نیشانەکانی تاوبردن و خۆربردوویی

لەبەر هەڵکشانی پلەی گەرما بە تایبەت لەم چەند ڕۆژەدا، هەندێک کەس دۆخی تەندروستییان تێک دەچێت و، دووچاری چەند حاڵەتێكی تایبەت دەبن، بە تایبەت خۆربردوویی.

پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە هەندێكجار ئەو گەرمایەی لەگەڵ كەشوهەوای هاویندا پەیدا دەبێت، وا لە جەستەی مرۆڤ دەکا نەتوانێ پلەی گەرمای خۆی رێك بخات و كاتێك پلەی گەرمای لەش لە 40 پلەی سەدی تێدەپەڕدەێت، تێكچوونێك لە مێشكدا پەیدا دەبێ كە پلەی گەرمای لەشی پێ بەرزەفت ناكرێ و كار دەکاتە سەر سیستمی سووڕی خوێن و مێشک.
ئەگەر خۆربردوویی زوو چارە نەكرێ، كێشەی تەندروستیی لێ دەكەوێتەوە و سەر دەكێشێ بۆ حاڵەتێكی تەنگەتاوی تەندروستی كە پێی دەگوترێ جەڵتەی گەرم.

نیشانەكانی خۆربردن و خۆربردوویی:
ژانەسەر و ماسوولكەئێشە، دڵتێكهەڵاتن، سەرەگێژە، تینوویەتی، بێهێزی، تا، ئارەقەكردنی زۆر، كەمبوونەوەی میز و تۆخداگەڕانی رەنگەكەی، دڵەکوتە.

ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان زۆرە:
1- منداڵ و پیر و بەساڵاچوو
2- ئەوانەی نەخۆشینی وەكو شەكرە، دڵ، هەناسە و گورچیلەیان هەیە.
3- ئەوانەی سكچوون و بەلەفیڕکە و تادارییان هەیە.
4- کەسانی قەڵەو
5- خەڵکی شارنیش (شارنشین)
6- ئەوانەی كار و مەشقی قورس دەكەن، وەك سەرباز و وەرزشوانان.

چارەسەر:
1- چوونە بەر سێبەر و خۆ دانە بەر هەوای فێنككەرەوە
2- داكەندنی جل
3- بەكارهێنانی خاولیی تەڕ
4- ئاوخواردنەوەی زۆر
5- پاڵكەوتن و قاچ بەرزكردنەوە
د. زانا ئه‌حمه‌د پزیشكی هەناو و شارەزای خۆراكی بێوەی، ڕوونی دەكاتەوە كە: پێویستە لە كاتی گەرمادا تا بتواندرێت خۆمان لە تیشكی خۆر بپارێزین هەروەها ئاو زۆر بخۆینەوە و قاوە و چا كەم بكەینەوە؛ لە كاتی هەڵکشانی پلەی گەرما خۆمان بپارێزین لە خۆدانە بەر تیشكی خۆر؛ ئەوانەی مەی دەخۆنەوە خۆیان بەدوور بگرن لە مەیخواردنەوە. هەروەها جلی تەنك و بەرین و رەنگ كاڵ بپۆشین و كڵاو یان چەتر بەكار بهێنین، بایەخ بە خۆشوشتن بدرێت.
لە كاتی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو یان خۆربردندا كە كەسەكە پێویستی بە نەخۆشخانە هەبێت ئەوا دەکرێت پەیوەندی بە ژمارەی فریاگوزاریی تەندروستی، 122ـەوە بكرێت