وەزیری تەندروستی: ئەوەی لەو نەخۆشخانە ئەهلیە روویداوە دوورە لە رەوشتی پزیشکی

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئازاردانی منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر، گوتی: ئەوەی لەو نەخۆشخانە ئەهلیە روویداوە دوورە لە رەوشتی پزیشکی و جێگای قبوڵکردن نییە.

سامان بەرزنجی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش زۆر هەستیارە و، ئەوەی لەو نەخۆشخانە ئەهلییە روویداوە دوورە لە رەوشتی پزیشکی و قبوڵ ناکرێت، چونکە رەوشت و ئاکاری پزیشکی لە پرۆگرام و وانەکانی پزیشکی دەخوێندرێت.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: رەوشت و ئاکاری پزیشکی، بنەمایەکی سەرەکی کارکردنە لە بواری تەندروستیدا، تەنیا دەرمان و چارەسەرکردن لایەنی خزمەتگوزاری پزیشکی نییە.

وەک سامان بەرزنجی ئاماژەی پێکرد، نیوەی ئاسوودەیی نەخۆش، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیکردن و مامەڵەکردن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەگەڵیدا.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا کە وادەردەکەوێت لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لە شاری هەولێر، دوو پەرستاری کچ وێنەی منداڵێکی کۆرپە دەگرن کە تازە لەدایکبووە و یەکێک لە پەرستارەکان، بەشێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ منداڵەکە دەکات و ئازاری دەدات و بە دەستێک منداڵەکە لە بە گەرتنی هەردوو پێی بەرزدەکاتەوە.

دوێنێ 21ـی ئاب، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەدا لەبارەی ئەو دۆسیەیە رایگەیاند، ئەو کەسەی لە کۆنفراسە رۆژنامەوانییەکەی نەخۆشخانەکە قسەیکرد هیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشخانەکەوە نییە و هەوڵی بەلارێدابردنی بابەتەکە دەدات.

سەبارەت بە یاسای مافی نەخۆش، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، یاسای مافی نەخۆش لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوو.

ئەوەشی خستەڕوو، رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی تەنیا بۆ یەک نەخۆشخانە نییە، بەڵکو بۆ هەموو نەخۆشخانەکانە.

لەبارەی ژووری چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی باسی لەوەکرد، زۆری رووداوەکانی هاتووچۆ وایکردووە، ژوورەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، پڕ ببنەوە و بەشی تەواوی نەخۆشەکان نەکەن.

روونیشیکردەوە، ژووری چاودێری چڕ، تەنیا سیسەمێک و چەند ئامێرێک نییە، بەڵکو پێویستی بە چەندین کەسی پسپۆڕ هەیە، لەوانە پسپۆڕی سڕکردن، کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و ئەمەش گرفتێکی بۆ ژووری چاودێری چڕ دروستکردووە.

بە گوتەی سامان بەرزنجی، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی دەرماڵەیەکی تایبەت بۆ هاندانی پزیشکان کە لەو بوارەدا بخوێنن، ئەمەش وادەکات ژمارەی پزیشکی پسپۆڕ لە سڕکردن، روو لە زیادبوون بکات و ئەو گرفتەش چارەسەر ببێت.