هۆكارەكانی هەوكردنی میزەڵان

هەوكردنی كۆئەندامی میز و میزەڕۆ، یەكێكە لە نەخۆشیە باوەكان و بە شێوەیەكی گشتیش لەناو خانماندا زیاترە وەك لە پیاوان؛ لەبەرئەوەی لوولەی میزیان زۆر كورتترە بەراورد بە پیاوان؛ د. كاوە فەقێ ڕەحیم پسپۆڕی نەخۆشیەكانی كۆئەندامی میز و میزەڕۆ لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت: لە كاتی هەوكردنی سادەی میزەڵان یاخود بۆریی میزدا ئەگەر نەخۆشەكە چارەسەری پزیشكییش بەكار نەهێنێت بەڵام ئاو زۆر بخواتەوە، بە دوو سێ ڕۆژ هەوكردنەكە نامێنێت.

هەولێر: هۆكارەكانی نەخۆشیەكە چیە لەچی كاتێكدا زیاتر ڕوودەدات؟
د كاوە فەقێ ڕەحیم: هەوكردنەكە بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی جۆرە میكرۆبێكەوە دەبێت كە پیدەوترێت ئیكۆلای خۆی لەباری ئاسایدا لەناو خۆئەندامی هەرسی مرۆڤدا هەیە و كاتێك دەچێتە كۆئەندامی میزەوە كەسەكە تووشی ئەم جۆرە هەوكردنە دەكات، بەڵام جاری واهەیە ئەم جاری واهەیە ئەم جۆرە هەوكردنە لە ڕێگەی كەڕووەوە دەبێت لە خانماندا بەگشتی لە تەمەنی سەروو پەنجا ساڵانەوە ڕوو دەدات بەتایبەت لەوكاتەی سووڕی مانگانەیان دەوەستێت؛ بە هەمان شێوە بەهۆی بەرزی رێژەی چالاكیە سێكسیەكانەوە لەنێوان تەمەنی بیست بۆ سیوپێنج ساڵاندا زۆر ڕوو دەدات لە پیاوانیشدا بە شێوەیەكی گشتی لە دوای گەورەبوونی پرۆستاتەوە دەست پێدەكات.

هەولێر: نیشانەكانی هەوكردنەكە چیە؟
د كاوە فەقێ ڕەحیم: دەتوانرێت بە دوو گرووپ نیشانەكان بخەینە ڕوو گروپێكیان لەو كەسانەدا كە تووشی هەوكردنی بەشی خوارەوەی كۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەبن واتە میزەڵان و بۆریی میز هەست دەكەن بەرمیزەڵدانیان ئازاری هەیە؛ هەروەها لەو كاتەی كە میز دەكەن هەست دەكەن بەرمیزەڵانیان دەكرێتەوە، زوو زووش دەچن بۆ میزكردن هەندێك جاریش تووشی میزەچركە دەبن، واتە نەخۆشەكە فشارێكی زۆری بۆ دێت كەوا تێدەگات میزەڵانی پڕە و ناچارە دەچێت بۆ سەرئاو، كاتێك دەچێتە تەوالێت میزی كەمی پێیە، لەگەڵ ئەوەشدا جاری وا هەیە میزەكە خوێنی پێوەیە، بەڵام لە گروپەكەی تردا ئەو كەسانە كە تووشی هەكردنی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەبن واتە هەوكردنی گورچیلە و بۆریی گورچیلە لەم حاڵەتەدا نیشانەكانی بەشی خوارەوەی كۆئەندامی میز و میزەڕۆیان تێدایە، لە هەمانكاتیشدا ئازاری كەلەكانیان دەبێت، زۆرجاریش نەخۆشەكە تای لەگەڵ دەبێت، عارەقێكی زۆر دەكات، لەزر جەستەی دادەگرێت.

هەولێر: كاتی دیاریكراوی نەخۆشەكە چەندە؟
د. كاوە فەقێ ڕەحیم: لەكاتی هەوكردنی سادەی میزەڵان یاخود بۆری میزدا ئەگەر نەخۆشەكە چارەسەری پزیشكییش بەكار نەهێنێت بەڵام ئاو زۆر بخواتەوە لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا هەوكردنەكە نامێنێت بەڵام زۆر جاریش بۆی هەیە نەخۆشەكە چاك نەبێتەوە هەتا چارەسەری پزیشكی وەرنەگرێت لەم حاڵەتەدا ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەگەر زۆرە هەوكردنە بە ناو هەوو جەستەدا بڵاو ببێتەوەو بچێتە ناو خوێنەوە و نەخۆشیەكە قورستر بكات.
هەولێر: چارەسەری ئەم جۆرە هەوكردنە چییە؟
د. كاوە فەقێ ڕەحیم: ئەوەی كە زۆر گرنگە هەموان بیزانن وەك چارەسەرێكی زۆر باشیشە ئەوەیە كە ئاو زۆر بخورێتەوە؛ چونكە ئاوخواردنەوەی زۆر دەبێتە هۆی زۆر میزكردن و شۆردنەوەی كۆئەندامی میز و میزەڕۆ بە شێوەیەكی بەردەوام، ئەمەش وادەكات كە بەكتریای هەوكردنەكە ببێتە دەرەوە لە لاشە و بڕوات؛ هەروەها میزكردن نابێ درەنگ بخرێت پێویستە لە كاتی خۆیدا و بەشێوەیەكی تەواو میزەڵان بەتاڵ بكرێتەوە. بۆ ئەوەش پێویستە لە كاتی میزكردندا هەوڵ بدرێت دوو جار میز بكرێت واتە جاری یەكەم لەنیوەی میزكردندا بوەستین و دواتر دەست پێ بكەنەوە لەبەرئەوەی ئەمە وادەكات كە میزەڵان تەواو بەتاڵ بێتەوە؛ چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو هەوكردنە ئەوەیە كە نەخۆش میزەڵانی، تەواو بەتاڵ بێتەوە لە كاتی میزکردن دا؛ ئەوكاتەش میزەكە لە میزەڵدان دەمێنێتەوە و پەنگ دەخواتەوە بە ئاسانی بەكتریاكە دەكاتە دەرەوەو تووشی هەكردنی ناكات.

هەولێر: زیانەكانی دواخستنی میزكردن چیە؟
د. كاوە فەقێ ڕەحیم: درەنگ میزكردن خۆی ئەگەر نەبووبێت بە خوو، كاریگەریەكی ئەوتۆی نیە، بەڵام ئەگەر یەكێك بیكات بە خوو و، میز زۆر ڕابگرێت، وردەوردە دەبێتە هۆی ئەوەی میزەڵدانی بكشێت و ئەوكات ماسوولكەكانی كە بەدەوری دەوری میزەڵاندایە گرژ دەبێت، كاتێك كە میز دەكات، میزەڵانی كرش دەبێت، ناتوانێت هەموو میزەكە بكاتە دەرەوە، ئەوكات ڕیژەیەك لە میزەكە دەمێنێتەوە، توانای بەتاڵكردنی تەواوی میزەڵانی نابێت لە میز.

هەولێر: ئایا نەخۆشیەكە لە رێگەی سەرجێییکردنەوە دەگوازرێتەوە؟
د. كاوە فەقێ ڕەحیم: بەڵێ لەوانەیە بگوێزرێتەوە، لەبەرئەوەی نەخۆشیەكە بەهۆی بەكتریاوە دەبێ و، بەكتریایش لە رێگەی بەریەككەوتن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە؛ بۆیە هەرکام لەو دوو ڕەگەزە كێشەی هەوكردنی میز و میزەڕۆیان هەبێ، پێویستە تا ئەوكاتەی هەوكردنەكە چارەسەر دەكەن لە كاتی سەرجێییکردندا كۆندۆم بەكار بهێنن بۆ خۆپاراستن.

هەولێر: ڕێنمایی و ڕێكاری خۆپارستن لە تووشبون بەم هەوكردنە چیە؟
د. كاوە فەقێ ڕەحیم: لەبەرئەوەی هەوكردنەكە بەهۆی بەكتریاوەیە، پرسی پاوكوخاوێنی زۆر گرنگە بەتایبەتی لە خانماندا، كە پێویستە دەوروبەری دامێنیان، وشک و پاكوخاوێن رابگرن، چونكە ئەمە كارێكی زۆر باش دەبێت بۆ خۆپاراستن. هەروەها لە هەردوو ڕەگەزەكەدا پێویستە لەكاتی تەوالێتكردندا بەشی پێشەوەی لەش لەپێشدا پاك بكرێتەوە پاشان بەشی دواوە، لەبەرئەوەی بەكتریا لە بەشی دواوە نەگوازرێتەوە بۆ بەشی پێشەوە و، نەبێتە هۆی هەوكردن. بە گشتییش ئاوخواردنەوەی زۆر پێویست و گرنگە هەروەها میز زۆر رانەگیرێت و پێش خەوتنیش پێویستە میزەڵان بەتاڵ بكرێتەوە لەگەڵ ئەوانەشدا هاوسەرەكان لە دوای سەرجێیی و جووتبوون پێویستە میزەڵانیان بەتاڵ بكەنەوە.