قاوە؛ خواردنەوەی هێز و وزە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

خواردنەوەی کوپێک یان چەند کوپێک قاوە لە ڕۆژێکدا یارمەتیدەرە بۆ هێورکردنەوەی مێشک لە جەنجاڵی ڕۆژ و بەخشینی وزە بە جەستە. لە زۆر لێکۆڵینەوەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە قاوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا بەهۆی ئەو کاریگەریانەی کە هەیەتی لەسەر چالاکاندنی مێشک و بیرکردنەوە.

قاوە خواردنەوەیەکی هەروا ئاسایی نییە بەڵکو پڕە لە هێز و وزە و گرنگی. هەندێک دەڵێن قاوە هەمووی هێزە و هەر خودی ناوەکەشی دەچێتەوە سەر وشەی هێز لە عەرەبیدا کە (قوە)یە و تورکەکان کردویانە بە قەهوە.
هەموو ساڵێك ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەم لە جیهاندا تایبەت کراوە بۆ ڕۆژی قاوە، لەم رۆژەدا زیاتر گرینگی و سوودەکانی قاوە باس دەكرێ، لەگەڵ مێژووی دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژە.
مێژووی دۆزینەوەی قاوە لە جیهاندا بە بەراورد بە چا و خواردنەوە کحولییەکان زۆر نوێیە و دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا کە سەرەتا لە وڵاتانی عەرەب لە سەدەی ١٠ دۆزراوەتەوە و بەکار هاتووە و دواتر سەدە بە سەدە بە کیشوەرەکاندا بڵاو بووەتەوە و لە سەدەی ١٦ گەیشتووەتە ئەوروپا و لە سەدەی ١٧ گەیشتووەتە ئامریکا. ئێستاکەش بەرازیل گونجاوترین وڵاتە بۆ ڕواندنی قاوە، كە ئێستاکە ٣ چارەکی پێویستیی جیهان دابین دەکات.
لە زۆر جێ بووە بە نوکتە و دەڵێن ڕۆشنبیرەکان قاوە دەخۆنەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا نوکتە نییە بەڵکو بنەمایەکی زانستیی هەیە چونکە ئەوانەی بەدوای زانست و زانیارییەوەن زیاتر قاوە دەخۆنەوە لەبەر ئەوەی کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر بەئاگابوون و زیادکردنی چالاکیی مێشک. هەربۆیە ئەوسا قاوەخانەکان شوێنی گفتوگۆی زانا و دانا و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفەکان بووە. جگە لەمەش قاوە، مێژوویەکی سۆفیگەرانەشی هەیە، سۆفییەکان وەک دەرمانێکی وریاکەرەوە بۆ نوێژ و و نزا و زیکر بەکاریان دەهێنا.
بەشێوەیەكی گشتی لە جیهاندا ڕۆژانە لایەنی كەمەوە ٣ملیار كوپ قاوە دەخورێتەوە. لە بواری بازرگانیدا لە دوای نەوت، قاوە بە دووەم كاڵای ئاڵوگۆڕکراوی بازرگانی ئەژمار دەكرێت لەسەر ئاستی جیهاندا؛ قاوە زۆر جۆری هەیە؛ لەوانە: ئێسپرێسۆ، کاپوچینۆ، لاتیە، مۆکا، قاوەی سەوز و قاوەی عەرەبی بەڵام گرانبەهاترین جۆری قاوەی (سۆمەتران كۆپی لۆواك)ـە، كە نرخەكەی نزیكەی (٤٠٠) جونەی ئیستەرلینگە.
دەوەنی قاوە بە تۆو زیاد دەکات، کە دەبێت ئەو تۆوە لە باشترین دەوەنی قاوە وەربگیرێت و سەرەتا تۆوەکەی لە شەتڵگەدا دەڕوێنرێت. دوای ساڵێک شەتڵەکان دەگوێزرێتەوە بۆ کێڵگەی تایبەت بە قاوە کە دەوەنێکی هەردەم سەوزە و نزیکەی پێنج مەتر بەرز دەبێتەوە، ئەگەر لەباخێکدا بڕوێنرێت دەبێت هەڵبپاچرێت بۆ ئەوەی لە 2 مەتر زیاتر باڵا نەکا، تا بتوانن قاوەکەی لێ بچێننەوە و دارەکەشی لایەنی كەم ١٠٠ ساڵ تەمەن دەکا.
دەنکی قاوە دوای چنینەوە، هیچ تام و بۆنێکی خۆشی نییە، بۆ خواردن دەست نادات. لەبەر ئەوە پێش بەکارهێنان دەبێت ببرژێنرێت و برژاندنەکە لەناو لوولەی مەعدەنیدا دەکرێت، کە بە گاز یان کارەبا گەرم دەکرێت و دوای برژاندنەکەی دەهاڕرێت و دەبێت بەو قاوەیەی کە دێتە بەردەستمان.