سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د. ئەوین بایز: گرژداگەڕانی کۆڵۆن نابێتە هۆی گۆڕانی پێکهاتەی شانەکانی ڕیخۆڵە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

حاڵەتێکی باوە تووشی ڕیخۆڵەئەستوورە (کۆڵۆن) دەبێت، بە کۆڵۆن گرژی ناسراوە، نەخۆشەکە ڕەنگە توشی پێچ، ئازاری سک، باوبژ (غازات)، سکچون یان قەبزی ببێت، حاڵەتێکی درێژخایەنە و ڕەنگە پێویست بە چارەسەر بکات.

دکتۆرە ئەوین بایز دکتۆرا لە نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری بە بینەک (نازوور) لە بارەی نەخۆشی گرژداگەڕنی کۆڵۆن چەند زانیارییەک دەخاتە ڕوو هاوكات باس لە چارەسەرییەكانیش دەكات.
سەرەتا دکتۆرە ئەوین بایز دەڵێت: تەنها ڕێژەیەکی کەم لەو کەسانەی توشی گرژبوونی کۆڵۆن بوون نیشانەکانیان قورسن و ڕەنگە پێویستیان بە دەرمان هەبێت. بەڵام هەندێک کەس تەنها لەڕێگای چاککردنی جۆری خۆراک و خواردنەوە، کۆنترۆڵکردنی سترێس و گۆڕینی ستایلی ژیانیان ئەتوانن نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەم بکەنەوە.
د. ئەوین بایز دەشڵێت: حاڵەتی گرژداگەڕانی کۆڵۆن نابێتە هۆی گۆڕین لە پێکهاتەی شانەکانی ڕیخۆڵە یان زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن وکۆم.
لە بارەی نیشانەکانی توشبوون بە کۆڵۆن ئاماژەی پێ دەكات كە: بە گشتی نیشانەکان جیاوازن لە کەسەکاندا و درێژخایەنن، سەرەکیترینیان ئەمانەن:

  • ئازاری سک، پێچ یان باوبژ (غازات) کەبەهۆی جوڵەی کۆڵۆنەوەیە لە کاتی چوونەسەرئاودا.
  • گۆڕان لە ڕێژەی پیسایکردن لە ڕۆژێکدا.
  • زیادبوونی باوبژ (غازات) و باکردن، لینجداگەڕانی پیسایی.

هۆکارەکانی گرژداگەڕانی کۆڵۆن:
د. ئەوین بایز: هۆکارە سەرەکییەکەی نەزانراوە، بەڵام چەند فاکتەرێک هەن کاریگەریان لەسەر ئەبێت، لەوانە:
1- گرژداگەڕانی ماسولکەکانی ڕیخۆڵە زیاتر یاخود کەمتر لە پێویست.
2- ناتەواوی لە سیستەمی دەمار لە کۆئەندامی هەرس، بەهۆی لاوازی ڕێکاری ڕاگەیاندنەکان لەنێوان مێشک و ڕیخۆڵەدا.
3- چڵککردن و هەوکردنی (ئیلتیهاب) ڕیخۆڵە بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە.
4- دڵەڕاوکێ و سترێسی بەردەوام، بەتایبەت لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا.
5- گۆڕانکاری لە میکرۆبە سوودبەخشەکانی ڕیخۆڵەدا کە بەشێوەیەکی سروشتی لە ڕیخۆڵەدا دەژین و ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە تەندروستیی کۆڵۆندا.
6-خۆراک، جۆر و کوالیتی خۆراک، هەروەها هەستیاری و ئاڵۆشکردن بە جۆرە خۆراکێک کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت؛ لەو جۆرە خۆراکانەش: شیر و سپیاتی (بەرهەمەکانی شیر)، پاقلەمەنی، گەنم، مزرەمەنی (لالەنگی و پرتەقاڵ و ئەو چەشنە میوانە)، خواردنەوەی گازدار.
7- سترێس، هەبوونی قەڵەقی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی یان کێشەکانی تری مێشک و دەروون؛ ئەوانەی تووشی مامەڵەی خراپ ئەبنەوە، چ لەڕووی جەستەی یان دەروونی.
8- تەمەن، زیاتر لە تەمەنی گەنجیدا، لە تەمەنی خوار 50 ساڵاندا دەردەکەوێت.
9- ڕەگەز، لە ڕەگەزی مێدا زیاتر باوە، بەهۆی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆنەوە، یاخود بەکارهێنانی دەرمانێ کە ئیسترۆجینی تێدا بێت.
10- بۆماوەیی، لە میژووی خێزاندا گرژداگەڕانی کۆڵۆنیان هەبووبێت، بەهۆی بۆماوەیی، یاخود بەهۆی بوونی یەک شێوازی ژیان.

کەی پێویستە سەردانی پزیشکی بۆ بکرێ؟
ئەگەر بەردەوام گۆڕان لە تایبەتمەندی و نیشانەکانی کۆڵۆن هەبوو پێویستە سەردانی پزیشکی بۆ بکرێ، چونکە لەوانەیە بەهۆی کێشەیەکی گرانترەوە بێ، وەکو شێرپەنجەی کۆڵۆن.

لە نیشانە مەترسیدارەكان:

  • دابەزینی کێشی لەش؛
  • سکچوونی شەوانە؛
  • خوێنەچۆڕکردنی کۆم؛
  • کەمداگەڕانی رێژەی ئاسن و خوێن؛
  • ڕشانەوە بەبێ هۆکارێکی دیار؛
  • زەحمەتی لە قووتدانی خواردندا؛
    ئەگەر چارەسەر نەکرێت ڕەنگە بەهۆی سکچوون یان قەبزیەکی بەردەوام ببێتە هۆی مایەسیری و کێشەی دیکەی کۆم.