د. تارا عەلی بابان: میوەی زیادە، باش نیە بۆ منداڵ

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

بەشێكی زۆری خێزانەكان میوە وەك جێگرەوەی ژەمێكی خۆراكی دەدەنە منداڵەكەیان؛ بەڵێ پزیشكان بە پێویستی دەزانن كە منداڵ ڕۆژانە میوە بخوات بەڵام نابێ میوەی زیادیشی دەرخوارد بدرێت.

د. تارا عەلی بابان پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە كە دەبیستین دایکان ڕۆژانە بڕێکی زۆر میوە دەدەن بە منداڵەکەیان (واتە لە دوو جار زیاتر)؛ هەندێک جار بە بیانووی ئەوەی منداڵەکە نان ناخوات، میوەی دەدرێتێ لە بری ژەمەکە.

د. تارا عەلی بابان دەشڵێت: میوە خواردنێکی بێوەیە و پێویستە ڕۆژانە بدرێت بە منداڵ؛ میوە بڕێکی زۆر نیشاستە، ڤیتامین، کانزا و ڕیشاڵی تێدایە، بەڵام چەوری و پڕۆتینێکی وای تێدا نیە، کەچی ئەو دوو ماکەیش زۆر پێویستن بۆ گەشەی منداڵ. لەبەر ئەم هۆیە ئەگەر میوە لە دوو جار زیاتر بدرێت بە منداڵ یان لە بری ژەمەکان بدرێت پێی، ئەبێتە هۆی بەدخۆراکی و کار دەکاتە سەر گەشەی منداڵەکە.
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە میوە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین، کانزا، ڕیشاڵ و دژەئۆکسان، بەری چەندین نەخۆشینی جۆراوجۆر دەگرێ. لە هاویناندا پێویستە ئەم جۆرە میوانە بدرێت بە منداڵ:
شووتی (شفتی یاخود شامی یاخود هەنی): ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە و بەرگریی جەستە بەهێز دەکات؛ ناهێڵێ جەستەی منداڵ وشک داگەڕێ.
هەنجیر: پڕە لە ڕیشاڵ؛ یەکێکە لەو میوانەی سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە هەیە.
سێو: پڕە لە (کالیسیۆم، ڤیتامین بی، ڕیشاڵ، پۆتاسیۆم) بەرگریی جەستەش بەهێز دەکات.
د. تارا عەلی بابان جەخت دەكاتەوە كە زۆر گرنگە میوە وەک بەردڵخستن (سووکەژەم)ێک بدرێت بە منداڵ، بەڵام نابێتل لە بری ژەمی سەرەکی بدرێت پێی؛ چونکە تێری دەکات و وای لێ دەکات تەنها ئەو خواردنانە بخوات کە شیرینە و، دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەدخۆراکی و دواکەوتنی گەشەی.