له‌ كاتی داکەوتنی په‌تای ڤایرۆسیدا، پیران چاودێریی زیاتریان دەوێ

لەم چەند ساڵەی دواییدا پەتای جۆراوجۆر داکەوت، دیارترینیان پەتای كۆرۆنا بوو، هەروەها ناوبەناو گوێبیستی داکەوتنی پەتای دیكە دەبین، كە هەندێك لە پەتاكان پەیوەندییان بە گۆڕانی كەشوهەواوە هەیە و هەندێكیشان پەیوەندیان بە وەرزەوە هەیە.

د. ڕێباز هه‌مزه‌ سارمه‌می پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو ڕوونی دەكاتەوە كە ئێستاکە په‌تای ڤایرۆسی (جۆراوجۆر) بڵاو بۆته‌وه‌، ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و كه‌سانه‌ بین كه‌ سەخت تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ دەبن و له‌وانه‌یه‌ ژیانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
د. ڕێباز هه‌مزه‌ سارمه‌می دەربارەی گروپە بەرمەترسییەکان كە پێویستە پارێزگارییان لێ بكرێت و ئاگاداری باری تەندروستییان بن، ڕوونیدەكاتەوە كە:
1- ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ی (60) ساڵانەوەن.
2- ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشینی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ (شه‌كره‌، نه‌خۆشینی دڵ، خوێنپەستان، په‌ككه‌وتن یان هه‌وكردنی درێژخایه‌نی سیپەلاک، په‌ككه‌وتی گورچیله‌، كێشه‌ی جه‌رگ یان ئه‌وانه‌ی شێرپه‌نجه‌گرێیان هه‌یه‌).
3- ئه‌وانه‌ی به‌رگەی له‌شیان لاوازه‌، ئه‌وانه‌ی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ وه‌رده‌گرن، چاره‌سه‌ری كیمیایی، ئه‌وانه‌ی چاره‌سه‌ری كۆرتیزۆن به‌شێوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ی چاره‌سه‌ری چاندنی گورچیله‌ یان جگه‌ر وه‌رده‌گرن، یان ئه‌وانه‌ی له‌ زکماكه‌وه‌ به‌رگەی له‌شیان جیاوازه‌.
4- ئه‌وانه‌ی قه‌ڵه‌ون (BMI) زیاتر له‌ 30.
5- ئافره‌تی دووگیان.
6- ئه‌وانه‌ی كه‌ زۆر جگه‌ره‌ ده‌كێشن.