دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆتۆکس و فیلەر چ جیاوازییەکیان هەیە؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

لەم چاوپێکەوتنەدا د. گەشین کەمال، پسپۆڕی پزیشکی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست باس لە بەکارهێنانی بۆتۆکس و فیلەر و سوود و زیانەکانی دەکات و دەڵێت: “ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەکار دەهێندرێت، بەڵام دەبێت پزیشک بزانێت چۆن و بۆ کێ بەکاری دەهێنێت”.

بۆتۆکس چیە؟
د. گەشین کەمال: بۆتۆكس، ژەھرێکی نیرۆتۆكسینە بەكار دەھێنرێت بۆ ئەوەی ماسوولكەكان لە ئیش بخات، بەڵام خراپ نییە و بۆ کەمکردنەوەی چرچ و لۆچی ڕوخسار بەکار دەهێندرێت واتە لەسەر ماسوولكەكان ئیش دەكات.

بۆچى بەکار دێت؛ بەکارهێنانی خراپ نییە؟
د. گەشین کەمال: بەكارھێنانی خراپ نییە بگرە قازانجی ھەیە، بۆ ئەوەی چرچی ڕوخسار كەم بكاتەوە ئەمە یەكێک لە ئیشەكانیەتی.

بۆتۆكس ئیشی زۆر دەكات جگە لەوەی كە چرچ و لۆچیش كەم دەكاتەوە لە ڕوخسار دا؛ ئەنزیمێك ھەیە لە ماسوولکەکدا ناھێڵێت دەر بدرێت و ماسوولكەكە جووڵە بكات؛ كە جوڵەیشی نەكرد ئەو چرچە جووڵاوانە كەم دەكاتەوە.

بۆتۆکس جگە لەوەی بۆ لابردنی چرچولۆچ سوودی هەیە بۆ نەهێشتنی ئارەقکردنەوەش سوودی هەیە، هەروەها بۆ چارەسەری شەقیقە بەکار دەهێندرێت، یەكێکی دیکە لە کارەکانی بۆ نەهێشتنی ئارەقکردنەوەی دەست و بنی پێ و بن باڵ بەکار دەهێندرێت.
ئەو کەسانە کێن نابێت بۆتۆکس بەکار بهێنن؟
د. گەشین کەمال: ئەو كەسانەی نابێت بۆتۆكس بكەن ئەوانەن كە ھەستیاریان بە ماددەی بۆتۆكس ھەیە؛ كەسەكان خۆیان نایزانن ھەندێك جار لە كاتی كردنی بۆتۆكسەكەدا ھەستیارییەک دروست دەكات دەموچاویان دەئاوسێت؛ سوور دەبێتەوە؛ ئەو کاتە دەبێت جۆرەکەی بۆ بگۆڕدرێت یان هەر بۆی بەکار نەهێندرێت.

جۆرەکانی بۆتۆکس چین؟
د. گەشین کەمال: بۆتۆکس جۆری زۆرە؛ هەیە غازییە، هەیە ماددەی بۆتۆكس نییە ناوی (دسپۆرت)ـە یان (ماسپۆرت)، بەڵام ھەمویان یەک ئیش دەکەن.

جیاوازیی نێوان فیلەر و بۆتۆكس چییە؟
د. گەشین کەمال: فیلەر جۆری ترشەڵۆكی (ھایەلەرۆنیک)ـە، کە هایەلەرۆنیک ئەسیدی پێ دەوترێت ئەو (فیڵ) ئەكات واتە قەبارە بەو شوێنە دەدات کە بۆی دەکرێت جا بە ڕوخسار یان ژێر چاو بێت، واتە بۆ ئەو شوێنانەی کە خەتی چەقبەستە و جووڵە و چرچی جێگرتەی تێدایە بەكار دەھێنێت، بەڵام بۆتۆكس پێچەوانەی فیلەرە واتە پڕكردنەوە ناكات، ئەوەی دەیكات بەس چرچە جووڵاوەكان چاك دەكات و لایان دەبات.

زیانەکانی چین؟
د. گەشین کەمال: ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە نابێت بەکاری بهێنن، یان زیانی لاوەكی هەیە ھەندێك جار ھەیە چاوداكەوتن ڕوو دەدات بۆ ماوەیەکی كاتی، بەڵام بۆ ماوەی سێ بۆ چوار ھەفتە چاك دەبێتەوە کە ئەوە خراپترین زیانی بۆتۆكسە ئەویش لە ھەموو كاتێكدا ڕوو نادات و زۆر دەگمەنە. ئەو حاڵەتەش کاتێك ڕوو دەدات بەھۆی ئەوەی كەسەكە هەستیارە بە بۆتۆكس یان ئەوەتا جورعەیەكی زۆر بەكار بهێندرێت یان كەسەكە ڕێنماییەكانی بۆتۆكس جێبەجێ نەكات کە لەسەرەتادا بۆی دەکرێت، نابێت بۆ ماوەی چوار کاتژمێر سەر دابنەوێنێت، چونکە لەوانەیە بۆتۆكسەكە داببەزێت بۆ ناو دەوروبەری چاو و چاو دابكەوێت بۆ ماوەیەكی كاتی نەك بۆ ماوەیەكی بەردەوام.

زیانەکانی فیلەرچییە؟
د. گەشین کەمال: دەتوانم بڵێم فیلەر زیانی ئەوەندە زۆر نییە لە توێژینەوەکاندا باس کراوە کە زۆر دەگمەنە، بەڵام ھەندێك شوێن ھەیە لە دەموچاو لە ڕوخساردا كە ئێمە فیلەریان بۆ دەكەین ئەو شوێنانە پێیاندەوترێت ناوچەی ترسناک واتە ئەو شوێنانە دەبێت زۆر بە وریاییەوە فیلەری بۆ بکرێت.

یەكێك لەو شوێنانە ژێر چاوە کە دەبێت بە وریاییەوە فیلەری بۆ بەکار بهێندرێت، کە هەندێک لە پزیشکەکان بە تەکنیکی خۆیان بەکاری دەهێنن بەڵام باشترە بە کانۆلا بۆیان بەکار بهێندرێت واتە شوێنی لاچاوەکان نا بەس تەنیشت نێوچەوان بۆ بەشی خوارەوەی لای چاوەوە ئەو ناوچەیەش دەبێت پزیشكەكە ئاگادار بێت زۆر بە ھێواشی و بە تەكنیكێكی سەلامەت فیلەرەكە بكرێت، هەروەها لە دەوروبەری دەمیش دەبێت بە وریاییەوە بکرێت.

ماوەی مانەوەی بۆتۆکس و فیلەر چەندە؟
د. گەشین کەمال: ماوەی مانەوەی بۆتۆكس چوار بۆ شەش مانگ دووبارە دەکرێتەوە، بەپێی حاڵەتەكە ھەندێك جار ھەیە زیاتریش دەڕوات بەپێی كەسەكان چەند جار بۆتۆكس بكرێتەوە ئەوەندە جار كەسەكە سوودی لێ دەبینێت و، چرچە جووڵاوەكانی كەمتر دەبێتەوە، بەڵام ماوەی مانەوەی فیلەر بە پێی جۆری كوالێتی فیلەرەكەیە، بەڵام رێنمایی دەکەین کاتێک فیلەر دەکەن جۆری کوالێتی بەرز بەکار بهێنن، چونكە ئێستا لە وڵاتی ئێمە كوالێتی زۆر خراپیش ھەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرزانە زیاتر خواستی لەسەرە، بێ ئەوەی کەسەکان بیر بکەنەوە كە دوایی زیان بە ماسوولكەکانی دەگەیەنێت، زیانی زۆر زیاترە لە قازانجەكەی.