گومانی ئەوە دەکرێت بەهۆیەوە نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە لە نێو منداڵان بڵاو بێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سێتایەیەک و دەنگ و گڕەگڕی مووەلیدەی پشتی و مۆسیقا و گۆرانیی ئایسکرێم ئایسکرێم و ماڵی سمۆرەخان و چەند ئاوازێکی تر لە وەرزی هاوینان بووەتە دیمەنێکی ئاشنای گەڕەک و کۆڵانەکانی هەولێر. منداڵان بەو دیمەنە دڵخۆشن، بەڵام بەشێک لە دایکان وباوکان نیگەرانن لەوەی نەبوونی چاودێریی تەندروستی و نەبوونی دڵنیایی لە کوالێتیی ئەو شتەی دەفرۆشرێت زیان بە تەندروستیی منداڵەکانیان بگات.

کاتێک منداڵەکان لە کۆڵانەکان گوێیان لە بانگەشەکە دەبن دوای وەرگرتنی پارە لە باوان، بە کۆمەڵ لە دەوری سێتایەکان کۆ دەبنەوە و ئایسکرێم و جۆرەکانی تری ساردەمەنی دەکڕن. ڕاستە ئەمە هەلی کاری بۆ ژمارەیەک گەنج دابین کردووە بەڵام نەبوونی هیچ جۆرە مۆڵەت و چاودێرییەکی تەندروستی، گومانی ئەوەی هێناوەتە کایەوە منداڵەکان بەهۆیەوە نەخۆش بکەون.
هەر خۆراکێک کە بەرهەم دەهێنرێت و دەخرێتە بازاڕەوە دەبێت بە ڕێسا و ڕێنماییەکانی بەرهەمهێنان و مۆڵەتی تەندروستیدا تێپەڕ بووبێت، ئەو کرێکارەش کە بەرهەمی دەهێنێت ئەوەی کە دەشیفرۆشێت، دەبێ مۆڵەتی تەندروستییان هەبێت، بەڵام ئەو ئایسکرێم یان بەستەنییانە نەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانیان دیار نییە بگرە نازانرێ چییان تێدەکرێ و چۆن دەپارێزرێن، تەنیا ئەوەندە بەسە مووەلیدەی پشتی سێتایەکە بۆ چەند خولەکێک لەکار بکەوێ تا سەرجەمی ئایسکرێمەکە بتوێتەوە و بە کەڵکی خواردن نەیەت.
یەکێک لەو هۆیانەی وایکردووە ئەم جۆرە پیشە لە هەرێمی کوردستان زیاد بێت، کەمیی هەلی کارە و ژمارەیەک لە گەنجان کردوویانەتە سەرچاوی بژێویان . سەیر لەوەدایە ژمارەی ئەو سێتایە و ماتۆڕانە ئەوەندە زۆر بووە هەندێک جار دوو کاسبکار بەیەکەوە بە کۆڵاندا دەڕۆن و کاتێک ئەوان تێدەپەڕن یەکیکی تر بە پشت سەریانەوە دێت.
کەم نین ئەو دایک و باوکانەی گلەییان لەو کاسبییە هەیە و باس لەوە دەکەن منداڵەکانیان بەهۆی خواردنی ئایسکرێم تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون. ئەمە جگە لە هەراسانکردنی خەڵک بەو مۆسیقا دەنگ بەرزەی لە کۆڵانەکان لێی دەدەن و هەندێک جار سەعات لە ١٢ی شەو لایداوە و ئەوانە هەر لەسەر هەوای خۆیان بە کۆڵانەکاندا دەسووڕێنەوە.
زۆربەی هاووڵاتییان دەڵێن کاتێک سێ تایەکە دێتە بەردەم ماڵیان، ئەوا دەشزانن کە ئەوەی دەفرۆشرێت خاوێن نییە بەڵام منداڵەکانیان دەگرین و حەز دەکەن هاوشێوەی منداڵەکانی تر ئایسکرێم بکڕن و لەو کاتەشدا یان دەبێ تەحەممولی گریانی منداڵەکانیان بکەن و یانیش دەبێ بۆیان بکڕن و دەستیان لەسەر دڵیان بێ نەکا تووشی نەخۆشییەک ببنەوە.
هەندێک جار مادەی خاوی ئایسکرێمەکە لەناو دەبەیەکی گەورە دەکرێت کە پێشتر دیار نییە چۆن تێکەڵ کراوە و گیراوەتەوە و چ مادەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی ئایسکرێمەکە بەکار هاتووە. ئەو دەبەیە کە پێکهاتەی شیریشی تێدایە لە پلەی گەرمیی سەرووی ٤٠ هەر لە پشتەوەی ماتۆڕەکە داندراوە و هەر کاتێک ئایسکرێمەکە لەناو بەفرگرەکە تەواو بوو ئەوا دەبەکەی تێ دەکرێت و بۆ ئەوەی بۆ ئایسکرێم بگۆڕدرێت.
ئەو دەبەیە ئەگەر بۆ ١٠ خولەکیش لەو گەرمایەدا بمێنێتەوە ئەوا تێک دەچێت و بۆن دەگرێ ئەمە جگە لەوەی کە دەستی فرۆشیارەکان لە پێشکەشکردنی بەرهەمەکە خاوێن نییە و تەنانەت پەنجەوانە لەدەست ناکەن و دوای وەرگرتنی پارە کە سەرچاوی باکتریایە، ئایسکرێمەکە بە منداڵان دەدەن.
دەکرێ ئەمە ببێتە هەلی کار بۆ گەنجان و ڕەچاوی دۆخی ئابووری گەنجان بکرێت بەڵام دۆخەکە ئەوە دەخوازێت لە چوارچێوەی ڕێنمایی و رڕێکاری تەندروستی و چاودێری بنکە تەندروستییەکانی گەڕەک بفرۆشرێت و هەر کەسێک رێنماییەکانی جێبەجێ نەکرد سزا بدرێت چونکە تەندروستیی کۆمەڵگا لە هەلی کار گرنگترە.