لە هەرێمی كوردستان 106 هەزار و 720 نەخۆشی شەكرە تۆماركراون

د. كاوە خەلیل بەڕێوبەری گشتی كاروباری تەندروستی، لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند:”بە هۆی گۆڕانی شێوازی ژیان، لە تەواوی جیهاندا نەخۆشی شەكرە ڕووی لە زیادبوون كردوە، ئاماژەی بەوەشدا لە هەرێمی كوردستان 106 هەزار و 720 نەخۆش تۆماركراون لە سەنتەرەكان، كە ئەمەش ڕێژەیەكی زۆره”.

گوتیشی ”:وەك وەزارەتی تەندروستی ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكەین كە پێویستە ئەم نەخۆشییە بە هەند وەربگیرێت، چونكە ئەگەر هاتوو نەخۆشییەكە كۆنتڕۆڵبكرێت ئەوا هەر وەك ئەنفلۆنزایەكی ئاسایی لێدێت و چارەسەریی زۆر ئاسانه”.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەكیدا لە بارەی نەخۆشییەكەوە، لە چەند خاڵێكدا ڕێنماییەی بە هاووڵاتیان دا:
١-شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە، واتا دەبێ چاودێری شەکرەش درێژخایەن بێت، تەنھا خواردنی دەرمان بەس نییە، کەسی تووشبوو پێویستە شەش مانگ بۆ ساڵی جارێک لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ھەڵسەنگاندنێکی گشتیی بۆ بکرێت.
٢-پشکنینی شەش مانگ یان ساڵی جارێک بۆ: فشاری خوێن، چەوریی خوێن، پشکنینی فرمانی گورچیلەکان، پشکنینی چاو، پشکنینی قاچەکان و موولوولە دەمارەکانی پەلەکان، پشکنینی دڵ، سەرەکیتریین پشکنین و ھەڵسەنگاندنەکانن!
٣-پارێزیی کردن لە ڕێگای خواردنێکی رێکخراوی تەندروست، دابەزاندنی کێشی لەش، وەرزشێکی تەندروست، بە خاڵی سەرەکیی چارەسەری شەکرە دادەنرێن!
٣-دەرمانەکانی شەکرە (حەب و ئینسۆلین و جۆرەکانی تر) ھەرکاتێ پێویستی کرد دەبێت بەکاربێت، نابێ بە قسەی نازانستیی گوایە فێری دەرمان دەبم، دەرمانی شەکرە نەخورێت!
٤-شەکرە لە سەرتاسەری جیھاندا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ھۆکاری سەرەکیش زیادبوونی کێشی لەش و تەمبەڵیی و کەم وەرزشیی، خواردنی ناتەندروست (زۆر خواردنی شەکرەکان و خواردنەوە گازییە پڕ شەکرەکان و شیرنەمەنییەکان و خواردنە خێراکان)ە! تکایە بۆ پاراستن لە تووشبوون لە شەکرە، دەبێ ڕێگریی لەم حاڵەتانەی سەرەوە بکرێت.
٥-ھەندێ خواردنی کولتوری کە باس دەکرێت بۆ شەکرە، ھەندێکیان دەشێ سوودێکی کاتییان ھەبێت، بەلام ھیچ کات جێگرەوەی پارێزییەکی باش و خواردنی دەرمانەکانی شەکرە نین!
٦-لە ڕووی زانستییەوە تا ئێستا ئەوە نەسەلمێندراوە کە خواردنی ھەندێ گژو گیا و تاڵیی دەبێتە ھۆی چارەسەریی کۆتایی شەکرە! بۆیە دەبێ پرس بە پزیشک بکرێت پێش ھەر ھەنگاوێک.
٧-چاک بوونەوەی یەکجاریی لە شەکرە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، زۆر قورسە، بەلام ڕێگریی کردن لە کاریگەرییە نەرێنییەکان و ماکە نەخوازراوەکانی کە باسکران، زۆر ئاسانە و دەتواندرێت کەسی تووشبوو بە شەکرە ژیانێکی زۆر ئاسایی بژیێت.
ناوەڕاستی هەموو مانگێكی تشرینی دووەم بەیادی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شەکرە دەكرێتەوە.
ساڵانە لەهەمووجیهاندا گرنگیەکی تایبەت بەم ڕۆژە دەدرێت و چەندین سیمینار و کۆڕوکۆبوونەوەو چالاکی ئەنجام دەدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەهیوای کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون و باشترکردنی بارودۆخی ئەونەخۆشانەی کە لەسەرچارەسەرین وە قسەکردن لەسەر نوێترین چارەسەرییەکان.