گرنگترین سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی مێخه‌ك چین؟

مێخه‌ك یه‌كێكه‌ له‌ رووه‌كه‌كان و له‌ خانه‌ی (به‌هارات)ـه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ بۆن و تامه‌تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ك بۆن و هاوكات بۆ جوانكاری ئافره‌تان به‌كار ده‌هێنرێت، وه‌ك نه‌ریتێك له‌ كوردستان له‌ شه‌وی یه‌ڵدادا به‌هه‌مان شێوه‌ كچان و كوڕان سێو مێخه‌ڕێژ ده‌كه‌ن.

مێخه‌ك سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ ژیانی و ئیستاتیكییه‌ی هه‌یه‌تی، چه‌ندین سوودی ته‌ندروستی بۆ مرۆڤ هه‌یه‌. زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌ پزیشكی و ته‌ندروستییه‌كان سه‌رنج ده‌خه‌نه‌ سه‌ر بایه‌خی سووده‌كانی، به‌شێوه‌یه‌ك پێیان وایه‌ به‌كارهێنانی گوڵی مێخه‌ك ده‌توانێت چه‌ندین سوودی ته‌ندروستی بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بكات و رێگه‌ له‌ چه‌ندین نه‌خۆشی پێشوه‌خته‌ بگرێت، جگه‌ له‌وه‌ش سووده‌كانی مێخه‌ك له‌ وه‌رزێكه‌وه‌ بۆ وه‌رزێكی دیكه‌ جیاوازیان هه‌یه‌.

توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه‌ مێخه‌ك به‌ دژه‌ئۆكسان ده‌وڵه‌مه‌نده‌، واتا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئازاره‌ جۆراوجۆره‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌تایبه‌ت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی سووتانه‌وه‌كان (التهابات)، هاوكات له‌گه‌ڵ باشتركردنی كاری ده‌زگای به‌رگری جه‌سته‌.

مێخه‌ك له‌ كۆنه‌وه‌ واتا له‌ سه‌رده‌می به‌كارهێنانی گژوگیا وه‌ك چاره‌سه‌ری تا به‌ رۆژگاری ئێستا ده‌گات، به‌وه‌ ناسراوه‌ یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بریتییه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و دژه‌به‌كتریا به‌تایبه‌تی ئازاری ددان و بۆنخۆشكردنی ده‌م. به‌گشتی مێخه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی گه‌ده‌ و باشتركردنی هه‌رسی گه‌ده‌ و هاوسه‌نگگردنی رێژه‌ی شه‌كره‌ و دڵ و بۆرییه‌كانی خوێن و سووڕی خوێن به‌كار ده‌هێنرێت و سوودی هه‌یه‌.

گرنگترین سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی مێخه‌ك ئه‌مانه‌ن:

1- به‌هێزكردنی به‌رگری جه‌سته‌

گوڵه‌مێخه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ دژه‌ئۆكسانه‌كان بۆ پاراستنی جه‌سته‌ له‌ به‌كتریا زیانبه‌خشه‌كان و به‌هێزكردنی ته‌ندروستی گشتی مرۆڤ.

2- چاره‌سه‌ركردنی ددان و پووك

مێخه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌ی دژه‌ئۆكسانه‌ و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئازار، بۆیه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ ددان و پاراستنی له‌ نه‌خۆشییه‌كانی پووك و خۆشكردنی بۆنی ده‌م به‌كار هاتووه‌. ده‌كرێت گوڵه‌مێخه‌كێك یان بڕێك هاڕدراوی گوڵه‌مێخه‌ك یانیش رۆنی مێخه‌ك به‌هۆی پارچه‌په‌مۆیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و ددانه‌ دابنرێت كه‌ ئازاری هه‌یه‌.

3- بۆ خۆپاراستن له‌ كێشه‌كانی هه‌ناسه‌دان

مێخه‌ك به‌ كۆمه‌ڵێك مادده‌ی تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی (به‌ڵغه‌م و چڵم) كه‌ به‌مه‌ش ده‌توانێت چاره‌سه‌ری به‌شێك له‌ كێشه‌كانی هه‌ناسه‌ته‌نگی بكات به‌تایبه‌تی سووتانه‌وه‌ی بۆرییه‌كانی هه‌ناسه‌دان و ره‌بۆ و هه‌ستیاری (حساسیة).

4- پاراستنی مرۆڤ له‌ شێرپه‌نجه‌

مێخه‌ك یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ پاراستنی مرۆڤ له‌ هه‌ندێك جۆره‌كانی شێرپه‌نجه‌. توێژینه‌وه‌ نوێیه‌كان سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، مێخه‌ك خاوه‌نی توانایه‌كی كاریگه‌ره‌ بۆ رێگریكردن له‌ گه‌شه‌كردنی گرێ و كوشتنی شانه‌ شیبووه‌وه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی سووتانه‌وه‌ و رێگه‌ له‌ تووشبوون له‌ هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانی شێرپه‌نجه‌ ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له‌لای ئافره‌تان.

5- پاراستنی ئێسك

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی و سووده‌كانی مێخه‌ك بریتییه‌ له‌ پاراستنی ئێسكه‌كان، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێخه‌ك به‌ ئاوێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی مادده‌ كیماوییه‌كانی فینۆڵییه‌كانه‌، كه‌ ئۆجینۆل و پێكهاته‌كانی ده‌گرێته‌وه‌ و به‌وه‌ ناسراون كاریگه‌ری بنبڕكه‌ریان بۆ نه‌هێشتنی نه‌خۆشییه‌كانی ئێسك هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئێسكی لاواز.

6- مێخه‌ك بۆ به‌هێزكردنی ئاره‌زووی سێكسی

مێخه‌ك یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ زیادبوون و به‌هێزكردنی ئاره‌زووی سێكسی له‌لایه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مژینی چه‌ند گوڵه‌مێخه‌كێك یان خواردنه‌وه‌ی كوپێك هاڕدراوی مێخه‌ك به‌ گه‌رمی یان به‌ كوڵاوی رۆژانه‌ له‌ خورێنی ده‌بێته هۆی زیادبوون و به‌هێزبوونی ئاره‌زووی سێكسی. مێخه‌ك به‌ ترشی له‌ینۆلیك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ كه‌ توانای سێكسی زیاد ده‌كات و سووڕی خوێن چالاك ده‌كات. هه‌روه‌ها هاوكاره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی وشكبوونی ئه‌ندامی زاوزێ، كه‌ ئه‌مه‌ش ئاره‌زووی سێكسی به‌تایبه‌تی له‌لای پیاوان زیاتر ده‌كات.

مێخه‌ك خاوه‌نی چه‌ندین چاره‌سه‌ری دیكه‌یه‌ و مرۆڤ ده‌توانێت وردتر زانیارییان له‌باره‌وه‌ وه‌ربگرێت و وه‌ك نه‌ریتێكی رۆژانه‌ به‌كاریبهێنێت و له‌ سووده‌كانی به‌هره‌مه‌ند بێت.

هه‌روه‌ها سێوی مێخەکڕێژ له‌ كۆنه‌وه‌ له‌ناو كورددا بووه‌ته‌ نه‌ریت کاتێک خۆشەویستەکان یاخود هاوسەرەکان لە یەکتر دەڕەنجان، سێوێکیان بە گووڵی مێخەکی وشکراوە رووپۆش دەکرد، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئاشتبوونه‌وه‌.

سێوی مێخه‌كڕێژ دوو تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی هه‌یه‌. یه‌كه‌میان بۆنێكی تایبه‌ت په‌یدا ده‌كات. هاوكات هه‌ر سێوێكی مێخه‌كڕێژكراو، توانای هه‌یه‌ به‌رگری له‌ ته‌مه‌نی خۆی بكات، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت تا سه‌د ساڵ ته‌مه‌نی ببێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ ته‌مه‌نی جاویدانی خۆشه‌ویستی نێوان خۆشه‌ویستان.