڵی زیاتر