ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە پەتاى کۆلێرا

کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و بڵاوبوونەوەى لە ڕێگاى ئاوی پیس بە بەکتریاکە دەبێت، نەخۆشییەکە دەبێتە هۆى سکچوون و وشکبوونەوەى توند، ئەگەر چارەسەریش نەکرێت، لە پاش ماوەیەک مەترسیی مردن لەسەر نەخۆشەکە دروست دەکات.
لە دیارترین نیشانەکانی: سکچوون، وشکبوونەوەى جەستە، دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە، لاوازی و بێهێزی، وشکبوونەوەى پێست و نزمبوونەوەى فشارى خوێن، سکئێشەیە. لە منداڵانیشدا نیشانەى وەکوو خەواڵووییی زۆر و تا و کەشەنگبوونی ماسولکە دەبێت.
پەتاى کۆلێرا لە کەسێکەوە بۆ كه‌سێكى تر دەگوازرێتەوە، بەهۆى ئەوەى بەکتریایەکە دەتوانێت لە دەرەوەى جەستەى نەخۆشەکەش بژیت. وەکوو بەرکەوتن بە پیساییی کەسی توشبوو، دەستدان لە نەخۆش و جلەکانی، خواردنی خۆراک و ئاوی نەخۆشەکە.
بۆیە بۆ خۆپاراستن لە پەتاى کۆلێرا، پێویستە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکرێن:
1- دەستەکان بە ئاو و سابوون جوان بشۆرێن، بە تایبەتی دواى هاتنەدەرەوە لە تەوالێت، یان دواى بەرکەوتن بە کەسی تووشبوو.
2- خواردنەوەى ئاوی پاک و کوڵێنراو و داپۆشینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.
3- نەخواردنی گۆشتی نەکوڵاو و ماست و شیر و پەنیر و قەیماغ و کەرە ئەگەر لە پاکییان دڵنیا نەبن.
4- شووشتنەوەى سەوزە و میوە بە جوانی و دەرمانی تایبەت.
5- پاککردنەوەى بەردەوامی تەوالێت و گەرماو.