(د. ئەدیب عومەر): ئەوانەی كە توشی غوودەی تەمەڵ دەبن سەرەتا هەست بە بێهێزی دەكات، هەموو گیانی دێشێت، ئازاری ماسولكەی هەیە، زۆرجاریش كێشی زیاد دەكات

نەخۆشی غودە رژێنی پەریزادە، ئەم رژێنە لەشێوەی پەپولەدایە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی پێشەوەی مل قەبارەکەی نزیکەی 5 سانتیمەتر و كێشی نزیكه‌ی ٢٠ گرام ده‌بێت، فەرمانی سەرەکی ئەڕژێنە دەردانی هەردوو هۆرمۆنی T3 و T4 کە کاری سەرەکیان ڕێكخستنی مێتابۆلیزم و پله‌ی گه‌رمیی له‌ش و لێدانی دڵە.

بەگشتی چوار جۆر نەخۆشی غودە هەیە بەڵام دوو جۆری نەخۆشی غودە زۆر باوە:
‎1-غودەی تەمەڵ : کە وەک پێویست هۆرمۆن دەرنادات.
2- غودەی هار( غودەی سام): واتە زیاد دەردانی هۆرمۆنی غودە.
د. ئەدیب عومەر پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و غوودە ئاماژە بە نەخۆشییەكەو ئەرك و فەرمانەكان و نیشانەكانی دەكات:
سەرەتا د. ئەدیب عومەر لە بارەی ڕژێنی غوودە و ئەركی ڕوونیدەكاتەوە كە: غودەی دەرەقی ڕژێنێكی خوێنە دەكەوێتە بەشی پێشەوەی مل، ئەم غوودەیە هۆرمۆنێك دەڕێژێت پێی دەڵێن هۆرمۆنی ژیان، لەبەر ئەوەی هەموو زیندە چالاكییەكانی لەش ئەم هۆرمۆنە ڕێك دەخات وە وزە لەو خواردنە وەردەگرێت كە دەیخۆین، هەروەها پلەی گەرمی لەش ڕێك دەخات.
غودە كە دەكەوێتە پێشەوەی مل شێوەی پەپولەی هەیە، وەك هەموو ئەندامەكانی لەش ڕوو بەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، نەخۆشییەكەش بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت بە چوار بەشەوە.
ئەم هۆرمۆنە كە زیاد دەڕێژێت پێی دەوترێت غوودەی چالاك، یانیش كەم دەڕێژێت پێی دەڵێن غوودەی تەمەڵ، یانیش هەروەك هەموو ئەندامەكانی تر توشی گرێ دەبێت، یاخوود ئەستوردەبێت و قەبارەكەی گەورە دەبێت بەڵام لە قەبارەیەكدا دەوستێت نە زیاد دەكات و نە كەم.
هەروەك باسمانكرد چوار جۆر نەخۆشی غودە هەیە، لەوانە مەترسیدارەكە بریتیە لە بوونی گرێكە”خانەی شێرپەنجەیی”، بەڵام باوترینیان غودەی چالاكە، كە بە غوودەی سام لە نێو خەڵك ناسراوە، هەوەها غوودەی تەمەڵ كە ئەم دوو جۆرەیان زۆرترین جۆری نەخۆشییەكەن.
(د. ئەدیب عومەر ) نیشانەكانی غوودە دەخاتە ڕوو:
غوودەی تەمەڵ: ئەگەر بێت و باسی لێوە بكەین، كەسەكە سەرەتا هەست بە بێهێزی دەكات، هەموو گیانی دێشێت، ئازاری ماسولكەی هەیە، زۆرجاریش كێشی زیاد دەكات، پرچی تەنك دەبێت و نینۆكەكانی ئەوەرێت، پێستی ووشكدەبێت، نەخۆشەكە تووشی خەمۆكی و تەمەڵی دەبێت ئارەزووی زۆرخەوتن دەكات و، تەنگەنەفەس دەبێت.
غوودەی چالاك “سام”: بەهۆی ئەوەی هۆرمۆنەكە زیاتر لە ڕێژەی خۆی دەڕژێت، نەخۆشەكە هەست بە ووزەیەكی زیاتر دەكات، لێدانی دڵی خێراتردەبێت، هەست بە گەرما دەكات، ئارەزووی خواردنی زۆردەبێت بەڵام كێشی دادەبەزێت، لە خانمان سووڕی مانگانەیان تێكدەچێت و ماوەی خوێنەكەی كەمدەبێت، كاریگەری لە سەر چاو و قژی دەبێت.
دەست نیشانکردنی نەخۆشی غودە
‎* ئەم هۆرمۆنەیە لەریگەی پشکنینی خوێنەوە دەستنیشان دەکریت بە ئامێری هۆرمۆنات لەسیرەمی خوێنەکە.
‎‌‌‌سۆنەر بۆدڵنیابوون لە قەبارە و شێوەی ڕژێنەکە. ‎ تیشک بۆدڵنیابوون لەشوێن و بارودۆخی ڕژێنەکە.
‎* پشکنینی لەکاتی بوونی هەر برین و ناڕێکیەک لەشێوەی ڕژێنەکەدا هەبێت کە گومانی شێرپەنجەی لێبکرێت.

ھەواڵی زیاتر