63 کەس بەهۆی تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی ئامارەکان، تائێستا 501 كه‌س لە عێراق تووشی تای خوێنبه‌ربوون بوونە‌ و 63 كه‌سیش به‌و نه‌خۆشییه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

سائیر سه‌بری، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان له‌ فه‌رمانگه‌ی ڤێته‌رنه‌ری له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند‌، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی چله‌ی ئیمام حوسێن رێوشوێنی توندی ته‌ندروستیان بۆ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون گرتووه‌ته‌به‌ر و گشت سه‌ربڕخانه‌ و شوێنه‌كانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ریان له‌ كه‌ربه‌لا خستووه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.

سائیر سه‌بری ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ژماره‌ی تووشبووان به‌ تای خوێنه‌ربوون لە عێراق گەیشتووەتە 501 كه‌س‌، لەنێویاندا 63 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، پارێزگای زیقار له ‌ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌ كه‌ تیایدا 123 تووشبوو هەن و 12 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان تۆمارکراون، هەروەها به‌غدا به‌ 80 تووشی تای خوێنبەربوون بوونە و 14 گیانیان له‌ده‌ستداوە.

پێشتر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاندبوو، “رێژەی مردن بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە سەدا 14 کەمترە لە ئاستی دیاریکراوی جیهانیدا، ئەمەش بەهۆی توانای هەموو دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستییەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دابینکردنی چاودێری پزیشکی”.

تای خوێنبەربوون، بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1- بوونی تایەکی بەرز.

2- هەبوونی ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزبوون.

4- هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و رشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەسەرکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

پێویستە بۆ خۆپاراستن لە خۆشییەکە ئەم رێنماییە جێبەجێ بکەین:

1- دوورکەوتنەوە لە کڕینی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەکان و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان.

2- ئەو کەسانەی گۆشت دەفرۆشن (قەسابەکان) پێویستە دەستکێش و پۆشاکی تایبەت بەکاربهێنن.

3- بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێودەکرێت، بۆئەوەی ئاژەڵەکان نەبنە هەڵگری نەخۆشییەکە.

4- دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە پێدەچێت گەنە و مێرووەکانی تێدابێت.

5- پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی فڕێنەدرێتە سەر شەقام و کۆڵانەکان، دەبێت پاشماوەکان بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکان لەناوببرێن.