لە ئەمەریکا خەڵاتی ‘رووناکترین مێشک’ بە پزیشکێکی کورد دەدرێت

پزیشکێکی کورد لە ئەمەریکا خەڵاتی ‘رووناکترین مێشک’ وەردەگرێت و دەڵێت، ویستوویەتی خزمەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات و وێنەیەکی جوانی گەلی کورد پیشانی جیهان بدات.

د. ئارام گەڵاڵی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە نەخۆشی شێرپەنجە لە ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، “لە ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستی بووم لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە؛ بە شێوەیەک کاتێک شێرپەنجە لە لەشی نەخۆشەکەدا بڵاوبووەتەوە و نەخۆشەکە لاواز بووە و ئێمە هەوڵبدەین بۆ دۆزینەوە دەرمانی نوێ بۆ ئەو نەخۆشە، بۆیە خەڵاتێکی ساڵانە کە زانکۆی هارڤارد دەیدات، پێم بەخشرا”.

ئەو کەسەی خەڵاتەکە وەردەگرێت، وەکو ئەوە دکتۆر ئارام گەڵاڵی باسی کرد، پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام لێکۆڵینەوە لە باشترین زانکۆکانی جیهان ئەنجام بدات و پێشتریش بەرهەمی هەبووبێت و پێویستە ئەو بابەتانەی لێکۆڵینیەوەیان لەسەر دەکرێت، زۆر گرنگ بن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا.

ئەو پزیشکە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو کارەی کردوومە بەمەبەستی خزمەتکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بووە و ویستوومە وێنەیەکی جوانی کورد پیشانی جیهان بدەم، چونکە ئێمەش بەشێکین لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەستێکی زۆر خۆشە بۆ من کە خەڵاتەکەم وەرگرتووە”