د. سۆزان جەلال: ئاماری نەخۆشیی وردەكیسی هێلكەدان هەڵکشاوە

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

هەبوونی کیسی هێلکەدان کاریگەریی لەسەر ئارەزووی سێکسی خانمان هەیە و بەهۆیەوە دووچاری لۆمەش دەبنەوە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە؛ د. سۆزان جەلال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون باس لە هۆكار و چارەسەری کیسی هێلکەدان دەكات و چەند ئامۆژگارییەك بە ئافرەتان دەدات.

وردەكیسی سەر هلێلكەدان، یەكێكە لە نەخۆشییە هەرە باوەكانی ئەم سەردەمە و5-10% خانمان لە تەمەنی 18 – 45 ساڵاندا (باڵغبوون تا نائومێدی) دووچاری دەبن.
وردەكیسی سەر هێلكەدان واتە دروستبوونی كیساوی وردوردی لەسەر ڕووكاری دەرەوەی هێلكەدان؛ هۆكاری تووشبوون بەم نەخۆشییە هێشتا بە تەواوی نەزاندراوە، بەڵام ئەم نەخۆشییە ناسراوە بە تێكچوونی ئەو هۆرمۆنانەی لە ژێر هێلكەدانی خانمان.
چۆن دەزاندرێت ئافرەتێك تووشی نەخۆشینی وردەكیس بووە؟
د. سۆزان جەلال ڕوونی دەكاتەوە كە بەگشتی لە نەخۆشییەكان، هۆكاری بۆماوەیی و هۆكاری دەرەكییشی هەیە. هۆكارە بۆماوەییەكان ڕوونە كە لە جیناتەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها هۆكاری ترمان هەیە وەك بەرزبوونەوەی ئەنسۆلین، لە كاتی درووستبوونی وردەكیس ئەو خانانەی بەرگری زیاد دەكات كە وا دەكات ڕێژەی گلۆكۆز بەرز ببێتەوە، هەربۆیە وادەكات ڕێژەی ئەنسۆلین بەرز بێتەوە، بەهۆی ئەم كاریگەرییانەوە هۆرمۆنی نێرینە زیاد دەكات و، كەسەكە مووی دەموچاوی زیاد دەکا؛ زیبكەدەرکردن و هەڵوەرینی قژ و گڕداگەڕانی دەنگ، ئەوانەش نیشانەن.
یەكێكی تر لە نیشانە هەرە دیارەكانیش، تێكچوونی سووڕی مانگانەیە، بەمەش سووڕی مانگانەی لە 35 ڕۆژ زیاتر دەبێت، هەندێك جاریش دوو تا سێ مانگ نەخۆشەكە ناكەوێتە سووڕی مانگانە، یانیش بە پێچەوانەوە لە مانگێكدا دوو تا سێ جار خوێن دەبینێ.
چارەسەری وردەكیس
دوو جۆر چارەسەر هەیە، چارەسەری سرووشتی و دەرمان؛ د. سۆزان جەلال لەو بارەوە ئاماژە بە چارەسەرییەكان دەكات:
چارەسەرە سرووشتییەكان واتە گۆڕینی شێوازی ژیان، وەرزشكردن، خۆراك، بەڕاستی بەهۆی ئەوەی كە لەم سەردەمەدا بۆیە ووردەكیسی سەرهێلكەدان زۆر بووە، بەهۆی كەمجووڵەیی، كەمخواردنی خۆراكی سروشتی، ناڕێكی لە خەو، خواردنی شیری زۆر، مریشك، جاران مریشك بە سروشتی گەورە دەبوو، بەڵام ئێستە بە هۆی پێدانی هۆرمۆناتەوە زوو قەڵەو دەكرێن، ئەمانە هۆكارێكن بۆ زۆربوونی نەخۆشییەكەی؛ بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نەخۆشییەكە لە زیادبووندایە. دانیشتن بە دیار شاشەكان ئەمەش دڵەڕاوكێ و خەمۆكی زیاد دەكات.
د. سۆزان جەلال لە بارەی چارەسەرییەكانەوە ڕوونی دەكاتەوە كە: پزیشكان بە پێدانی هۆرمۆناتەوە دەست پێ ناكەن، جاران زوو كە تەواوكەری خۆراكی كەم بوو، پزیشكان ناچار بوون بە پێدانی هۆرمۆناتەوە دەست پێ بكەن، بەڵام ئێستاکە هیچ كچێك بەر لە 18 ساڵان بە هیچ شێوەیەك هۆرمۆنی پێ نادرێت، تەنها بە تەواوكەری خۆراكی و چارەسەری سروشتی چارەسەری بۆ دادەنرێت، ئەگەرهاتو لە دوای 18 ساڵاندا بوو و، بە تەواوكەری خۆراكی و وەرزش چارەسەر نەبوو، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر پێدانی هۆرمۆنات.
ڕێنمایی بۆ خانمان
د. سۆزان جەلال لە كۆتایی گوتەكانیدا گوتی: پێویستە خانمان بایەخی زۆر بە وەرش بدەن وجوڵەیان زۆربكەن، وە خەویان ڕێك بخەنەوە ئەوەی ئێستە دەبینرێت خەڵك بەشەو بە خەبەرە و بەڕۆژ خەوتووە، ئەبێت بیگۆڕێتەوە بۆ تایمی خۆی بەشەو بخەوێت و بەڕۆژ بە خەبەربێت. خۆراك، دەبێت خۆراكیشی بگۆڕێت (مریشك، نان، برنج، شیرینی، گۆشت) نابێت بخورێت، دەبێت پشت بە سەوزە و میوە ببەستێت و لە سەوزەكانیش (كەرەوز، نەعناع، جەرجیر) هەروەها دارچین و زەردەچەوە، سركەی سێو، سێوی سەوز، دۆشاوی توو، كە یەكێكە لە چارەسەرییە گرنگەكان بایەخی پێ بدەن.