بە دروشمی “شیردانی سروشتی ژیان ڕزگار دەكات” ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی یادی ڕۆژی جیهانی شیرپێدانی سروشتی دەكاتەوە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

شیرپێدانی سروشتی یەکێکە لە باشترین ڕێگاكان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کۆرپە، باشترکردنی گەشەسەندنی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تاک و کۆمەڵگا؛ بۆیە لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا ساڵانە یادی شیرپێدانی سروشتی بەڕێوەدەچێت، بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردن و پاڵپشتیکردنی شیرپێدان، ئەمەش ژینگەیەکی گونجاو بۆ کۆرپە و منداڵان دروست دەکات بۆ باشترکردنی شێوازی خۆراکدانیان لە کاتی ئاسایی و لە حاڵەتە نائاساییەکاندا؛ بۆ دڵنیایی لەوەی کە پێداویستییە خۆراکییەکانیان دابین دەکرێت.

شیرپێدانی دایک پەیوەندی نێوان دایک و کۆرپە بەهێز دەکات و یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنەچۆڕە دوای زایین، هاوکات یارمەتی گەڕانەوەی منداڵدان دەدات بۆ قەبارەی ئاسایی خۆی، هەروەها شیرپێدان ڕێگرییەکی سروشتییە بۆ دووگیانی و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشینی شەکرە و شێرپەنجەی هێلکەدان.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە کۆرپە لە ماوەی سەعاتی یەکەمی لەدایکبوون شیری دایکی پێ بدرێت؛ هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت ئەو شیردانە بەردەوام بێت تا شەش مانگی یەكەمی تەمەنی و، دوایی لەگەڵ خۆراكی تەواوكاریشدا تا تەمەنی دوو ساڵ پێویستە دایكەكە بەردەوام بێت لە شیردان بە کۆرپەکەی.
هه‌فته‌ی جیهانیی شیری دایك هه‌موو ساڵێك له‌ 1-8 بۆ 7-8 رێک دەخرێت وه‌ك په‌یامێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ له‌ باره‌ی سووده‌ سرووشتییه‌كانی شیری دایك هه‌م بۆ منداڵه‌كه‌ و هه‌م بۆ دایكه‌ شیردەرەکە‌.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمیش بە نیازە بۆ یادی ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی پێشوو چەندین ڕێنمایی تەندروستی بە دایكان بدات و هانیان بدات بە پێدانی شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان.
کاتێک منداڵ شیری دایک دەخوات دوو جۆر هۆرمۆن چالاک دەبن ئۆکسیتۆسین و پرۆلاکتین، ئەم هۆرمۆنانە سودبەخشن بۆ ئارامکردنەوەی منداڵەکە و دایکەکە، هەتا منداڵ شیری دایک بخوات رێژەی شیرەکەشی زیاتر دەبێت، هەروەها یارمەتی رەحمی دایکەکە دەدات کە بچێتەوە شوێنی خۆی دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن باشتر وایە منداڵەکە بە ویستی خۆی شیری دایکەکە بخوات و مەمکی دایکەکە بەرنەدات، هۆشداریش دەدەن لەوەی لانی کەم دەبێت شەش مانگی سەرەتای تەمەنی کۆرپەلە شیری دایکی بخوات.
دكتۆر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن پسپۆڕی نه‌خۆشیی منداڵان و منداڵه‌ ناكامه‌كان ڕوونی دەكاتەوە كە، پێویسته‌ دایكان شیری خۆیان بده‌ن به‌كۆرپه‌كانیان، تا شه‌ش مانگیش شیری دایك به‌ ته‌نیا به‌سه‌ بۆ منداڵ، ده‌توانی له‌ دوو ساڵی شیری دایك و خۆراكی تر بدرێ به‌ منداڵه‌كه‌، به‌ڵام باشتره‌ شیری دایك پشتگوێ نه‌خرێت و گرنگی پێ بدرێت.

ھەواڵی زیاتر