د. هانا جەلال:لە كاتی كەمجووڵەیی نەمانی جوڵەی كۆرپە دایكی دووگیان پێویستە سەردانی پزیشك بكات

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

خانمان له‌ ماوه‌ی‌ دووگیانیدا، ئافرەتانی دووگیان گۆڕانكاری له‌ دۆخی ده‌رونیان ڕووده‌دات، چەند نیشانەیەك و ئاماژەیەك هەیە پێویستە ئافرەتان تەندروستی خۆیان و كۆرپەكەیان لە بەرچاو بگرن و سەردانی پزیشك بكەن.

ڕوونە كە نۆ مانگی دووگیانی ماوەیەكی هەستیارە و پێویستە ئافرەتان وورتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن. د.هـانـا جەلال ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی جەخت دەكاتەوە كە هەندێك دۆخ دێتە پێشەوە بۆ ئافرەتانی دووگیان پێویستە تێیدا لە كاتی هەستكردن بەم نیشانانە خۆیان پشتگوێ نەخەن، و سەردانی پزیشك یان نەخۆشخانە بكەن: هەر كاتێك ئافرەتی دووگیان هەستیكرد كە لە لایەكی سكی ئازاری هەیە و ئەو ئازارەش ئەگەر بێت و خوێنی لەگەڵ بێت یانیش لەگەڵی نەبێت لەم دۆخەدا پێویستە سەردانی پزیشك بكات و ئازارەكە پشتگوێی نەخات، خوێنبەربون، بەشێكی ئافرەتانی دووگیان ڕوو بەڕووی ئەم دۆخە دەبنەوە و خوێن بەربوونیان دەبێت بەتایبەتی ئەگەر خوێنبەربونەكە زۆربێت، رەنگە نیشانەی لەبارچونی كۆرپەكەبێت و پێویستی بە دڵنیا بوونەوە هەیە كە پزیشك پشكنینی بۆ بكات. نەمانی جووڵەی كۆرپە یانیش كەمجووڵەیی لە نێو سكی دایك، هەندێكجار بەهۆی ئەوەیە كە منداڵەكە خەوتووە، لە هەمان كاتدا دەكرێت نیشانەی ئەوە بێت ئۆكسجینی پێویست بە منداڵەكە ناگات، باشترە سەردانی پزیشك بكەیت و دڵنیا بیتەوە.
یەكێكی تر لەو نیشانانەی كە پێویستە ئافرەتانی دووگیان پشگوێی نەخەن سەرئێشەی زۆرە، دەكرێت نیشانەی بەرزی پەستانی خوێنت بێت، ئەگەر دڵ تێكەڵهاتن، بەرچاولێڵی، ئازاری گەدە یان ئازاری شان و بەشی خوارەوەی پشتی لەگەڵ بوو سەردانی پزیشك بكە، یانیش كرژداگەڕانی ماسولكەكانی قاچ دەكرێت نیشانەی مەیینی خوێن بێت، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتی بو ئاساییە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر مایەوە و لەگەڵ ئەوەشدا قاچت تووشی ئاوسان بو، باشترە پەیوەندی بە پزیشكەوە بكەیت و پشكنینت بۆ بکرێت.