شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ مەتۆلکە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

دكتۆر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن پسپۆڕی نه‌خۆشیی منداڵان و منداڵه‌ ناكامه‌كان ڕوونی دەكاتەوە كە شیری دایک بۆ جه‌سته‌ و مێشك و گه‌شه‌ی منداڵ به‌سووده‌، هاوكات گرنگییەکی تایبەتیشی هه‌یه‌ بۆ دایكه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك شیردانی سروشتی سوودی هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێنەچۆڕەی دوای زایین، دایك ده‌پارێزێت له‌ قه‌ڵه‌وی، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شی دایك بۆ باری سروشتی به‌ر له‌ دووگیانی و دایك ده‌پارێزێت له‌ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و هێلكه‌دان.

کاتێک منداڵ شیری دایک دەخوات دوو جۆر هۆرمۆن چالاک دەبن؛ ئۆکسیتۆسین و پرۆلاکتین؛ ئەم هۆرمۆنانە سوودبەخشن بۆ ئارامکردنەوەی منداڵەکە و دایکەکە.
سوودی شیردانی کۆرپە بۆ دایک:

  • شیردانی سروشتی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی خوێنەچۆڕەی دوای زایین و، پاراستنی دایك لە كەمخوێنی.
  • دووگیانکەوتنەوە دوا دەخات.
  • دایك دەپارێزێت لە قەڵەوی، هەوەها گەڕانەوەی لەشی دایك بۆ باری سروشتی بەر لە دووگیانکەوتن.
  • دایك دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان.

زیانەكانی گرتنەوەی ژەکی دایك لە ساوا:

  • ئەگەر منداڵ لە ماوەی كاتژمێری یەكەمی لەدایكبوونیدا شیری دایكی وەرنەگرێت، ئەوا بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی ژەک كە زۆر بەسوودە بۆ ساوا. ژەك جۆرێكی تایبەتی شیری سروشتییە كە لە چەند رۆژی یەكەمی دوای لەدایكبوونی ساوا دروست دەبێت و شیرێكی خەستە و ڕەنگی زەردە؛ پاش چەند ڕۆژێك ئەو ژەكە دەبێتە شیری سروشتی.
  • دواكەوتنی دەستكردن بە شیردانی سروشتی هەلی تووشبوون بە هەوكردنەكان و مردنی تازەلەدایكبووان زیاتر دەكات.
  • دایك لە كاتژمێری یەكەمی منداڵبووندا بەئاگایە، بۆیە لە توانایدا هەیە شیری خۆی بدات بە ساواكەی، پاشان تۆزێك بحەسێتەوە و دەربازی بێت لە ئازاری منداڵبوون.
  • منداڵ لە سەعاتی یەكەمی لەدایكبوونیدا چالاكە و ئارەزووی شیرخواردن دەكات، بۆیە دواخستنی كرداری شیردان بە ساوا ئەم حەزەی لا كەم دەكاتەوە و ساوا بە مەمكی دایكیەوە نالكێت.
  • دواكەوتن لە پێدانی شیری دایك ئەگەری دواكەوتنی وێڵاشی هەیە و، خوێنەچۆڕەیش زیاد بكات.

ئەو خۆراكانەی شیری دایك زیاد دەكەن:
شیری دایك تەنیا بە خواردنی باش زۆر دەكات؛ ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی دەروونیی دایك لەسەر زۆر و كەمداگەڕانی شیرەكەی گرینگی زۆری هەیە.

شیری دایک بەو خۆراكانە زیاد دەکا:

  • میوە و سەوزە كاریگەری باشی هەیە بۆ ئەوەی شیری دایك زیاد بكات، هەربۆیە وا باشە دوای نانخواردنی ئێواران میوە و سەوزەیەکی باش بخورێت بۆ ئەوەی بۆ شەو شیرێكی زۆر ئامادە بێت بۆ ساواكە.
  • ئاو و دۆ، لەو خواردنەوانەن كە زۆر خێرا شیری دایك زۆر دەكەن و ئەوەش بە تایبەتی شەوان پێش خەوتن، دەبێ دایك چەند پەرداخ ئاو یان دۆ بخواتەوە.
  • لەگەڵ قازانجی زۆری ئەو خواردنە ساكارانە بۆ سەر شیری دایک، خورادنی بەردەوامی گۆشتی ماسی، هێلكە و دانەوێڵەی وەك نیسك و نۆك، برنج و پەتاتەش دەتوانێ شیری دایك زۆر بكات.
ھەواڵی زیاتر