دكتۆر كاوێس زه‌نگه‌نه:‌ منداڵ حەز لە یاری و دۆزینەوەی شتەکان دەكات، بۆیە زۆر جار سەرنجیان لای مامۆستا و خوێندن نامێنێت

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

لەگەڵ كرانەوەی دەرگای قوتابخانەكان و چوونەوەبەرخوێندندا، منداڵان ھەندێکیان گرفتیان لە سەرنجان هەیە، كە بە شێوەی پێویست ناتوانن سەرنج بدەن بەم هۆیەشەوە، سەرکەوتوو نابن لە خوێندن.

دكتۆر كاوێس عومەر زه‌نگه‌نه‌ پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە لەو دۆخەدا پێویستە سەیری ھۆکاری ئەو کەم سەرنجیەی منداڵ بکەین کە ئەمەش لە منداڵێک بۆ منداڵێک دەگۆڕێت بۆیە لەم خاڵانەدا دەیخەینە ڕوو:
١- سرووشتی منداڵی: لەو تەمەنە زیاتر حەز لە یاری و دۆزینەوەی شتەکان دەكات، بۆیە زۆر جار سەرنجیان لای مامۆستا و خوێندن نامێنێت.
٢- وزەی منداڵ: کە منداڵ وزەیەکی زۆری هەیە و دەیەوێت ئەو وزەیە بەتاڵ بكات، بۆیە زۆر جار دەیەوێ ئەو وزەیە بەکار بێنێت و زیاتر دەجووڵێت و کەمتر بیری لای خوێندن و وانەكەیەتی.
٣- بێزاریی منداڵ بە تایبەت ئەگەر وانەکان سەرنجڕاکێش و شێوازەکان زۆر نزیک نەبێ لەو شێوازەی کە کەسایەتیی ئەو ئارەزووی دەکات یان وانەکان بە شێوازی یاری و خۆشی و دەربڕین نەبن.
٤- شڵەژانی دەروونی و دڵەڕاوکێ بەھۆی شێوازی پەروەردەی ماڵ یان گرفت و ھەندێک جاریش گرفتی لەگەڵ قوتابییەکان و ھاوڕێکان یان مامۆستاکان.
٥- نەخۆشینی ئۆرگانیک و ئازار.
٦- کەمی ڕێژەی زیرەکی منداڵ کە زۆر کەمە ئەو حاڵەتە، بەڵام ھەندێک منداڵ بە ھۆی نەخۆشی درێژخایەن یان کاتی لەدایکبوون ئازاری خواردووە و گرفتی ھەیە.
٧- تووشبوون بە حاڵەتی کەمسەرنجی و جووڵەزۆری کە حاڵەتێکی باوی دەروونییلە لە نزیکەی ٥٪ منداڵانی تەمەنی قوتابخانە ھەیە.

ھەندێک ڕێگای چارەسەر:

  • یاریکردنی شێوازی سەرنجدان: چونکە منداڵ زۆر ئارەزووی یاری دەکات بۆیە گرنگە ئەو یاریانە بەکار بهێنرێت کە یاریی سەرنجدانن (تەرکیز) کەمێکیش یاریی زیرەکی و بەکارھێنانی مێشک زۆرە و گرنگە بەشێک لە یاریی منداڵ لەم شێوازە بێت و ئەرکی خێزانە ئاسانكاریی بۆ بکات.
  • خواردنی باش و دروست و ھاوسەنگی بە تایبەت نیشانەکان کە لە میوە و سەوزە، زۆر ئاوخواردنەوە و پابەندی بە سێ ژەمی خواردن، کە دەبێتە ھۆی زیادیی سەرنج، دەبێ بەیانیان منداڵ نان بخوات بۆ یارمەتیی مێشک؛ خواردن گرنگە و بۆیە لە قوتابخانە گرنگە شتێك بخوات تا ماوەیەک بێ خواردن نەبێت.
  • رێکخستنی کاتی منداڵ گرنگە لە دوای قوتابخانە پێویستە کاتی خوێندنی ھەبێت، کاتی پشووی ھەبێت، کاتێکی گونجاوی یاریکردنی ئەبێت؛ لێك جیا بکرێنەوە، ھەموویان بە تەواوی بکرێت.
  • زووخەوتن و تێرخەوی گرنگە و، ئەرکی خێزانە ئەم حاڵەتە ڕێک بخەن و ھەموو ئەندامی ماڵ ھاوکار بن.
  • شێوازی تێگەیشتنی منداڵ کە ھەر منداڵە و ڕێژەیەکی زیرەکی ھەیە و حەز بە شێوازێک دەکات بۆ تێگەیشتن و ئەو شێوازانە بەکار بهێنرێت و شێوازی خوێندنی وشک نەبێت بۆ نموونە یاری و ڕەنگ و چیرۆک بەکار بهێنرێت.
  • ھاوکاری دەروونی منداڵ کە بە شێوازی لەسەرخۆ و ئارام کە ماڵ و مامۆستای زۆر خۆش بوێت گرفتی لە ماڵ نەبێ یان بە لایەنی کەمەوە ھەستی پێ نەکات زۆر پێداھەڵدانی بۆ بکرێت.
  • بەکارھێنانی شێوازی بەخشین و ڕێزلێنان دوای خوێندن و سەرکەوتن و ئەنجامدانی ئەركەكانی و پاشان پێدانی دیاری و بردنە دەرەوە، شت کڕین، بەکارھێنانی ئامێری یاریی ئەلیکترۆنی.
  • فێربوونی لایەنی دەروونی لە خۆشەویستی و ئارامی و ئەو وزەی ھەیەتی بەکاری بێنێت.
  • زۆر قسەکردن لەگەڵ منداڵ بە شێوازێک ئەوەی حەزی لێیەتی، یان پێی ناخۆشە دەرببڕێت.
  • چارەسەری گرفتی دەروونی و نەخۆشی ئەگەر ھەستی پێ کرا.