د. ئیسرا محەمەد: هەنار زۆر بەسوودە بەڵام نابێ زیادەی لێ بخورێ

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

جیا لە ڤیتامینەكانی سی و ئەی و كۆمەڵەی بی و پۆتاسیۆم و مەنگەنیز و فۆلیك ئەسید و ترشی نیكۆتین،هەنار چەندان مادەی خۆراكی بەسوودی لەخۆ گرتووە كە تایبەتمەندی دژەئۆكسانیان هەیە، هاوكات ئەگەر بە شێوەی شەربەتیش بخورێتەوە سوودی خۆی هەیە و میزپێكەرێكی سووكە و تایبەتمەندی دژەهەوكردن و ئازارشكێنی هەیە.
د. ئیسرا محەمەد، پزیشكی گشتی و پسپۆری قەڵەوی و لاوازی، ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی ئەوەی كە لە ئێستەدا وەرزی هەنارە و خەڵك بە زۆری ئارەزووی خواردنی دەكەن، بەڵام نابێت زیادەڕۆیی لە خواردنیدا بكرێت.

ئەو پزیشكە گوتی: هەنار بۆ بەرگری لەش و دڵ و لوولەکانی خوێن بەسوودە، بەڵام لەگەڵ لە بارەی زیانەكانیشیەوە بزانیت، چونكە كەسێك كە شەکرەی هەیە یان کێشی زیادە دەبێت ئاگاداری بڕی ئەو خواردنانە بین کە بەشێک کاربۆهایدرایتیان تێدایە و، هەنارنیش بەهۆی ئەوەی لە پێكهاتەكەیدا هەیەتی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کاتێک دەڵێین خواردنێک بۆ حاڵەتێک باشە، نابێت بێ پرس و ڕاوێژكردن هیچ حسابێك بۆ بڕەکەی و، تایبەتمەندیی كەسەکە نەكرێت.
د. ئیسرا محەمەد جەخت دەكاتەوە كە ئەوانەی شەکرەیان هەیە، یان کێشیان زۆرە، پێویست ناکات خۆیان بێبەش بکەن لە خواردنی هەنار، بەڵام نەک یەک دەفرەی قووڵ و گەورەی لێ دان بکەن و بیخۆن.