من دەمەوێت فیلەرەکەم لا ببەم، ئایا دەکرێ؟

پێشكەوتنەكانی بواری جوانكاری ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیادبوون دەكەن و خواستیش لەسەریان زۆرە بە تایبەت بۆتۆكس و فیلەر.

بۆتۆكس ماددەیەكی ژەھراوینی نیرۆتۆكسینە بەكار دەھێنرێت بۆ ئەوەی ماسولكەكان لەكار بخات، ئەم بەكارهێنانەش خراپ نییە كە لە بنەڕەتدا بۆ کەمکردنەوەی چرچی ڕوخساردا بەکار دەهێندرێت بەمەش لەسەر ماسولكەكان كارە دەكات. هەربۆیە بەكارھێنانی خراپ نییە بگرە سوودی ھەیە، بۆ ئەوەی چرچ و لۆچی ڕوخسار كەم بكاتەوە.
بۆتۆكس ئیشی زۆر دەكات جگە لەوەی كە چرچیش كەمدەكاتەوە لە ڕوخساردا، ئەنزیمێك ھەیە لە ماسولکەکدا ناھێڵێت دەربدرێت و ماسولكەكە جوڵە دروسبكات كە جوڵەی دروست نەكرد ئەو چرچە جوڵاوانە كەمدەكاتەوە.
هەركاتێك ناوی بۆتۆكس دێت یەكسەر دەشڵێن فیلەر جیاوازییان چییە؟ فیلەر جۆری ترشەڵۆكی (ھایەلەرۆنیک)ـە کە هایەلەرۆنیک ئەسیدی پێ دەوترێت؛ ئەو (فیڵ) ئەكات واتە قەبارە بەو شوێنە دەدات کە بۆی دەکرێت، جا بە ڕوخسار بێت یان ژێرچاو، واتە بۆ ئەو شوێنانەی کە خەتی چەسپاو و جووڵە و چرچی چەسپاوی تێدایە بەكار دەھێنێت، بەڵام بۆتۆكس پێچەوانەی فیلەرە واتا پڕكردنەوە ناكات، ئەوەی دەیكات بەس چرچە جووڵاوەكان چاک دەكاتەوە و لایان دەبات.

من دەمەوێت فیلەرەکەم لاببەم، ئایا دەتوانم؟
بەشێك لەوانەی كە فیلەر دەكەن پەشیمان دەبنەوە و پێیان باشە فیلەرەكەیان لا ببەن، لەم بارەوە دكتۆر كارزان ئەحمەد نەجاڕ پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری و ڕێککاری ئاماژە بەوە دەدات كە كەسێك پەشیمان بوویەوە بەڵێ دەتوانێت فیلەرەكەی لا ببات، یان بە هەر هۆكارێك بیەوێت كاریگەرییەكەی نەمێنێت، ئەتوانێت لای ببات.
د. كارزان ئەحمەد دەشڵێت: بۆ هەر جۆرێكی فیلەر ڕێكاری تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە ئەو فیلەرانەی كە ترشەڵۆکی (ھایەلەرۆنیک) لە پێكهاتەیاندا هەیە دەتواندرێت بە ئەنزیمی تایبەتی بتوێندرێتەوە، بەڵام كەسێك كە فیلەری هەیە و بڕیاری داوە لای ببات، گرنگترین هەنگاو بریتییە لە ڕاوێژكردن بە پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانكاری تا گونجاوترین ڕێگە بۆ لابردنی فیلەرەكە هەڵبژێرێت.