دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سلێمانی..مانگی ڕابردوو ٢٤٦٩ نەخۆش سەردانی سەنتەری شەكرەیان كردووە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ماوەی مانگی ئابی ڕابردوودا لە ڕێكەوتی (1 بۆ 31/8/2023) لە سەنتەری شەكرە و كوێرە گلاندەكان لە شاری سلێمانی 2.469 نەخۆش سەردانی ئەو سەنتەرەیان كردوە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و 61 نەخۆشیان ئاوارەكانی عیراق و دەرەوە بوونە و ئەوانی دیكە دانیشتووی سلێمانی.

هەر بە گوێرەی ئامارەكە ئەو نەخۆشانەی مانگی ڕابردوو سەردانی سەنتەری شەكرە و كوێرە گلاندەكانیان كردووە 974 نەخۆشیان لە ڕەگەزی نێر بوونە و 1.495 نەخۆشیان لە گەڕەزی مێ، كە 545 نەخۆش تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵانەوە بووە و، 1.441 نەخۆش تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 64 ساڵاندا بووە، 447 نەخۆش تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 44 ساڵاندا بووە و 36 نەخۆش تەمەنیان لە خوار 20 ساڵانەوە بووە.
نەخۆشی شەكرە بە یەكێك لە نەخۆشییەکانی سەردەم هەژمار اردەكرێت و هۆكاری نەخۆشی و گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵكە، ئەم نەخۆشینە، نەخۆشییەكی درێژخایەنە و هۆكاری سەرهەڵدانیشی بەهۆی زیادەشەكرەوەیە لە خوێندا.
نەخۆشیی شەكرە دوو جۆری هەیە شەكرەی جۆری یەك كە بەرگری لەش دژ بە خانەی تایبەتی پەنكریاس دەوەستن و ‌تێكیان دەشكێنن كە بەرپرسن لە دەردانی هۆرمۆنی ئینسۆلین، ئەو هۆرمۆنەی كە بەرپرسە لەسەر‌ دروستكردنی هاوسەنگی لە ڕێژەی شەكر لە خوێندا.
شەكرەی جۆری دوو كە خانەكانی لەش لە توانایاندا نییە ڕێژەی پێویست لە هۆرمۆنی ئینسۆلین دروست بكەن یانیش بە شێوەیەكی تر خانەكان هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنییان بەرامبەر ئەم هۆرمۆنە‌ نامێنێ و، ڕێژەی شەكر لە خوێندا لە ئاستێكی تەندروستدا جێگیر ناکرێ.
نیشانە سەرەكییەكانی نەخۆشی شەكرە كە لە كەسی تووشبوو بە روونی دەردەكەون هەربۆیە لە كاتی هەستكردن بە نیشانەكانی پێویستە بە زووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت، نیشانەكانیش بریتین لە (هەستكردن بە تێنووەتی بەردەوام، زۆر میزكردن لە شەودا‌ بە شێوەیەكی نا ئاسایی میز زۆر بكەیت، هیلاكی و شەكەتی و لەدەستدانی كێش و بێهێزی لە ماسولكەكاندا و تارمایی و ڵێڵی لە بینین و درەنگ چاكبوونەوەی برین).