لە شاری هەولێر ٤٧هەزار نەمام دەچێنرێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و هەنگاونان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەڵمەتێکی نەمام چاندنی لە شاری هەولێر دەستپێکرد.

مەراسیمەکە بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تورکیا مەھدی ئەکەر، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و چەندین بەرپرس و کاربەدەستی تر دەستیپێکرد و بڕیارە لەو پڕۆسەیەدا ٤٧هەزار نەمام بچێندرێت. کە لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات، پڕۆژەکەش لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردنی ژینگە و ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە بە ناوی (نەفەس)ـە و سەرجەم نەمامەکانی پڕۆژەکە لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیاوە دابینکراوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم.
لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو طوتی: “ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی هەماهەنگی و کارکردنی بەیەکەوەیمانە لەگەڵ کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، کە بە خۆشحاڵییەوە کۆنسوڵی تورکیا لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە هەرێم لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ پەیوەندییەکی زۆر باشی هەبووە”.
لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا ژینگەی کوردستان بە گەورەترین سەرمایەی هەرێم وەسفکراوە، هەربۆیە بەدەوام کار بۆ پاراستن و جوانترکردنی کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا هەوڵی داوە تا بتوانێت بە سەوزکردن و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی شار و شارۆچکەکان گۆڕانگاری لە ژینگەی هەرێمدا بکات و ئامادەکاری بکات بۆ ڕووبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. بەگوێرەی داتاكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان بۆ ١٨٪ زیادی كردووە.

ھەواڵی زیاتر