د. تەرزە عەلی: هەندێ سكچوون نیشانەی نەخۆشکەوتنە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

منداڵ ناسکە و وەکو گەورەساڵان بەرگەی گەرما ناگرێ؛ گەرمای لەڕادەبەدەر دەبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و هەندێک جار نەخۆشی؛ بۆ پاراستنی منداڵان لە نەساغی و نەخۆشی، خاتوودکتۆر تەرزە عەلی چەند ئامۆژگارییەک بۆ دایكان و باوكان دەخاتە ڕوو.

د. تەرزە عەلی پزیشكی نەخۆشییەكانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی كەشوهەوا ڕێخۆشكەرە بۆ دەرکەوتنی زیاتری بەكتریا و ڤایرۆسی جۆراوجۆر؛ سکچوون و رشانەوە، نەخۆشینێکی باوی هاوینان و وەرزی گەرمایە؛ سكچوون و رشانەوە، چەند هۆكارێكی هەیە؛ هەندێ ڤایرۆس و بەكتریای هاوینان، منداڵ پێی نەخۆش دەكەوێت و تووشی هەوكردن دەبێت.
هەروەها یەكێكی تر لەو نەخۆشیانەی كە لە وەرزی هاویندا زۆر بەربڵاوە گەرمابردنە؛ زۆر جار منداڵ دەچنە دەرەوە و بەر گەرما. هەوكردنی بۆری هەناسەش یەكێكی ترە لەو نەخۆشیانەی كە لەم وەرزەدا هەستی پێ دەكرێت.
هەروەها حاڵەتی پێوەدانی هەنگ و دووپشک و ماریش هاوینان زیاترە؛ گرنگە دایكان بەرچاوڕوون بن کە لەو حاڵەتانەدا چی بكەن و كەی بیەنە لای پزیشك یان نەخۆشخانە.

چ كاتێك سكچوون پێویستی بە چارەسەرە؟
هەروەك باسمان كرد هەندێ جار سكچوون بە هۆی ڤایرۆس و بەكتریاوەیە؛ جاری وايش هەیە خواردنی خۆراکی كەڕووگرتە یان پەیرە (ئێکسپایەر و ماوەبەسەرچووگ) دەبێتە هۆی سکچوون.
ئەڵبەت هەموو رەوانی و سكچوونێک، نەخۆشی نییە؛ هەندێك حاڵەتی سکچوون ئاساییە و هەندێكیش پێویستی بەوەیە پزیشك بیبینێت و چارەسەری بكات و، نەخۆشەکو لە نەخۆشخانە بخوێندرێت؛ ئەمەش بە گوێرەی نیشانەكان بڕیاری لە بارەوە دەدرێت، چونكە هەندێك حاڵەت هەیە كە پزیشک تەنها رێنماییەکی سەرپێیی بە دایكەكە دەدات كە شلەمەنی بداتە منداڵەكەی، هەتا لە وشكداگەڕان بیپارێزێت؛ بەڵام ئەگەرهاتو حاڵەتەكە لەوە زیاتر تێپەڕ بكات، بۆ نموونە ئەگەربێتو پلەی گەرمای لەشی بەرز بێت و رشانەوەی بەردەوامی هەبێت و رەنگی ڕشانەوەکە بگۆڕێ، ئەوکات پزیشک رێگای دیکەی بۆ دەگرێتە بەر.

منداڵان چ كاتێك گونجاوە بچنە كۆڵان بۆ یاریكردن؟
د. تەرزە عەلی: منداڵان حەزیان لە یاری و تێكەڵاوییە؛ لە سەعات ٩ـی بەیانیان ئەوە هەتا ١٠:٣٠ خولەک، گشت کاتێکی گونجاوە، بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ تیشكی خۆر لێیان نەدا؛ دەمەوئێوارانیش لە سەعات شەشەوە تا حەوت گونجاوە، بەڵام لە كاتی گەرمای نێوەڕۆ یاندا هەتا دەکرێ با نەچنە بەر هەتاو.

دایک و باوک چۆن پارێزگاری لە منداڵەکەیان بکەن لە وەرزی گەرمادا؟
د. تەرزە عەلی: ئامۆژگاری دایكان دەكەین لەم وەرزەدا پێویستە بە پێی پێویست لێ بنرێ؛ واتە هەر بەشی ژەمێکی ماڵەوە بکا و خواردن نەمێنێتەوە، چونكە ئەگەر خۆراک مایەوە لەوانەیە كەڕوو بدا؛ هەروەها ئەگەر منداڵێک نەخۆش کەوت، منداڵەكانی تر كەلوپەلی نەخۆشەکەی بەكار نەهێنن و منداڵە نەخۆشەكە دوور ڕابگیرێت لەوانی تر؛ هەروەها هەوای سپلیت و موبەریدە نابێ لەڕادەبەدەر سارد بێ؛ لە كۆتاییشدا جەخت دەكەمەوە لەوەی كە خۆیان لە خواردنی سەربەتاڵ بپارێزن.