توێژینەوەیەکی بەریتانی چەند مەترسییەکی خاولیی پیس ئاشکرادەکات

توێژینەوەیەکی زانکۆی رۆیاڵ لە ئینگلاند ئاشکرای دەکات، خاولیی پیس دەکرێت ببێتەهۆی هەوکردنی تووند لە پێست و چاوەکان، پسپۆڕێکیش دەڵیت: بەهۆی خاولی پیسەوە ئەگەری ژەهراویبوون هەیە. 

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی رۆیاڵ لە ئینگلاند دەریدەخات، 3٪ـی دانیشتووانی بەریتانیا کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ساڵانە یەکجار خاولییەکانیان دەشۆن، هەروەها خانمان زیاتر پابەندن بە شۆردنی خاولییەکانیان.

ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا دەڵێت: ‘هەوکردنەکان، هەستیاری و ژەهراویبوون’ دەکرێت لەڕێگەی خاولی پیسەوە بگوازرێنەوە و ژیانی تاک بخەنە مەترسییەوە. 

د. چارلس گێربا، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی لەم بارەیەوە پێی وایە کە خاولی بەجیا بشۆردرێت باشترە، تاوەکو ئەو میکرۆبانەی لەسەریەتی تێکەڵ بە جلوبەرگی دیکە نەبن، چارلس دەڵێت: هەرکاتێک خاولی زبر بوو ئەوا مانای وایە کاتی گۆڕانی هاتووە. 

بە گوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی پێستی ئەمریکی، ‘دروستبوونی زیپکە، هەوکردنەکانی پێست، هەستیاری، هەوکردنی تووندی چاو، ژەهراویبوون و تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە’ دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی خاولی پیسەوە دووچاری جەستە ببنەوە. 

کۆمەڵەکە پێشنیازدەکات، وەرزشڤانان راستەوخۆ دوای وەرزشەکەیان ئەگەر خاولیان بەکارهێنا، بیشۆن، چونکە ئەمە وادەکات مەترسیی تووشبوونیان بە هەوکردنە کەڕووییەکان و هەستیاری لەڕێگەی خاولیی پیسەوە کەمببێتەوە، هەروەها تایبەت بەوانەشی کە پێستیان هەستیارە دەڵێت: رۆژانە خاولییەکانیان بشۆن. 

ئەو کۆمەڵەیە ئاماژە بەوانەش دەکات، ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە و تووشبووی نەخۆشییە درێژخایێنەکانن دوو رۆژ جارێک خاولییەکانیان بشۆن، چونکە بە بەرکەوتنیان لەگەڵ خاولی پیس، دەکرێت زیانی گەورە بەر تەندروستییان بکەوێت و بە تووندی تووشی هەوکردن ببن.

ھەواڵی زیاتر