بەبێ رەزامەندیی لێژنەی تایبەت نەشتەرگەری بڕینی گەدە ناکرێ

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

پەروین ساڵح تەمەنی 38 ساڵانە و کێشی لەشی 126 کیلۆیە و باڵای 167 سانیتیمەترە و دەڵێت: هەرچەندە بە منداڵی پێیان دەوتم خەپە بەڵام نەمدەزانی ئەم خەپەییەم ئێستا دەبێتە مایەی هیلاكی و ماندوویەتی.

پەروەین هەروەك خۆی دەڵێت: لە منداڵییەوە نەوسن بووە و بەردەوام ئارەزووی بۆ خواردن هەبووە، بۆیە رۆژ بەڕۆژ کێشی لەشی زیاتر بووە، دەشڵێت: بۆ کێش دابەزاندنی چەند جارێک رێجیمی کردووە و بەرنامەی كیتۆشی كردووە هەروەها چووەتە هۆڵی وەرزشیش، بەڵام پاش ماوەیەک ماندوو دەبووم و وازم لێ دەهێنا.
تەنها پەروین نییە كە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنێت، هەزارانی وەك پەروین ناتوانن بە پلیکاندا سەر بكەون و تەنها كاری سادەی ڕۆژانەیان پێ دەكرێت، بۆیە لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی، لە ئێستادا بیر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەكەنەوە، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ بەشێك لە خەڵك ئاسان و بۆ بەشێكی تریش گرفتی لاوەكی هەیە.
د. ئارام ئەحمەد پزیشکی نەشتەرگەری گشتی ڕوونی دەكاتەوە كە: ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زیاترە لە کێشی ئاسایی نەشتەرگەری بڕینی گەدەیان بۆ دەکرێت بە ئامێری هەناوبینی و پێویست بە کردنەوەی سک ناکات.
دەشڵێت: بڕینەکە دەتوانرێت بۆ بەشێكی زۆری ئەوانە بكرێت كە كێشی لەشیان زۆر زیادە ئەمەش ڕێگەیەكی باشە بۆ دابەزاندنی کێشیان.
بە مەبەستی زیاتر ڕێکخستنی کاری نەشتەرگەری بڕینی گەدە لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر لێژنەی ڕەزامەندی نەشتەرگەری بڕینی گەدە پێک ھێنراوەو ھەموو ڕۆژانی یەکشەممە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری بۆ بینینی نەخۆشەکان دادەنیشن.
لیژنەكە ھەڵسەنگاندنی زانستییانە بۆ پێشكەشكارانی بڕینی گەدە دەکەن بە مەبەستی ڕەزامەندی دان لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕینی گەدە لە سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر. بەبێ ڕەزامەندی ئەم لێژنەیە ڕێگە بە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە نادرێت.
بە پێی ڕێنماییەکان بەر لە ناردنی نەخۆش بۆ لێژنەکە، دەبێت سەرەتا پزیشکی نەشتەرگەر نەخۆشەکە ببینێت و زانیاری تەواوی پێبدات سەبارەت بە نەشتەرگەریەکە و ڕیسک و مەترسیەکان و ئەگەری ڕوودانی ماکەکان لە کاتی و دوای نەشتەرگەری بڕینی گەدە. دوایی پزیشکی نەشتەرگەر ڕاوێژ بە سێ پزیشکی تر بکات کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە:
١- پزیشکی پسپۆڕی ووردی کوێرە ڕژێنەکان (Qualified Endocrinologist)
٢- پزیشکی پسپۆڕی خۆراک (Qualified Nutritionist)
٣- پزیشکی پسپۆڕی دەروونی (Qualified Psychiatrist)
لە ڕێگەی فۆرمێکی زانستی پەسەندکراوی تایبەت بە نەشتەرگەری بڕینی گەدە (کە لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕی تایبەتەوە ڕێکخراوە و بەسەر نەخۆشخانە و پزیشکەکانی ئەو بوارە دابەش کراوە) پێویستە ئەم پزیشکە بەڕێزانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە زانیاری لەسەر باری تەندروستیی نەخۆش و ھەڵسەنگاندنی زانستی خۆیان بنووسن و ھەروەھا ئەوەش ڕوون بکەنەوە کە بۆچی پێویستیە ئەم نەشتەرگەریە ئەنجامدان بدرێت لە ڕووی زانستیەوە. ھەروەھا پێویستە ڕاوێژ بە ھەر پسپۆڕیەکی تر بکرێت کە باری تەندروستی نەخۆشەکە پێویستی پێ بێت.
دوای تەواوکردنی ڕێکارە زانستی و کارگێڕیەکان لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەریەکە، نەخۆش لەلایەن ئەم لێژنەیەوە دەبینرێت بۆ پەسەندکردنی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە.
جێگای ئاماژەپێکردنە ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕینی گەدە تەنها بەو کەسانە دەدرێت کە بەپێی ڕێنماییە زانستیەکان ڕێگەپێدراون بە پێچەوانەوە پێویستە ڕێکارەکانی تری نانەشتەرگەری بگرنە بەر بۆ دابەزاندنی کێش. ھەروەھا ڕەزامەندی دان لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕینی گەدە بەو واتایە دێت کە نەخۆشەکە ڕێگەپێدراوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕینی گەدە لە کاتی ئێستادا، بەڵام ڕیسک مەترسیەکانی کاتی و دوای نەشتەرگەریەکە لەخۆ ناگرێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونی ڕۆژنامەی هەولێر ئەم نەشتەرگەرییە بە بڕی ١٨٠٠ دۆلار بەسەرەوە ئەنجام دەدرێت جگە لە تێچووی مانەوە و چارەسەری و پێداویستی تر بۆ نەخۆشەكە.