لە هەرێمی کوردستان 135 نەخۆشخانە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش دەکەن

ژێرخانی تەندروستیی هەر وڵاتێک گوزارشت لەو توانا مرۆیی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییانە دەکات کە هەن و بە پێی ژمارەى دانیشتووان و نەخۆشانى ئەو وڵاتە دەپێورێن.

رێکخراوى تەندروستیی جیهانی، چەند پێوەرێکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ژێرخانە تەندروستییانەی وڵاتان دیاری کردووە، کە بریتین لە، ژمارەى دامەزراوەکانی چارەسەرکردن بە نەخۆشخانە و بنکە و سەنتەرە پزیشکییەکان، تێکڕاى دانیشتووان بەرامبەر بە ژمارەى پزیشک، تێکڕاى دانیشتووان بۆ پزیشکانی ددان، ژمارەى قەرەوێلە بەردەستەکان بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش، ژمارەى پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی و ئامێرە تەکنەلۆژییە پزیشکییەکان.

فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوی کردووەتەوە، بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان، 135 نەخۆشخانە هەیە، کە 52 نەخۆشخانەی ئەهلی و 83 نەخۆشخانەی حکوومییە، هەروەها هەزار و 47 بنکەى تەندروستی هەیە، کە 16% بنکەکان دەکەونە شارەکان، لە 32% دەکەونە قەزاکان و لە 11%  دەکەونە ناحیەکان و 41% لە گوندەکانن، بەوەش رێژەى هەرە بەرزی بنکە تەندروستییەکان، کە خزمەتگوزاریی گونجاویان تێدا پێشکەش دەکرێت و فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکەنەوە، کەوتوونەتە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان.

لە بارەى ژمارەى قەرەوێلەى ئامادەکراو بۆ مانەوەی نەخۆشەکان، کۆی گشتیی قەرەوێڵەى بەردەست، 11 هەزار و 147 قەرەوێڵەن، کە هەشت هەزار و 179 یان لە کەرتی حکومیدانە و دوو هەزار و 968 قەرەوێڵەی لە کەرتی تایبەتدان، بەمەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان بۆ ژمارەى قەرەوێڵە بەرامبەر ژمارەى دانیشتووان، لە پێش عێراق و سووریا و ئوردن و ئێران و بەحرێن و قەتەرەوەیە.

لە بارەى ژمارەى پزیشکەکانەوە، کۆی ژمارەى پزیشکەکان لە هەرێمی کوردستان حەفت هەزار و 871 پزیشکە. کە لە دابەشبوونیان بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش عێراقەوەیە.

لە رووی کۆی پزیشکانی ددانیش بۆ هەر 10 هەزار کەسێک،  هەزار و 464 پزیشکی ددان هەیە، بەمەش لە پێش وڵاتانی ئێران و سعوودیەوەیە، بۆ ژمارەى پەرستارانیش هەرێمی کوردستان خاوەنی 22 هەزار و 147 پەرستارە، کە رێژەى هەرە بەرزیان کچ و ژنن و لە دابەشکردنیدا بۆ سەر هەر 10 هەزار کەسێک، لە پێش لوبنان و سووریاوەیە.

کۆى گشتیی ئەو ئامێرە ستراتیژییە پزیشکییانەى لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەن و لە کاردان، شەش هەزار و 177 ئامێرن و بەردەوامیش لە زیادکردندان.

لە کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئاستێکی باشتر لە رەزامەندیی خەڵک بۆ کەرتی تەندروستی هەیە، ئەوەش بە پێی ئەو داتایەى کە لە ساڵی 2022، نزیکەى 14 ملیۆن و 499 هەزار و 152 سەردان بۆ بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان و سەنتەرى پسپۆڕی و فریاکەوتن و نۆرینگەى راوێژکاریی بەیانیان و ئێواران کراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەو ساڵەدا، 232 هەزار و 532 نەشتەرگەریی جۆراوجۆرى سەروو گەورە و گەورە و ناوەند و بچووک لە پسپۆڕیی جیاجیادا کراون و ئەمەش رۆڵی هەبووە لەوەى چارەخوازان کەمتر روو لە دەرەوەى کوردستان بکەن و خەرجی زیاتریان نەڕوات.

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری بارودۆخی تایبەتی دارایی و پەتاى کۆرۆنا، هەوڵی زۆرى داوە ژێرخانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە و لەو کارنامەیەشدا ئامانجییەتی هێز و توانا و پێگەى دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرتی حکومی زیاتر بەرز بکاتەوە، تاکوو بگاتە ئاستێکی نزیکی پێوەرى جیهانی.

ھەواڵی زیاتر