ڤاکسین بۆ ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دروستدەکرێت

تیمێکی پزیشکی بەڕازیلی سەرقاڵی دروستکردنی جۆرە ڤاکسینێکن کە یارمەتیی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دەدات واز لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە ماددانە بهێنن.

فرێدریکۆ گارسس توێژەرە و سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینەکەیە؛ دەڵێت، “ئەمە ڤاکسینێکی چارەسەرە، یارمەتی جەستەی ئالوودەبووان دەدات بۆ ئەوەی مادەی ئەنتی کۆکاین و مادە هۆشبەرەکان دەربدەن، ئەمەش یارمەتی جەستە دەدات هێواش هێواش لەخوگرتن بەو ماددانە کەم بکاتەوە، تا ئەو کاتەی کەسەکە بەتەواوی پاک دەبێتەوە و جەستەی دەست بە کردارە سروشتییەکان دەکاتەوە”.

ئەو ڤاکسینەی زانا بەڕازیلییەکان دروستیدەکەن شێوازی کارکردنی بە جۆرێکە، هانی بەرهەمهێنانی پرۆتینێک دەدات لە جەستەدا کە دژی کۆکاین و ماددە هۆشبەرەکانە، بەو جۆرە ئەو ماددەیەی ئالوودەبووەکە دەیکیێشێت کاریگەرییەکانی ناگاتە مێشک، رۆژ لەدوای رۆژ کاریگەری ئالوودەبوونەکە لەسەر جەستە کەمدەبێتەوە و بەکارهێنەر وەک جاران حەزی بۆ ماددەی هۆشبەر نامێنێت.

راسیا لیما، توێژەرێکی دیکەیە کە لەگەڵ هاوپیشەکانی کار بۆ دروستکردنی ئەو ڤاکسینە دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، “پێموایە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پەرەپێندانی ئەم ڤاکسینە کێشەی داراییە، چونکە لەماوەکانی رابردوودا ئەم جۆرە کێشەیەمان بۆ دروستبووە،  بەڵام بەم دواییانە چەند کەسێک پشتیوانی پرۆژەکەیان کردووە و هیواخوازین بتوانین ئەو ئامانجەی هەمانە بەدی بهێنین”.

بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی تەندروستیی جیهانی، رێژەی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە سەرتاسەری جیهاندا 270 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، کە لەو ژمارەیە دوو ملیۆنیان لە بەڕازیلن؛ پسپۆڕانیش هیواخوازن ئەو کارەی زانا بەڕازیلییەکان دەیکەن، ئاسۆیەک بۆ رزگاربوونی ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر لەداهاتوودا بکاتەوە.