لە ھەرێمی کوردستان ٢٨ سەنتەری تایبەت بە ڕاھێنانی منداڵانی ئۆتیزم ھەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ھەرێمی کوردستان ٢٨ سەنتەری تایبەت بە ڕاھێنانی منداڵانی ئۆتیزم ھەن کە نزیکەی ھەزار و سەد منداڵ لەو سەنتەرانە ڕاھێنانیان پێ دەکرێت

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: کار بۆ ئەوە دەکەن لە ھەموو قەزاکانی ھەرێمی کوردستان سەنتەری منداڵانی ئۆتیزم بکەنەوە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمی حکوومی لە قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، ھەوڵ دەدەن سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە ھەموو قەزاکان بکەنەوە.
کوێستان محەممەد، دەشڵێ: ڕێنمایی سەنتەری ئۆتیزمیان بە شێوەیەک ھەموارکردووەتەوە، کەرتی تایبەت بتوانێت و کارئاسانی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی سەنتەری ئۆتیزم بکاتەوە و کرێی وەرگرتنی منداڵدانی ئۆتیزم داببەزێت.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوەشی خستەڕوو: ناوی ئەو منداڵانەی ئۆتیزم کە تۆمارنەکراون، پشکنینمان بۆ کردوون و ناوەکانیان ئامادەکردوون، ئومێدەوارین لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدات لەسەر ئەوەی مووچەیان بۆ دابین بکرێت.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەشڵێ: ئێستە ھەموو منداڵێکی ئۆتیزم لە ھەرێمی کوردستان، بێبەرامبەر لە نەخۆشخانەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و چارەسەر وەردەگرن، ھەروەھا ئەگەر منداڵێکی ئۆتیزم و خێزانەکەی، گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، لە فڕۆکەخانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک کارەکانیان بەڕێدەکرێت، بێجگە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکە کە بۆیان دابینکراون.