وەزیری تەندروستی:هەر دەرمانێک ستیكەری پێوە نەبێت بە نایاسایی و قاچاخی لەقەڵەم دەدەین

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند سەرجەم دەرمانخانەكان لە هەرێمی كوردستان ئاگادار كراونەتەوە كە مامەڵە بەهیچ جۆرە دەرمانێكی بێستیكەر (بێبەرچەسپ)ـەوە نەكەن.

وەزیری تەندروستی گوتیشی: بۆ ڕێگری لە دەرمانی قاچاخ، ستیكەر (بەرچەسپ)ـی نوێیان چاپ كردووە و، ئێستا كار بەو جۆرە ستیكەرە دەكرێت؛ هەروەها هەر دەرمانێکیش ستیكەر و بەرچەسپی پێوە نەبێت ئەوا بە قاچاخ و نایاسایی لەقەڵەمی دەدەن و لە هەر دەرمانخانەیەكدا دەستی بەسەردا بگیرێت ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.
د. سامان بەرزنجی گوتیشی: کۆبوونەوەی فراوانیان کردووە لەگەڵ سەرجەم دەرمانسازانی خاوەن مۆڵەتی دەرمانخانەدا، بەمەبەستی خستنەڕووی ڕێکارەکانی چاکسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی و هێنان و بردن بە ڕێگای فەرمی و چەسپاندنی سیستەمی نوێی نرخ و کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە دەرمانی نایاسایی و نافەرمی.