پیسبوونی ژینگە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکات

پزیشكێكی پسپۆڕی مایكرۆبایۆلۆجی، ژینگەی پیس بە یەكێك لە هۆكارەكانی تووشبوونی شێرپەنجە دەزانێت و دەڵێت، هەوڵێكی جیهانی هەیە و وەك پرۆگرامێكی تەندروستی كە ژینگەی مرۆڤ بە پاكوخاوێنی رابگیرێت.
ھەڤاڵ حەسەن عبدالقادر، پزیشكی پسپۆڕی مایكرۆبایۆلۆجی، لە نەخۆشخانە نانەكەلی هەولێر، لە لێدوانێكدا گوتی: لە ئێستادا تەندروستی جیھانی تەركیزی خستووەتە سەر پرۆگرامی “One health program”، ئەم پرۆگرامە تەندروستییە پرۆگرامێكی ھاوبەشە، كە دان بەوە دادەنێت مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە بە ھاوبەشی پارێزراو بن. ئەنجامی ئەمە بەھای باشی دەبێت ئەویش بەكاركردنی پێكەوەیی لەسەر پرسەكە لە ڕووكاری كەرتە جیاوازەكاندا وەك ئەوەی ئەگەر ژینگە نەپارێزی ناتوانی مرۆڤ و ئاژەڵیش بپارێزی ئەمەش بە پرۆگرامێكی زۆر پێویست دەزانم لەئێستادا تاكو بتوانین خۆمان لە نەخۆشی و باكتریا و شێرپەنجە بپارێزین.
ئەم پزیشكەی مایكرۆبایۆلۆجی نموونەی پەتای كۆرۆنای هێنایەوە و گوتی: لە پرسی كۆرۆنادا تا ئێستا بۆمان دەرنەكەوتووە كە هەر سێ رەهەندی گۆڕانی ئاو و هەوا، تەندروستی مرۆڤ و یان پاراستنی ئاژەڵ، كامەیان كاریگەرییان لەسەر دۆخەكە و پەرەگرتنی پەتاكەدا هەبوو”.
هەروەها دكتۆر ھەڤاڵ حەسەن لەبارەی پاراستنی ژینگە گوتی: پاراستنی ژینگە كێشەیەكی جیھانییە “global problem”ە و ھەموومان بەرپرسیارین لێی، ھەر لە ئاوی پیسی نەخۆشخانەكان، ماڵان، زبڵ و پاشماوەی پزیشكی تاكو ئەو كارگانەی كە گازە ژەھراوییەكان دەردەكەن، بەرپرسیارن و دەبێت مامەڵەیەكی زانستیان لەگەڵ بكرێت، چونكە پیسبوونی ژینگە دووبارە بە نەخۆشی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی مایكرۆبایۆلۆجی،لە ئێستادا باكتریاكان لە ژینگەدا بەھێزن و زۆربەی ئانتی بایۆتیكەكان لەبەرامبەریان بێھێز بوون. ھەتا دەچێت باكتریاكان بەھێزتر دەبن ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئێمە كەمترخەمین بەرانبەر بە ژینگە، نموونەی ئەم دۆخەمان لە تای خوێنبەربوون بینی.

د.ھەڤاڵ حەسەن لەبارەی تیشكە چالاكەكان كە لە پاشماوەی جەنگ بەجێ دەمێنن لە نێو ژینگەدا و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتییان و درووستبوونی شێرپەنجە هۆشداری دەدات و لەم بارەوە بۆ گوتی: یەكێك لە یاساكانی تەندروستی جیھانی كە ھەموو دەوڵەتان دەبێت كاری لەسەر بكەن ئەمەیە كە تا چەند دەتوانن لە رووی كیمیایی، بایۆلۆجی، تیشكە چالاكەكان و ماددە ئەتۆمییەكان خەڵك بپارێزن و چۆنییەتی مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو ماددەانە بزانن.
لە ھەموو شتێك گرنگتر بۆ وڵاتانی وەكو ئێمە كە جەنگیان بینیوە بابەتی تیشكە چالاكەكانە كە زۆر مەترسیدارە لەبەر ئەوەی ئەم تیشكانە لەو ئامێرە جەنگیانە جیانابنەوە یا خود ئەو شوێنەی كە ئەو بۆمبانە بەكارھاتوون ئاسەواری ھەر دەمێنێتەوە. لە عێراق زۆرجار بینیومانە كە ئامێری جەنگی وەك پاشماوەی چەكی سووك یا قورس دەتوێنەوە و بۆ شیشی بیناسازی بەكاری دەھێنن ئەو توانەوەیە تیشكەچالاكەكان لەناو نابەن. ئێمەش لە نێو بیناكان بەكاری دەھێنین ئەمانە تا سەر لەگەڵ ئێمەن و دەبنە ھۆكاری شێرپەنجە و زۆرنەخۆشی دیكەش.
د.ھەڤاڵ حەسەن لە كۆتاییدا داوای كرد كە لە سەنتەری شارەكان سەوزایی زیاد بكرێت و ئەو كۆمپانیایانەی كە كار دەكەن بۆ كۆمكردنەوەی ئەو زیانەی كە بە ژینگەی دەگەیەنن سەوازیی زیاد بكەن.