دكتۆر ئەركان مەنوچەهر: سەلامەتی خۆراک هێندەی ئاسایشی هەرێم گرنگە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان

دكتۆر ئەركان مەنوچەهر پشكنێنەری نێودەوڵەتی سەلامەتی خۆراك لەم چاوپێكەتنەیدا بۆ “هەولێر” ئاماژە بە ڕێكارەكانی سەلامەتی خۆراك دەكان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: سەرجەمی سەلامەتی خۆراك لەئەستۆی دەوڵەتدا نیە هاووڵاتیان دەبێت لە ڕێگەی ستایلی ژیانیانەوە وەك پاك و خاوێنی ڕۆژانەیان سەلامەتی خۆیان دەستەبەر بكەن”.

  • بەپێی ڕێكخراوە جیهانیەکەی تەندروستی ئەو نەخۆشیانە كامانەن بەهۆیی دەرهاویشتەی خۆراكەوە مرۆڤ تووشی دەبێت؟
  • زیاتر لە سێسەد نەخۆشیمان هەیە كە مرۆڤ بەهۆی دەرهاویشتەی خۆراكەوە تووشی دەبێت؛ بۆ نموونە نەخۆشینی وەك سكچون و ڕشانە و سەرئێشە تا دەگاتە نەخۆشیە قورسەكانی وەك دڵ و گەدە و شێرپەنجە.
  • دۆخی سەلامەتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
  • لە هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی خۆراك بەپێی كۆمەڵێك ڕێنماییە. سەلامەتی خۆراك بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا جێبەجێ دەكرێت خۆراك دەهێننە هەرێم، بەڵام زۆر سەیرە بۆ كۆمپانیاكانی ناوخۆ بڕوانامەی سەلامەتی خۆراك (ئایزۆ) هیچ پێوەرێكی سەلامەتی خۆراك جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆراك لە كوردستان گرفتی هەبێت.
  • بۆچی لە هەرێمی كوردستاندا یاسای سەلامەتی خۆراكمان نیە؟
  • یاسای سەلامەتی خۆراكمان نیە بەهۆی ئەوەی سەلامەتی خۆراك لەنێوان هەندێك دامەزراوەدا گوم بووە كە بریتین لە دامەزراوەی وەزارەتی تەندروستی و كشتوكاڵ و بازرگانی كە دەبێت ئاژانێك هەبێت ئەم سێ وەزارەتە كۆ بكاتەوە، ئەم هەوڵەش دراوە بە نموونە ڕەشنووسی پڕۆژەیەک هەیە بە ناوی ئاژانسی هەرێمی كوردستان بۆ خۆراك و دەرمان؛ هێشتا ئەو ئاژانسە دەستی بە كار نەكردووە و هەیكەلی بۆ دروست نەكراوە.
  • گرنگی سەلامەتی خۆراك گرنگی چیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا؟
  • سەلامەتی خۆراك هێندەی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتێك گرنگ، چونكە زۆرێك لە ژیانی مرۆڤەكان لە جیهاندا چ بە باشە بێت چ بە خراپە، بەهۆی خۆراك و دەرهاویشتەی خۆراكەوە دیاری دەكرێت؛ ساڵانە ژیانی كەسانێكی زۆر بەهۆی خۆراكەوە لەدەست دەچێت و دەمرن و بەشێكی زۆر ئابووریی وڵات لەدەست دەچێت، بە نموونە زۆری نەخۆشی و پشكنینەكانی نەخۆش بەهۆی دەرهاویشتەی خراپی خۆراكەوەیە كە ئەمەش تیچوویەكی زۆری داهاتی دەوێت ئەمەش بە لەدەستدانی ئابووری هەژمار دەكرێت.
  • لە نەبوونی یاسای سەلامەتی خۆراکدا، دەبێ هاوڵاتیانی هەرێم چی بكەن؟
  • سەلامەتی خۆراك كۆمەڵێك یاسای گشتگیری هەیە ناكرێت هەمووی وابەستە بكەیت بە دەوڵەتەوە، دەبێت هاووڵاتیانیش خەمی سەلامەتی ژیانیان هەبێت كە ئەمە بە خۆیان دەكرێت، كە بریتیە لە ستایلی ژیان؛ واتە كەسێك بۆ خۆی پاكوخاوێنی ژیانی هەبێت، تا ئەوەی پاكوخاوێنی هەبێت لە چێشتخانە و خواردنگەیەكدا؛ هەروەها پاكوخاوێنی هەبێت لە گواستنەوەی خۆراكدا تا ئەوەی پاوكوخاوێنی هەبێت، لە كارگەكاندا یاسای پاكوخاوێنی هەبێت. واتە پاكوخاوێنی تاك و كۆمەڵگا لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر گرنگە.